30/05/2021
وتار و خیتابی سیاسی پارتی سیاسی بە پێی پێگە و هەڵوێستی سیاسی سەبارەت بە ململانێ و بەرژەوەندییە سیاسییەکان جێگیر و نەگۆر نییە، هەمیشە هەر وابووە، لە نێوان ستراتیژیەت و تەکتیکدا پانتاییەک هەیە کە ئیدارەدانی پێویستی بە کارامەیی تەکنیکی و توانای سیاسی و تەنانەت کارگێری هەیە کە بتوانێت خیتابێکی سیاسی جیاواز لە پێگەیەکی سیاسی و لە ماوەیەکی کەم و کورتدا بێنێتە کایەوە، بە مەرجێ لە بنەما جەوهەرییەکانی پرۆگرامی سیاسی دوور نەکەوێتەوە.
لە ئەرکە سەختەکان، بەڵام کردەکان، تێپەراندنی ئەو سنوورانەیە کە لە نێوان رەخنەی سیاسی لە پێگەی ئۆپۆزیسۆنەوە بۆ ناو حکومەت و ئەوانەی لەناو حکومەت دا بۆ حکومەت دەکرێت. دەگمەنن ئەو کەسانەی کە دەتوانن رەخەنەکانی ناو پرۆسەی حکومرانی بکەنە درێژکەرەوەی رەخنە سیاسییەکانیان ئەو کاتەی کە لە ئۆپۆزیسۆنەوە دەبنە بەشێک لە دامەزراوە فەرمییەکان. لە سەنگەری ئۆپۆزسیۆندا، رەخنەی سیاسی لە باشترین دۆخدا لە هاواڕێکی حەق زیاتر تێپەر ناکات، بەڵام لە حکومەتدا ئەم هاوارە رووبەرووی بەرپرسیاریەتی و پابەندبوون بە بنەمای بەرنامەی سیاسی و یاساییە بۆ تەرجەمەکردنی هاواری حەق بۆ پرۆگرام و پرۆژە و کاری راستەقینەی سیاسی. لێرەدا تواناکان تاقی دەبنەوە.
کام ئەرک قورسترە؟ من لەو بڕوایەدام ئەوەی دووەمیان ئەرکێکی قورسترە لەبەر چەندان هۆ؛ یەکەمیان تاچەند راستگۆیی لەگەڵ سەرەتاکانی بەرنامەی سیاسی دەردەکەوێت و دووەم تا چەند توانای تەکنیکی بۆ هێنانەدی گۆرانکاری لەبەرنامەکەدا شان بەشان بەو پەرەسەندنانەی کە روودەدەن تاقیدەبنەوە و سێهەم تاچەند پەیرەوکردنی نەخشەیەکی واقیعبینانە بۆ رێکخستنەوەی نەخشە سیاسییەکە یاخود ئەوەی بە پلانی گەڵاڵەکراو "تراکمی" ناسراوە لە کاری حکومەتدا دەبێتە پێویستی.
پرسیاری سەرەکی کە دەبێت بکرێت ئەوەیە توانا بۆ بەردەوام بوون لە رەخنەی سیاسی بە شێوازی جیاجیاوە لە کوێوە دێت؟ چۆن بینا دەکرێت؟ توانای شارەزابوون لە پێگەکان و رۆڵەکان و ئەرکەکان و پەیامەکان چۆن بینا دەکرێت؟ با هەندێ بە وێژدانەوە و لەسەرخۆ لەگەڵ چاوەڕوانییەکانی خۆمان سەبارەت بە تواناکانمان بڕوانین. سەرەتا با دان بەو راستییەدا بنین کە ئەم جۆرە لە توانای سیاسی بۆ دارشتنی رەخنەی سیاسی بەشێکە لە لێکۆڵینەوەکانی بواری پەیوەندییە سیاسییەکان یان ئەوەی بە زمانی ئینگلیزی باوە و بە “ Political Communications” ناسراوە، بێگومان ئەم بوارە لق و بواری زیاتری هەیە کە پەیوەندی بە میدیا و لۆبیکردنی سیاسی و شێوازی داڕشتنی پرۆگرامی سیاسییەوە هەیە.
کەسی کارامە بۆ ئەم بوارە لە زانکۆکانەوە ئامادە دەکرێت و راهێنانی پێدەکرێت. ئێمە کە لە زانکۆکاندا لەم جۆرە لە بواری خوێندنمان وەک پێویست بە زمانە زیندووەکانی دونیا نییە، هەر بۆیە پشت دەبەستین بە ئەزموونی ناو پارتە سیاسییەکان کە ئەوانیش خۆرسکانە هەوڵ دەدەن میکانیزم و شێوازە باوەکانی کارکردنی سیاسی فێرببن، لێرەدا خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخەکەدا دروست دەبێت، نەوەک توانایەک هەبێت گۆرانکاری لە کەلتوورە سیاسییەکە بکات، زۆرجار کارکردن لەناو ئەو کەلتوورە سیاسییەی کە هەیە کەسەکە رووبەرووی نامۆ بوون دەکاتەوە.
لە لێكۆڵینەوەکانی پەیوەندییە سیاسییەکان دوو کۆڵەکە هەن یەکەمیان بەکارهێنانی زمان لە رەوت “ Context” شیاوی خۆیدا، دووەم دارشتنی ناوەرۆکێک بۆ خیتابی سیاسی کە بەرجەستەی پێگەی سیاسی بکات، ئەگەر کەسەکە لە سەنگەری ئۆپۆزیسۆن یان لە بەرەی حکومەتەدا یان لە دەزگایەکی فەرمیدا کار بکات، دەبێت شارەزایی تەواوی لەم دوو بوارەدا هەبێت.
شێوازەکانی نووسینی رەخنەی سیاسی پارتە ئەوروپییەکان لە هەردوو سەنگەرەکەدا جیاوازە، زۆر بە ئاسانی سنوورەکانی هەردوو پێگەکە لە رێی زمان و شیوازی دەربڕینەوە دەستنیشان دەکرێت، لەبەرئەوەی دید و تێروانینیان بۆ ئاییندە مانفێست دەکرێت، بەداخەوە لای ئێمە زمان و شێوازی دەربڕینی سیاسی بە گشتی رەنگدانەوەی پێگە سەرەکییە و جەوهەرییەکە نییە و بەرجەستەکردنی ئاشکرای گەمێ سیاسییە لۆکەڵەکەیە، هەر بۆیە پێویستە شێوازی زمانی سیاسی و ناوەرۆکی خیتابی سیاسی لە دۆخی قوربانی قووتاربکرێت، ئەمە بەمانا پیشەییەکەی. ئەم دۆخە، لانی کەم، زیان بە کۆڵەکەکانی پرۆسەی سیاسی دەدات بەوەی کەس ناتوانێت پێگەی پارتێکی سیاسی بزانێت، ئایا لە ئۆپۆزیسیۆن یان لە حکومەتدایە. دووم زیان ئەوەیە کە خیتابی سیاسی لەرزۆک دەبێت و دوور دەکەوێتەوە لە ستراتیژیەتێک کە رەنگە پێشتر هەبوو بێت.
با زمانی سیاسی وەک نموونە لای خۆمان وەربگرین؛ پارتی سیاسی لە کوردستان پێویستی بەوەیە دەستەواژەیەکانی لە ئاییندەوە بخوازێت بۆ کارکردن و دارشتنی بەرنامەی سیاسی، بە مانای ئەوەی توانایەک لە ئاییندە وەربگرێت بۆ بیناکردنەوە، ئیتر دیل و بەندی رابردوو نەبێت، لە بری ئەو زمانە باوە و مردووە کە دەڵێت ئێمە 'نییمانە" یاخود " نەمانبووە" "نامانبێت" یان "شکستمان خواردەوە" یان "سەرکەرتوو نەبووین" کە من پێماوایە ئەم زمانە بۆ ئۆپۆزیسیۆنیش باوی نەماوە، دەبێت زمانێکی سیاسی دیکە بێتە ئاراوە کە خوێنەر هەست بکات زمانەکە و شێوازەکە بەسەر رووداوە سیاسییە تاڵەکان و ململانێ بێهوودەکان زاڵە. زمانێکی سیاسی نوێ وزەیەکی نوێ بە رەخنەی سیاسی ببەخشێت نزیک لە مەسەلە جەوهەرییەکان. وزەیەک بۆ گۆرینی ژینگە و میکانیزمی سیاسی و خیتابی سیاسی. بەداخەوە، ئەگەر شارەزای کەلتووری سیاسی دەرەوەی بازنە داخراوەکانی پرۆسەیەکی سیاسی داخراو نەبین، بێ ئاگایانە ئەوەی کە هەیە پراکتیزە دەکەین.
تکایە سەرنجێکی خێرا بە کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی بەغدا و کوردستان بدەن نموونەی زۆرمان دەست دەکەوێت، شێوازی دارشتنی کەیسە یاسایی و سیاسییەکان لە لایەن پارتە جیاوازەکانەوە زۆر بەئاشکرا لەم جۆرە لە زمان و ناوەرۆکی سیاسی پێوە دیارە. گرفتێکی زۆر زەق دیارە؛ کێ نوێنەرایەتی کێ دەکات؟ کێ لە کێشە سەرەکییەکانەوە نزیکە؟ کێ لە بەرنامە سیاسییە سەرەکییەکانەوە نزیکە؟ کێ سیاسەت دەکات و کێ وەک پەرلەمانتار رەفتار دەکات و مێژوویەک تۆمار دەکات؟ کێ خاوەنی رەخنەی راستەقینەیە بۆ دامەزراندنی کۆڵەکەکانی پەرلەمان؟
پوختەی قسە؛ ئەگەر وشیاری سیاسی بە رەوایی کەیسە یاسایی و سیاسییەکان هەبێت، ئەگەر کارامەیی تەکنیکی لە گوزارشتکردن لەو کەیس و پرسانەدا هەبێت، ئەگەر پابەندبوونی ئەخلاقی بە پرسە جەوهەرییەکانەوە هەبێت، ئەگەر شارەزای بنەماکانی پەیوەندییە سیاسییەکان بین، لە هەر بەرەیەک و سەنگەرێکدا بین ئەو توانا سیاسییە رەخنەییە بیناکەرە ئامادەیی دەبێت و هاواری حەق دەکاتە کردەیەکی رەوا.