لێکۆڵینەوە

01:55 - 11/03/2023

لایەنە ئەرێنی و نەرێنیەكانی بەیاننامەی 11 ئازاری 1970‌‌

پەیسەر

بەیاننامەی 11 ئازای 1970 بە یەكێك لە قۆناغە گرنگەكانی شۆرشی باشووری كوردستان دادەنرێت، بەو پێیەی كە بۆیەكەمجار بەشێوەی فەرمی و نوسینەكی دان بە زۆرینەی مافەكانی كوردی باشووردا دەنرێت و بۆ ئەو مەبەستەش سەدام حسین جێگری سەرۆك كۆماری ئەوكات واژۆی لەسەر دەكات و بۆ خۆی چەند جارێك دێتە ناوپردان بۆ ئەوەی لەبارەی چارەسەری كێشەی كورد لەگەڵ مەلامستەفای بارزانی (سەرۆكی پارتی دیموكراتی ئەو كات) گفت و گۆبكەن و دواجار كۆتایی بە كێشەی كورد بهێنرێت، بەڵام هێندەی پێنەچوو خاڵەكانی ئەو بەیاننامەیە جێبەجێ نەكراو چاوی ڕەشی لایەنگرانی ڕیككەوتنەكە كاڵ بوویەوە، لەو كاتەوە تا ئێستا بەدوو ئاڕاستەی جیاواز قسەی لەسەر دەكرێت، یەكێكیان حكومەتی عیراقی بە هۆكاری جێبەجێ نەكردنی خاڵەكانی بەیاننامەكە تاوانبار دەكات و لەبەرامبەریش دا ژماریەك شۆرشی كورد و خودی مەلامستەفا بە هۆكاری جێبەجێ نەكردنی بەیاننامەكە دەزانن و هەردوو لاشیان بەشی خۆیان بەڵگەیان بەدەستەوەیە.

گفتوگۆی بەردەوام :


شۆرشی كورد لە باشووری كوردستان شۆڕشێكی هەمەلایەنەی رۆشنبیری و كەلتووری و چەكداریی بووە، لە هەموو بوارەكاندا كورد وەك بەجێماوێكی كیانی نەتەوەیی و هەبوونی دەوڵەت پەنای بۆ شۆرش و چەك بردووەو داوای مافە سەرەتاییەكانی خۆی كردووە، لەگەڵ ئەوەشدا لە سەردەمی شۆڕشەكانیش دا بەردەوام دەرگای بۆ گفت و گۆكردن كراوە بووە ، له‌كاتى سه‌رهه‌ڵدانى شۆڕشى ئه‌یلوول (11 ئەیلوولی 1961) ەوە تا كاتی بەیاننامەكە 11/3/1970 چه‌ندین گه‌ڕى گفتوگۆو هه‌وڵى ڕێكه‌وتن له‌ نێوان سه‌ركردایه‌تى شۆڕش‌و ده‌سه‌ڵاتدارانى عێراقدا ئه‌نجام دراوە، له‌پاش شه‌ڕه‌كانى ساڵانى 1968 – 1969ى نێوان حكومه‌تى به‌عس‌و شۆڕشى كورد، زنجیره‌یه‌ك گفتوگۆ له‌ نێوان هه‌ردوولادا ده‌ستى پێكردو سه‌رئه‌نجام له‌ 11ى ئازارى ساڵى 1970، سه‌ددام حسه‌ین‌و مه‌لا مسته‌فا له‌ ناوپردان ڕێكه‌وتننامه‌ى 11ى ئازاریان واژۆ كرد.

پانۆرامای رۆژانی پێش بەیاننامەكە:


لە كۆتایی مانگی كانوونی دووەمی ساڵی 1969، ڕۆژنامەی " سەورە"ی زمانحاڵی حیزبی بەعس بەناونیشانی " كیف سبیل حل المسألە الكردیە" زنجیرە وتارێك بڵاو دەكاتەوە، وەك شارەزایان باسی دەكەن  ناوەرۆكی ئەو وتارە دەبێتە دەروازەی دەستپێكردنی گفتوگۆی نێوان سەركردایەتی پارتی‌و حیزبی بەعس لەبەر ئەوەی بەشێوەیەك نوسرابوو كە لەبەرژەوەندی هەردوولا بوو، لەو رۆژنامەیەدا بەشێك لە مافە سەرەتاییەكانی كورد دانی پێدا نرابوو، ئەوەش بۆ ئەو سەردەمەی شۆرش زۆرجێگەی خۆی بوو..

لە مانگی ئەیلولی ساڵی 1969،" سەرتیپ تاریق" فەرماندەی هێزەكانی عێراق لە بەری ڕەواندز، چوویە لای بارزانی لە " ناوپردان"‌و پەیامی خواستی گفتوگۆكردنی حیزبی بەعسی بە بارزانی گەیاند كە بریتی بوو لە ئامادەیی حیزبی بەعس بۆ گفتوگۆ لەگەڵ شۆرشی كورد.
لە كۆتا ڕۆژەكانی ساڵی 1969دا، یەكەمین پەیوەندی فەرمی بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ دروستبوو، كاتێك كە حكومەتی بەعس، " سەمیر نەجم"ی ئەندامی سەركردایەتی حیزبی بەعس‌و " فواد عارف"ی نارد بۆ ناوپردان بۆ لای مەلا مستەفاو دوا پێشهاتەكانیان بە مەلا مستەفا گەیاندو راسپاردەكانی ئەویشیان بردەوە بۆ سەدام حسین و سەركردایەتی بەعس.
لە 21- 12- 1969 سەددام حسێن كە ئەوكات جێگری سەرۆككۆماری عێراق بوو، سەرۆكایەتی گروپی كاری گفتوگۆی گرتە ئەستۆو لەیەكەم هەنگاودا، لەڕێگەی " دارا تۆفیق"ەوە ئەو پەیامەی دایە سەركرایەتی شۆڕشی ئەیلوول كە دەبێت كورد پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا بپچڕێنێ، دارا تۆفیق كە ئەوكاتە بەنوێنەرایەتی بارزانی لە بەغدا بووە، ئەو بەڵێنەی داوەتە سەددام، بەڵام وەك مێژوو نوسان دەڵێن: دوای ئەوەی شۆرشی كورد پشت لە دۆستی چەند ساڵەی –ئێران- دەكات و بە بێ پرسی ئەوان دەچێتە گفتوگۆوە ، دەبێتە خاڵێكی نەرێنی و لە ساڵانی دواییدا كاریگەرییەكانی دەردەكەون. بەڵام وەك پرۆفیسۆرعیزەدین مستەفا ڕەسوڵ دەڵێت دارا تۆفیق بەدەستی بەعسیەكان شەهید بووە.
لەكۆتا ڕۆژی ساڵی 1969دا، وەفدێك بەسەرۆكایەتی دكتۆر مەحمود عوسمان‌و بەیاوەری سامی عەبدولڕەحمان‌و نوری شاوەیس‌و ساڵح یوسفی دەچنە بەغدا بۆ گفتوگۆ، هەر لەو كاتەشدا كە وەفدی كوردی لەبەغداد دەبن، سەددام حسێن دەچێتە ناوپردان بۆ لای بارزانی‌و ئیدی پرۆسەی گفتوگۆكردن‌و ڕێكەوتن دەچێتە قۆناغێكی باڵاوە.

وەك سەرچاوەكان باسی دەكەن، ئامادەگییەكانی هەردوولا بووە هۆی ئەوەی كە كەشی ڕێككەوتن لە كەشی جەنگ و ڕووبەڕوو بوونەوەی چەكداریی لە پێش بێت.
 وەك مەسعود بارزانی دەگێریتەوە:" داڕشتنی ماددەكانی ڕێكەوتنەكە لەشەوی 10 لەسەر 11ی ئازاری 1970 تەواو بوو، سەعات یازدەو نیوی شەو بارزانی‌و سەددام هەردوكیان ئیمزای خۆیانیان لەسەر دانا".

دەقی ڕێککەوتنامەی یانزەی ئازار  

1ـ زمانی كوردی لەگەڵ زمانی عەرەبی زمانی ڕەسمی دەبێت لەو ناوچانەی كە زۆربەی زۆری دانیشتوانیان كوردن و زمانی كوردیش لەو ناوچانەدا زمانی خوێندن و فێركردن دەبێت و، زمانی عەرەبیش لە هەموو ئەو قوتابخانانەدا دەخوێنرێت كە بە كوردی دەخوێنن، لەهەمان كاتیشدا زمانی كوردی وەك زمانی دووەم لەو سنوورەی یاسا دایدەنێت لە هەموو لایەكی عێراقدا دەخوێندرێت.  

2ـ بەشداریكردنی برا كوردەكانمان لە حوكم و جیاوازی نەكردن لەنێوان كورد و كەسانی تر لە فەرمانی گشتی گرتنە دەستدا، لەوانەش پایەی گرنگ و بایەخدار لە دەوڵەتدا، وەك وەزارەت و سوپا و هی تریش. ئەوانە هەموویان لەو كارە گرنگانەن، كە ئامانجی شۆڕش بوون بۆ وەدیهێنانیان و، حكوومەت لە كاتێكدا كە دان بەو بنەمایە دادەنێت، جەخت لەسەر پێویستی كاركردن بۆ وەدیهێنانی ئەو بنەمایە بە ڕێژەیەكی عادیلانە دەكاتەوە، لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی بنەمای لێهاتوویی و ڕێژەی دانیشتوان و ئەو بێبەشییەی برا كوردەكانمان لە ڕابردوودا دووچاری بوون.  

3ـ لەبەر ئەو دواكەوتووییەی كە لە ڕابردوودا لە هەردوو لایەنی ڕۆشنبیریی و پەروەردەیی بەسەر نەتەوەی كورددا هاتووە، پلانێك بۆ چارەسەركردنی ئەم دواكەوتووییە دادەنرێت، لەڕێگەی:  
أ ـ پەلەكردن لە جێبەجێكردنی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی شۆڕش لە ڕووی زمان و مافی ڕۆشنبیرییەوە بۆ گەلی كورد و، بەستنەوەی ئامادەكردن و ئاراستەكردنی بەرنامەی تایبەت بە كاروباری نەتەوەی كورد لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆن بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی كوردی.  

ب ـ گەڕاندنەوەی ئەو قوتابییانەی دەركراون بۆ قوتابخانەكانیان یان لەبەر بارودۆخی توندوتیژی لە ناوچەكە ناچاربوون واز لە خوێندن بێنن، بەچاوپۆشی كردن لە تەمەنیان یان دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەكی لەبار بۆ گیروگرفتەكانیان.  

جـ ـ كردنەوەی قوتابخانەی زۆر لە ناوچە كوردییەكاندا و بەرزكردنەوەی ئاستی پەروەردە و فێركردن و قەبووڵكردنی قوتابیی كورد لە زانكۆ و كۆلێجی سەربازی و (بەعسە و زەمالە)ی خوێندن بە ڕێژەیەكی عادیلانە.  

4ـ فەرمانبەرەكان لەو یەكە كارگێڕییانەی كە بەشی زۆریان كوردن، دەبێ كورد بن، یان لەو كەسانە بن كە كوردی باش دەزانن، ئەگەر ژمارەی پێویستیان لێ پەیدابوو و، بەرپرسە بنچینەییەكان (پارێزگار، قایمقام، بەڕێوەبەری پۆلیس، بەڕێوەبەری ئاسایش(ئەمن) و هی تری لەم جۆرە) دادەمەزرێن و دەستبەجێ دەستدەكرێت بە پەرەپێدانی دامودەزگای دەوڵەت لە ناوچەكە بە ڕاوێژكردن لە چوارچێوەی لێژنەی باڵای سەرپەرشتیاری جێبەجێكردنی ئەم بەیاننامەیە، بەو شێوەیەی كە جێبەجێكردنی مسۆگەر دەكات و یەكێتیی نیشتمانی و ئارامی لە ناوچەكەدا بەتین دەكات.  

5ـ حكوومەت دان بە مافی گەلی كورددا دەنێت لە پێكهێنانی ڕێكخراوی قوتابییان و لاوان و ئافرەتان و مامۆستایانی تایبەت بە خۆیان و ئەو ڕێكخراوانە ئەندامی ڕێكخراوە نیشتمانییە عێراقییەكانی هاوشێوەی خۆیان دەبن.  

6ـ بڕگەی (أ): كاركردن بە هەردوو بڕگەی (1) و (2)ی بڕیاری ژمارە 59ی مێژووی 5/8/1968ی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی شۆڕش هەتا مێژووی دەرچوونی ئەم بەیاننامەیە، ئەمەش هەموو ئەوانەی بەشدارییان لە كاری توندوتیژیی ناوچەی كوردیدا كردووە، دەگرێتەوە.  
بڕگەی(ب): كرێكار و فەرمانبەر و خزمەتگوزارە مەدەنی و سەربازییەكان دەگەڕێنەوە بۆ خزمەت، ئەمەش بەبێ خۆبەستنەوە بە بوونی (میلاك) جێبەجێ دەكرێت و سوودیش لە خەڵكی مەدەنی لە ناوچە كوردییەكان بەپێی پێویستی ئەو ناوچانە پێیان، وەردەگیرێت.  

7ـ بڕگەی (أ) دەستەیەك لە كەسانی خاوەن تایبەتمەندایەتی پێكدەهێنرێت، بۆ ئەوەی بەوپەڕی خێراییەوە ناوچەكە لە هەموو ڕوویەكەوە هەڵسێتەوە و قەرەبووی ساڵانی ئەم دواییەی بەسەرهاتەكانی بكرێتەوە و، بودجەیەكی تەواویش بۆ جێبەجێكردنی ئەم كارە تەرخان بكرێت و، ئەو دەستەیەش سەر بە وەزارەتی كاروباری باكوور دەبێت.  
بڕگەی (ب) ئامادەكردنی پلانی ئابووری بەشێوەیەك كە پەرەسەندنی هاویەكی و یەكسانی لە هەموو لایە جیاجیاكانی عێراق دابین بكات بە چاودێریكردنی بارودۆخی دواكەوتوویی لە ناوچەی كوردیدا.  
بڕگەی (جـ) تەرخانكردنی مووچەی خانەنشینی بۆ خێزانی ئەو كەسانەی لە بارودۆخی داخباری شەڕ لە بەشداربووانی بزاڤی چەكداریی كورددا شەهید كراون و بۆ خەڵكی تر و بۆ ئەوانەی بەهۆی ئەو بارودۆخەوە تووشی شێواوی هاتوون، بەپێی یاسایەكی تایبەتی لەسەر شێوەی یاسا كارپێكراوەكان.  
بڕگەی (د) كاركردنی خێرا بۆ فریاكەوتنی خەڵكی زیانلێكەوتوو و دەستكورت لەڕێگەی تەواوكردنی پرۆژەی خانوو دروستكردن و شتی تر كە كار بۆ بێكاران دابین دەكات و پێشكێشكردنی یارمەتیی كەلوپەل و پارە بەشێوەیەكی گونجاو و قەرەبوویەكی ماقووڵ بدرێت بەو زیانلێكەوتووانەی پێویستییان بە یارمەتییە، ئەمەش بە لێژنەی باڵا دەسپێردرێ و ئەوانەی لێ هەڵدەهاوێژرێ كە بڕگەی پێشوو گرتوونییەوە.  

8ـ گەڕاندنەوەی دانیشتوانی گوندە عەرەبی و كوردییەكان بۆ شوێنەكانی پێشوویان، بەڵام ئەو گوندانەی كەوتوونەتە ئەو ناوچانەی ناكرێ بكرێن بە ناوچەی لێ نیشتەجێ بوون، ئەوا حكوومەت بۆ مەبەستی سوودی گشتی بەپێی یاسا دەیانكات بە موڵكی خۆی و لە ناوچەی نزیك ئەوێ نیشتەجێیان دەكات و هەر زەرەر و زیانێكیش بەهۆی ئەوەوە لێیان كەوتبێ، قەرەبوویان بۆ دەكاتەوە.  

9ـ پەلەكردن لە پیادەكردنی یاسای چاككردنی كشتوكاڵ لە ناوچەی كوردی و هەمواركردنی بەشێوەیەك كە پاكتاوكردنی پێوەندیی دەرەبەگایەتی مسۆگەر بكات و، هەموو جوتیارەكانیش پارچە زەویی گونجاویان پێ ببڕێت و لەو باجە كشتوكاڵییەش كە لە ماوەی ساڵانی شەڕدا لەسەریان كۆبووەتەوە، ببەخشرێن و لێیان خۆش بن.  

10ـ ڕێككەوتن لەسەر هەمواركردنی دەستووری كاتی وەكو ئەمەی خوارەوە كرا:  
أـ گەلی عێراق لە دوو نەتەوەی سەرەكی پێكدێت، ئەوانیش نەتەوەی عەرەب و نەتەوەی كوردن، ئەم دەستوورە دان دەنێ بە مافی نەتەوەیی گەلی كورد و مافی هەموو كەمایەتییەكان لە چوارچێوەی یەكێتیی عێراقدا.  
ب ـ زیادكردنی ئەم بڕگەیەی خوارەوە بۆ ماددەی چوارەمی دەستوور:  
(زمانی كوردی زمانی ڕەسمی دەبێت لە ناوچە كوردییەكاندا شان بەشانی زمانی عەرەبی).
جـ ـ چەسپاندنی ئەوەی پێشەوە لە دەستووری هەمیشەییدا.  

11ـ گەڕاندنەوەی ئێستگەی ڕادیۆ و چەكە قورسەكانی شۆڕش بۆ حكومەت، ئەمەش بەند دەبێت بە جێبەجێكردنی قۆناغە كۆتاییەكانی ڕێككەوتنامەكە.  

12ـ جێگرێكی سەرۆككۆمار كورد دەبێت.  

13ـ یاسای پارێزگاكان بەشێوەیەك هەموار دەكرێت، كە لەگەڵ ئەم بەیاننامەیەدا بگونجێت.  

14ـ دوای ڕاگەیاندنی بەیاننامەكە، بە ڕاوێژ لەگەڵ لێژنەی باڵای سەرپەرشتیاری جێبەجێكردنی بەیانەكە، كاری پێویست ئەنجام دەدرێت بۆ یەكخستنی ئەو پارێزگا و یەكە كارگێڕییانەی زۆربەی زۆری كوردیان تێدا دادەنیشن بەپێی ئەو ئامارە ڕەسمییانەی دەكرێن و، دەوڵەت هەوڵدەدات بۆ پەرەپێدانی ئەو یەكە كارگێڕییانە و قووڵكردنەوە و فراوانكردنیان، بۆ ئەوەی گەلی كورد په‌یڕەوی سەرجەم مافە نەتەوەییەكانی خۆی بكات بۆ دەستەبەركردنی شادبوونی بە ئۆتۆنۆمی، تا ئەو یەكە كارگێڕییەش دێتەدی، هاوئاهەنگیی كاروباری نەتەوەییی كورد لەڕێگەی كۆبوونەوەی دەوری دەكرێت كە لەنێوان لێژنەی باڵا و پارێزگارەكانی ناوچەی باكور دەبەسترێن، لەبەر ئەوەی ئۆتۆنۆمی لە چوارچێوەی كۆماری عێراقدا جێبەجێ دەكرێت، بێگومان وەبەرهێنانی هەموو سامانێكی سروشتی لەم ناوچەیەدا تایبەتە بە دەسەڵاتداریی ئەم كۆمارە.  

15ـ گەلی كورد بە ڕێژەی دانیشتوانی لەچاو دانیشتوانی عێراق، بەشداری لە دەسەڵاتی یاساداناندا دەكات.  


 سەدام چووە ناوپردان:


سەبارەت بە هاتنی سەددام حسێن بۆ ناوپردان، مەسعود بارزانی دەڵێت:" سەرمان سوڕما، چونكە بێئەوەی ئەندامێكی سەركردایەتی ئێمە لەگەڵ خۆی بهێنێ، كە ئەو دەم لەبەغداد بوون هاتبوو، لێمان پرسی ئەمە بۆ وابووە، سەعدون غێدان كە یاوەری سەددام بوو، وەڵامی داینەوە كە ئەوان خەریكی گفتوگۆن لەگەڵ برادەران‌و هەموویان تەندروستییان باشەو ورەیان بەرزە".
بەڵام لەبەرامبەر ئەم بۆچوونەدا ژمارەیەك لە ڕەخنەگران پێیان وایە مانەوەی وەفدی كوردی لە بەغداد پلان و بەرنامەیەكی ژێربەژێریی بووە و وەك بارمتە بەكاریان هێناون تا ئەو كاتەی سەدام حسین و هاوەڵەكانی دەگەڕێنەوە و ئەوەش لە كاتی گفتوگۆی نەیارەكاندا بە كارێكی ئاسایشی و ئەمنی دێتە ئەژمار.


هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی هەڵە:


ڕێكه‌وتننامه‌ى 11ى ئازار له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه‌ كۆمه‌ڵێك ده‌ستكه‌وتى گرنگ‌و به‌بایه‌خى بۆ كورد له‌ باشورى كورستان تێدابوو، به‌ڵام نه‌ك هه‌ر نه‌بووه‌ مایه‌ى وه‌دیهێنانى خواسته‌كانى كورد، به‌ڵكو به‌هۆى سیاسه‌ت‌و مامه‌ڵه‌ى لاوازو ناسیاسییانه‌ى سه‌ركردایه‌تى ئه‌وساى كوردو په‌شیمانبوونه‌وه‌ى ڕژێمى به‌عس له‌ به‌شێكى گرنگى نێوه‌رۆكى ڕێكه‌وتنه‌كه‌ كه‌ په‌یوه‌ستبوو به‌ كه‌ركوك‌و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كانه‌وه‌.
لەگەڵ ئەوەدا كە بەشێكی زۆری نێوەرۆكی ڕێكەوتنەكە چووە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام ڕێبەرانی بەعس، سەبارەت بە سنوری جوگرافیی ناوچەی ئۆتۆنۆمی، نەك هەر هەنگاوی جیدییان نەناوە، بەڵكو بەردەوام لەهەوڵی ئەوەدابوون كە ناوچە كوردنشینەكانی كەركووك‌و ناوچە نەوتیییەكان لە كوردستان داببڕن و بەردەوامیش ئەو كارەیان كردووەو دەیكەن.
دكتۆر مه‌حمود عوسمان، كه‌ یه‌كێك له‌به‌شدارانى گفتوگۆكانى نێوان سه‌ركردایه‌تى شۆڕش‌و حكومه‌تى ئه‌و كاته‌ى عێراق بووه‌، باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌ هۆی نه‌بوونی متمانه‌وه‌ له‌ نێوان هه‌ردوولادا ڕێكه‌وتنه‌كه‌ جێبه‌جێنه‌كراو حكومه‌تی ئه‌و كاتی عێراق له‌ به‌ڵینه‌كانی په‌شیمان بوویه‌وه‌ و پابه‌ند نه‌بوو به‌ ڕێكه‌وتنه‌كه‌وه‌.
مه‌حمود عوسمان ده‌شڵێت:" له‌و قۆناغه‌دا هه‌ندێ خوێندنه‌وه‌ی كورد هه‌ڵه‌ بوو، كه‌ پێیان وابوو ئێران‌و ئه‌مریكاو ئیسرائیل، ئه‌توانن كێشه‌ی كورد چاره‌سه‌ربكه‌ن‌و كورد بوو به‌ قوربانی سیاسەتێكی هەرێمی لە نێوان زلهێزەكاندا"..

كۆسپی سەرەكی ڕێككەوتنەكە:


بە پێی سەرچاوە ییەكان كۆسپی سەرەكی گفتوگۆی نێوان حكومەتی عێراق‌و شۆڕشی كورد، پرسی دیاریكردنی سنوری جوگرافی ناوچەی ئۆتۆنۆمی بوو، هەر ئەوەش ڕێكەوتنەكەی پەكخست.
دیاری نەكردن‌و نەچەسپاندنی سنوری ناوچەی ئۆتۆنۆمی لەسەرەتای ڕێكەوتنەكەوە بەیەكێك لە خاڵە هەرە لاوازەكانی سەركردایەتی كورد دێتە ئەژمارو یەكێك لە خاڵە لاوازەكانی ڕێكەوتنەكە ئەوە بوو كە دیاریكردنی سنوری ناوچەی ئۆتۆنۆمی بە ئەنجامدانی سەرژمێریی سپێردرابوو،
كریس كۆچێرا، بەسەر سورمانەوە دەڵێت:" چۆن كوردەكان بەوە ڕازیبوون كە ڕێكەوتننامەیەك واژۆ بكەن كە سنورەكانی ناوچەی ئۆتۆنۆمی ڕانەگەیاندووەو دیارنەكردووە".


پاڵنه‌ره‌كانى ڕێكه‌وتننامه‌ى 11ى ئازار

پاڵنه‌ره‌ ده‌ره‌كییه‌كان:


١- ڕۆڵی یەکێتی سۆڤێت لە پێناوی هەژموونی خۆی لە ناوچەکە. كۆتایی‌ ده‌یه‌ی‌ 1960، كاتێك كه‌ وڵاتانی‌ "جیهانی‌ سێهه‌م" له‌ئاگری‌ جه‌نگی‌ سارددا ده‌سوتان، عێراق گۆڕه‌پانێكی‌ گه‌رم بو بۆ یه‌كلایی‌ كردنه‌وه‌ی‌ زۆرانبازیی‌‌و ململانێكانی‌ نێوان رۆژهه‌ڵات‌و رۆژئاوا، له‌ناوخۆی‌ عێراقیشدا كاراكته‌رو هێزه‌كان له‌دوای‌ كوده‌تای‌ 17‌و 30ی‌ ته‌موزی‌ 1968ه‌وه‌ پێویستیان به‌سه‌رله‌نوێ‌ تێكه‌ڵ‌ كردنه‌وه‌ی‌ كارته‌كان بو.

له‌سه‌ره‌تای‌ 1969ه‌وه‌ "یه‌فگینی‌ پریماكۆف" كه‌ پیاوی‌ ده‌ستڕۆشتوی‌ ئه‌وكاتی‌ KGB بو له‌رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا، به‌مه‌به‌ستی‌ رێگه‌خۆشكردن بۆ ئه‌نجامدانی‌ گفتوگۆ له‌نێوان سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسی‌ كوردو ئه‌و به‌عسیانه‌ی‌ تازه‌ هاتبونه‌ سه‌ركار له‌به‌غدا، نامه‌یه‌ك له‌سه‌ر كردایه‌تی‌ سۆڤیه‌ته‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت به‌مسته‌فا بارزانی‌‌و پێیده‌ڵێت "ئێستا هه‌لێكی‌ زێڕین بۆ چاره‌سه‌ر كردنی‌ پرسی‌ كورد هاتوه‌ته‌پێش‌و یه‌كێتی‌ سۆڤیه‌تیش هه‌مو قورسایی‌ خۆی‌ ده‌خاته‌ گه‌ڕ بۆ گه‌یستنه‌ رێككه‌وتنی‌ نێوانتان".

٢- دوژمنایەتی نێوان دەوڵەتی عێراق لەگەڵ وڵاتی ئێران. بێگومان وڵاتانی‌ ئێران‌و رۆژئاوا له‌م جۆرە پێشهاتانه‌دا ته‌نها رۆڵی‌ بینه‌ر نابینن‌و مه‌به‌ستیانه‌ بۆ زیاتر دورخستنه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ به‌غدا له‌سۆڤیه‌ت، له‌ڕێگه‌ی‌ یارمه‌تیدانی‌ شۆڕشی‌ كورده‌وه‌ گوشاری‌ بۆ بهێنن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك به‌رله‌وه‌ی‌ رێككه‌وتننامه‌ی‌ 11ی‌ ئازار له‌لایه‌ن بارزانی‌‌و سه‌دامه‌وه‌ ئیمزا بكرێت، شێخ بابه‌ عه‌لی‌ شێخ مه‌حمودی‌ حه‌فید له‌ له‌نده‌نه‌وه‌ رێگه‌ی‌ ناوپردان ده‌گرێته‌به‌رو نامه‌یه‌كی‌ گرنگی‌ شای‌ ئێرانی‌ بۆ بارزانی‌ پێده‌بێت، كه‌ له‌نامه‌كه‌دا شا ئاماده‌یی‌ ده‌ربڕی‌ بو بارزانی‌ داوای‌ چی‌ بكات‌و هه‌ر یارمه‌تیه‌كی‌ بوێت بیدات، به‌مه‌رجێك واز له‌رێككه‌وتننامه‌ له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌تی‌ به‌غدا بهێنێ‌، داواشی‌ لێكردبو سه‌رێك له‌تاران بدات‌و جه‌ختی‌ له‌وه‌ش كردبۆوه‌ كه‌ هه‌ڵوێسته‌كه‌ی‌ ره‌زامه‌ندی‌ وڵاته‌ یه‌كگرتوه‌كانیشی‌ له‌سه‌ره.

كاتێك كه‌ له‌15ی‌ كانونی‌ دووه‌می‌ 1970دا، بارزانی‌‌و شێخ بابه‌عه‌لی‌ ده‌چنه‌ تاران‌و شا ده‌بینن، پێیانده‌ڵێت "رێككه‌وتنتان له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌تی‌ به‌غدا، ته‌نها به‌رژه‌وه‌ندی‌ سۆڤیه‌تی‌ تێدایه‌‌و ده‌بێته‌ مایه‌ی‌ به‌هێز بونی‌ حیزبی‌ به‌عس". بەڵام كاتێك بارزانی بەقسەی ناكات ئێران ناچار دەبێت پەنا بۆ ڕێككەوتنی جەزائیر ببات و پەكی شۆرشی ئەیلوول بخات‌.

٣- ململانێکانی ناو خودی پارتی بەعس، گرنگترینیان هەوڵی کودەتا سەرنەکەوتووەکەی سەرەتای ساڵی ١٩٧٠بوو. وەك سەرچاوەكان باسی دەكەن، لە كۆبوونەوەی دووقۆڵی نێوان سەدام و بارزانی دا كە سێ كاتژمێری خایاندووە سەدام حسین داوای پشتیوانی لە بارزانی كردووە بۆ ئەوەی ئەو ڕێككەوتنەی لەگەڵ واژۆبكات بۆ ئەوەی ببێتە پاڵپشتییەكی باش بۆ لێدان لەنەیارە ناوخۆییەكانی بەعس.

پاڵنه‌رى ناوخۆییەكان

١- بەردەوامی شەڕ لە نێوان شۆڕشی کورد و حکومەتی عێراقدا و نەتوانینی هیچ لایەکیان بە سەرکەوتن بەسەر بەرەی بەرامبەردا.
٢- زۆری خەرجی جەنگی كورد لەسەر وڵاتی عێراق و ئەو زیانە مادیی و ئابوورییانەی كە لە ئەنجامی جەنگەكە دەكەوتەوە.
٣- پەرەسەندنی کێشەی کورد لەسەر ئاستی ناوخۆ و جیهانی و میدیاكانی جیهان بە جۆرێك لە جۆرەكان گرنگییان بە هەواڵەكانی باشووری كوردستان دەدا..

لایەنە باشەکانی ڕێكه‌وتننامه‌كه‌:

١- بۆ یەکەمجار دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی عەرەبی عێراق دانیاننا بە بوونی مافی نەتەوەی گەلی کورد لە وڵاتی عێراقدا. بە شێوەی فەرمی و نوسینەكی.
٢- لە ڕووی دەستکەوتی نەتەوەیی و ڕۆشنبیرییەوە زمانی کوردی کرا بە دووەم زمانی ڕەسمی لە دەوڵەتی عێراقدا، سەرەڕای کردنەوەی دەزگای ئەکادیمی کوردی.
٣- لە ڕووی ڕامیاییەوە مافی ئۆتۆنۆمی - خۆبەڕێوبردنی ناوچەی کوردستان(سەرەڕای ناکۆکی لەسەر ناوچە نەوتییەکان لە پارێزگای کەرکوک و موسڵ و دیالە) درا بە گەلی کورد.
٤- لە ڕووی ئابوورییەوە لە داهاتی نەوت کورد بەشی کورد بدرێت.
٥- دووبەرەکی ناو پارتی دیموکراتی کوردستان‌و شۆڕشی ئەیلول کۆتایهات‌و باڵی مەکتەبی سیاسی حیزب هاتنه‌وه‌ ناو پارتى.
6- لێخۆش بوون بۆ هەموو ئەو كەسانە دەركرا كە بەشداریی شۆڕشیان كردووە، چ لە زیندان بووبن یان لە شاخ.
7- بوژانەوەی زمانی كوردی .

لایەنی لاوازی پەیماننامەکە:


١- پەیماننامەی ١١ی ئازار نەیتوانی ناوچە کوردستانییەکانی کەرکوک و خانەقین و دەوروبەری موسڵ بخاتە ناو ناوچەی دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی کوردی و ئەوەش كێشەیەكی بەردەوامی نێوان كورد و حكومەتە یەك لەدوایەكەكانی عێراق بووە.
٢- مەرجی جێبەجێکردنی پەیماننامەکە کە دانرابوو لە ماوەی (٤ ساڵ)دا جێبەجێبکرێت، هەڵەیەکی گەورەبوو لەو کاتەدا سەرکردایەتی شۆڕش پێی ڕازی بوو، چونکە لە ماوەی ئەو ٤ ساڵەدا حکومەتی عێراق نەوتی خۆماڵی کرد لە ساڵی -١٩٧٢ و داهاتێکی باشی بۆ کڕینی چەک کەوتە دەست و هاوکێشەی ململانێ هەرێمایەتییەکانیش گۆڕانکارییان بەسەردا هات لە بەرژەوەندی حکومەتی عێراق، لەوانە چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ شای ئێران.
3-متمانەی بێ سنوور بە وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەتی شای ئێران، بەڵام دواجار هەر ئەوان بوونە دژی كوردو ڕێككەوتنی ژێربەژێرییان ئەنجامدا و كوردیان بردەوە خاڵەكانی سەرەتا.

 دوای 53 ساڵ لە بەیاننامەكە:


سەرەڕای ئەوەی كە باشووری كوردستان بۆ ماوەیەك لە شەڕوشۆر دووركەوتەوە، بەڵام دواجار ڕییكەوتنی جەزائیری 1975 ی بەدوادا هات و لە هەمان رۆژی بەیاننامەكەدا شای ئێران پێشوازی لە نوێنەرانی كورد كرد و پێی ڕاگەیاندن كە  چیتر ناتوانێت پشتیوانی لە شۆڕشی كوردبكات و بەناچاریش مەلامستەفای بارزانی و هاوڕێكانی دان بەشكستی شۆرش دا دەنێن و بە بێ هیچ كاردانەوەیەكی جدی شۆڕشی ئەیلوول تووشی نسكۆ دەبێت و دواجار لەنێو ئەدەبیاتی كوردیدا بە هەردوو ناوی (نسكۆ و ئاش بەتاڵ)ەوە تۆمار دەكرێت و بەكار هێنانی ئەو دوو دەستەواژەیە تا ئێستاش جۆری بیركردنەوەی كوردەكان دەخاتە ڕوو.
ئەگەر بەراوردێكی پەنجا ساڵەی شۆرشی كورد بكرێت كەچی شتێك گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە و ئەو خاڵانە چین كە لە ڕێككەوەتنەكەدا نەهاتوون، بێگومان دەگەیەنە زۆر خاڵی گرنگ، كە هەندێكیان ئەرێنین و هەندێكی تریان نەرێنین. بە خوێندنەوەی خاڵەكانی بەیاننامەكە و بەراوردكردنیان بە ڕەوشی ئێستا زۆر شت ڕوون دەبێتەوە، لەوانەیە سەرەكی ترینیان ئەوەبێت كە ناوچە دابڕێنراوەكان و پشكی كورد لە داهاتی عێراقدا تا ئێستاش جێگەی مشت و مڕیی سەرەكی نێوان كورد و حكومەتی عێراقە.