ڤایرۆسی کۆرۆنا وەک پەیامی سیاسی و زانستی

26/03/2020

لاوک سەلاح

کوشندەترین و مەترسیدارترین چەک لە کاتی قەیراندا شۆڕکردنەوەی پەیامی سیاسی و زانستییە. ئەمە بەڕوونی لە پەیامەکانی ترەمپ و بۆریس جۆنسن دیارە، چ چای پەیامەکانی پەکین و مۆسکۆ. ئەگەر لە دۆخی یەکەمدا هەندێک راشکاوی هەبێت، لەوەی دووەمدا داپۆشینێکی دیاری زانیارییەکان بە ئاشکرا دیار بوو، بەتایبەتی لە سەرەتای قەیرانەکەدا، دواتر لە ژێر کۆمەڵێک فشاردا ناچار بوون زانیاری دەربخەن.

کە شانەی قەیران دروست دەکرێت و ئەرکەکان دابەش دەکرێن، لە ئەرکە قورسەکان چۆنێتی راگەیاندنی راستییەکانە، ئەمەش لەبەرئەوەی گۆڕانکارییەکان لە کاتی قەیراندا خێران و سەرچاوەکانی زانیاری زۆرن و گەمەی سیاسیی بە زانیارییەکان بۆ بەرژەوەندی سیاسیی جیاواز لە ئارادا دەبێت و هەلی قۆستنەوەی فرسەت دوور لە بەهای مرۆڤدۆستی بۆ مەرامی سیاسی نووستوو زیندوو دەبێتەوە، سەرباری ئەم راستییانەش کۆمەڵێک هۆکاری کەلتووری و کۆمەڵایەتیی و سیاسیی رۆڵ دەبینن لە داڕشتنی پەیامی سیاسی کە دواجار پەیامە زانستییەکە دەبێتە بەشێکی ئەو پەیامە سیاسییە.

پەیامە سیاسییەکانی ترەمپ، وەک نموونەیەکی سەرەتا وەرگرە، زۆر بە ئاشکرا هەست دەکەیت کە زانیاری ناکۆک دەبەخشێت، بەشێکی تەواوی پەیامەکە تۆمەت بەخشینە بە وڵاتی چین کە سەرچاوەی ڤایرۆسەکەیە، پەیامێک دەدات کە نەوەک هەر بۆنی رەیسیسمی لێدێت بەڵکو گرفتی هەیە لە بەکارهێنانی زاراوەکان وەک هەڵگری مانای بەرجەستەکراوی خۆیان. کە دەڵیت ئەم ڤایرۆسە چینییە رۆژنامەنووسان و دەنگدەران دەخاتە گومانێکی لەئەنقسەتەوە، لە کاتێکدا لە نۆرم و عورفی سیاسیدا ئەوەی کە تاو ئەوپەری توانا دەبێت هەبن ئەوەیە کە پەیامە سیاسییەکان دەبێت روون و ئاشکرا و راستگۆبن، کە بە هیچ شێوەیەک بوار بۆ گومان و لێکدانەوەی هەڵە و لە ئەنقەست نەمێنێتەوە. ئەگەر زیاتر لە پەیامە سیاسییەکانی وورد ببینەوە دیسانەوە بە ئاشکرا جۆرێک لە سووکایەتیکردن بە بەهای زانستەوە دەردەکەوێت، لەسەر ئەو راستییە زۆر سەرزەنشت کراوە. بۆ نموونە گاڵتەی بە ئامار و ژمارەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی دێت، بە بێ ئەوەی قسەکانی بسەلمێنێت، یان بەڵگەی هەبێت، هەروەها ئەگەر تێبینی پەیامەکانی بکەیت بە ئاسانی هەست بەو تۆنە ناسیونالیزمە دەکەیت کە شوێنی خۆی نییە.

بەداخەوە لێرەدا بواری ئەوەنییە باسی ئەوە بکەین کە ترەمپ بەر لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوودجەی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە زانسیتییەکانی کەرتی گشتی ئەمریکای کەمکردووەتەوە و زۆرێک لە زانایانی کەرتی گشتی وازیان لە کارەکانیان هێنا بوو بۆ کەرتی تایبەت، کار گەیشتووەتە ئاستێک کە هەندێ لە زاناکان دەڵێن باشترین شت بیکات ئەوەیە بێدەنگ بێت و قسە نەکات.

لە بریتانیا، رەخنەیەکی زۆر لە بۆریس جۆنسۆن دەگرێت هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم ڤایرۆسەوە، پەیامی بۆریس تێکەڵەیەک بوو لە هەڕەشە و لەوەی کە حکومەت دەستەوەستانە و ناتوانێت هیچ بکات و ئەوەی دەتوانێت کە بیکات پێشوازیکردنە لە هاتنی ڤایرۆسەکە، ئەوەی کە سیسمتی بەرگری باش بوو دەمێنێتەوە ئەوەی کە لاواز بوو ناتوانرێت هیچی بۆ بکرێت. بۆریس رەنگە راشکاو بووبێت لە دەرخستنی کاریگەری و مەترسی ڤایرۆسەکە، بەڵام سەرکەتوو نەبوو لە داڕشتنی پەیامێک وەک سەرکردەیەک کە دەخوازێت خەڵکەکەی بەرگەی شاڵاوەکە بگرێت، تەنانەت رەخنەی ئەوەیشیان لێگرت، کە ئامرازەکانی سۆشیال میدیای بە باشی بەکارنەهێنا بۆ ئەوەی پەیامێکی بەهێز و راشکاو و روون و راستگۆ بە خەڵک بگەیەنێت، هەروەها ئەو زانیاریانەی کە بۆریس جۆنسۆن وتبووی کە لە ماوەی ١٢ هەفتەدا پاکچی ڤایرۆسەکە دەنێرێت چەواشەکاری بوو. خاڵێکی دیکەش کە تێبینی کراوە ئەوەندەی پەیوەندی بە دوورکەوتنەوەیە لە خەڵک و لە یەکتری “Social Distancing” هەیە زۆر درەنگ بە خەڵک وترا.

لە کوردستاندا، لەم قەیرانەدا، دڵسۆزان زۆرن، هەمیشە دەڵێن قەیران جەوهەری خەڵک دەردەخات بەڵام هێشتا پێویستمان بە ئەزموونی زیاتر هەیە لەم بوارەدا. خۆشحاڵم کە ئەوانەی لەم قەیرانەدا کار دەکەن لە هەموو توێژ و چین و پارتە سیاسییەکانی کۆمەڵگەکە هەوڵ دەدەن خەمخۆری بنوێنن، بەڵام کاری دیکەی زۆرماوە دەبێت شانی بدەینە بەر. ئەم قەیرانە لە کوردستان کۆمەڵێک سەرکردەی نوێی زانستی و سیاسیی نوێی هێناوەتە گۆڕێ کە ئەگەر بەردەوامبن دەبنە مایەی خۆشحاڵی بۆ ئاییندە، با چاوەڕوانبین، لەگەڵ ئەوەشدا پێوسیتیان بە پشتگیری ئێمە هەیە.

ئەوەی لای من نیگەرانییە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا تێکەڵ بە پێداویستییە سەرەکییەکانی کۆمەڵگە دەکرێت و پێویست دەکات بە زووترین کات و بە ورردبینی و بە متمانەوە نیگەرانییەکان ئیدارە بکرێن، بۆ نموونە کە کۆرۆنا تێکەڵ بە موچە دەبێت، دەبێت کەسێک وەک ناوەندی بەخشینی زانیاری"Formal Focal Point" هەبێت پەیامە رەسمییەکە لەوەوە بدرێت پەیامی باشتر، روونتر و راشکاوانەتر بدرێن، رەنگە ئەمەیان زیاتر پەیوەندی بە توانای تەکنیکی خۆمانەوە بێت وەک کۆمەڵگە و وەک کەس.

پوختەی قسە: پەیامی کاتی قەیران دەبێت بە وریایی و بە هەستی بەرپرسیاریانەوە دارێژرێت، پێویستی بە حیکمەتی سیاسی هەیە بۆ بینینی رەهەندەکانی قەیرانەکە و تێگەیشتنی سیاسی سەنگین لە سروشتی کۆمەڵگەکە، دواجار کەسی زمانحاڵ وەک دەڵێن دەبێت بایی ئەوەندە کاریزمای هەبێت کە هاوڵاتیان رازی بکات، کە راستگۆیە و هەروەک چۆن گوزارشت لە بەرژەوەندی حکومەت دەکات قسەی دڵی خەڵک بکات، یان لانی کەم پەیامەکان رەنگدانەوەی نیگەرانەکانی خەڵک بێت.