10:46 - 21/08/2022
بە لوبنانیکردنی هەرێمی کوردستان: یا خەباتی چەکداریی پەکەکە لە رۆخی رۆخەوە
بە لوبنانیکردنی هەرێمی کوردستان:
یا خەباتی چەکداریی پەکەکە لە رۆخی رۆخەوە
بەراوردکارییەک لە نێوان بوونی چەکدارانی فەلەستینی لە لوبنان و
چەکدارانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان
نوسەرو لێكۆڵەری مێژوویی د.بورهان یاسین لەم لێكۆڵینەوەیەیدا بەراوردێکی كردووە، لە نێوان خەباتی چەکداریی فەلەستینییەکان لە قۆناغی هەرە دوایی ئەو خەباتەدا واتە لە ١٩٧٠ تا ١٩٨٢، واتە قۆناغی لوبنان، لە لایەک وە خەباتی چەکداریی پەکەکە لە قۆناغی هەرە دواییدا، کە تیایدا هەرێمی کوردستان بووە بە گۆڕەپانی یەكلاکردنەوەی شەڕ و پێکدادان.
نوسەر دەڵێ؛ تا ئەو جێگایەی من ئاگادارم ئەوە یەکەم جارە بەرواردکارییەک بکرێ لە نێوان خەباتی چەکداری پەکەکە لە لایەک، وە جوڵانەوەیەکی تری چەکداری. بەو هیوایەی ئەم بەراوردکارییە بەسود بێت.
بابەتەكە بە لینك لەخوارەوە داندراوە؛ لێرەدا چەند پارچەیەک وەک دەق لە بەشی پێشەکی و دواتریش بەشی دەرەنجامەکان دەخەینە روو، ئەمەش لە پێناوی ئاسانکاری بۆ خوێندنەوەی بابەتەکە و ناساندنی.
لە پێشەکیدا، هەر بۆ نموونە، هاتووە:
* "لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان لە ساڵانی دواییدا زیاتر لە بۆچونێک هەڵدەگرێ. لە لایەکی ترەوە، پێویستە ئەم پەرەسەندنە لە سۆنگەیەکی جیاوازەوە تێگەیشتنی بۆ بکرێ، بە مەبەستی گەیشتن بە هەندێک دەرەنجام دوور لە گۆشەبینینی تەسکی ئایدیۆلۆژی، حزبیی سنووردار، هەڵچون و کاردانەوە لەسەر بنەمای هەست و نەست".
* "خاڵێکی لێوەدەرچوونی ئەم باسەی بەردەست ئەوەیە کە دۆخەکە تا بڵێی مەترسیدارە نەک هەر بۆ پەکەکە و خەباتە دور و درێژەکەی، بەڵکو بە رادەی زێتر مەترسیدارە بۆ چارەنوسی هەرێمی کوردستان. ئەنانەت خەریکە ئەمڕۆ ئەم مەترسیە لەسەر هەرێم لە خاڵی یەکلاکەرەوە نزیک دەبێتەوە، ئەو خاڵە چارەنووسسازەی کە تیایدا تورکیا بتوانێ لە هەمان کاتتدا چۆک بە پەکەکە دابدات و باشوری کوردستانیش شکستێکی کەمەرشکێنی بەر بکەوێ! هەر بۆ نموونە، دەکرێ لە رێککەوتنێکی گشتگیردا لە نێوان ئەنکەرە و بەغدا لە هەمان کاتتدا، بە شێوەیەکی کەمەر شکێن، پەکەکە و دەسەڵاتی باشوری کوردستان لە رێککەوتنێکی ئەوهادا بە ئامانج بگیرێن! ئەوەی لە ئێستادا سیناریۆیەکی ئەوها دوادەخات ئەو دۆخی "فەوزایەیە" کە عێراقی تیایە، چونکە ئەگەر عێراق بیەوی دەرفەتی رێککەوتنێکی گشتگیری لەگەڵ تورکیادا هەبێ ئەوا دەبێ توانای بڕیاری گەورە و یەکلاکەرەوەی هەبێت، کە هەڵبەتە لە ئێستادا نییەتی."
* "لەم باسەی بەردەستدا تەنها لەسەر روداوەکانی رۆژانی هەرە دوایی یا تەنانەت ساڵانی هەرە دوای ئەم ململانێ مەترسیدارە ناوەستم، بەڵکو مەبەست ئەوەیە ئەم رووداوانە وەک دەروازە و کەوانەیەکی مێژوویی لە پڕۆسە و سیاقێکی مێژوویی دوور و درێژتر و فراوانتردا بەکار ببەم. ئەوەی بە دیاریکراوی مەبەستە ئەوەیە بە بەراوردێک لە نێوان حاڵەتی لوبنان وە لە گەڵیشیا بوونی چاڵاکییەکانی رێکخراوی رزگاری فەلەستینی لەو وڵاتە (١٩٧٠-١٩٨٢) لە لایەک وە هەرێمی کوردستان و بوونی چاڵاکییەکانی پەکەکە لەوێ بۆ ساڵانێکی زۆر لە لایەکی ترەوە، پڕۆسەکان شڕۆڤە بکەم، بە مەبەستی فەراهەمکردنی تێگەیشتنێکی جیاوازتر. ئەو چەمکەشی کە دەبێتە یەکێک لە ئامرازە تیورییە سەرەکییەکانی ئەم شڕۆڤەکردنە، بە لوبنانیکردنە. لەم نزیکبوونەوەیەشدا مێتودی بەراوردکاری، واتە بەراورد لە نێوان بزاڤی رزگاریخوازی فەلەستینی لە لوبنان لە لایەک، وە پەکەکە لە هەرێمی کوردستان لە لایەکی ترەوە، نزیکبوونەوە و مێتودی باڵادەستە".
* "ئەم بەراوردە بە زەرورەت نامان گەیێنێتە راستییەکی رەها لەمەڕ بابەتی ئاڵۆز و فرەڕەهەندی ململانێی تورکیا و کورد، بەڵکو دەتوانێ لە باشترین حاڵەتدا تیشکێک بخاتە سەر رووداوەکان و دەللاقەیەکی دیکەش بکاتەوە بە رووی ئەو گفتوگۆیانەی کە ئێستا دەربارەی هێڕشەکانی تورکیا دەکرێن. بە زمانێکی سادەتر: ئەم وتارە هەوڵێکە بۆ دەرهێنانی کێشەی تورکیا و پەکەکە لە هاوکێشەیەکی زیانبەخش، کە تیایدا زهنیەتی "رەش یا سپی" وەیا حوکمی "لەگەڵ یا دژ،" کە لە چوارچێوەیەکی سنوورداری ئایدیۆلۆژی و حزبیدا باڵادەستە.
"پرسیاری سەرەکی ئەم وتارە ئەمەیە: ئایا هەرێمی کوردستان چۆن "بە لوبنانی" کراوە و چ ئاکامێک لەو حاڵەتی بە لوبنانیکردنە چاوەڕوان دەکرێ؟"
*********************
لە بەشی دەرەنجامەکاندا، هەر بۆ نموونە، هاتووە:
* "خەباتی چەکداری فەلەستینییەکان تەنها چەند ساڵێک (تا نسکۆی عەرەب لە ساڵی ١٩٦٧) لە سەر خاکی فەلەستین (لە غەزەوە، واتە لە رۆخەوە) ئەنجام دەدرا، بە دوو تێبینییەوە: أ- ئەم خەباتە لە رۆخێکی پڕ کێشە و لاوازی فەلەستینییەوە ئەنجام دەدرا، واتە دواجار فەلەستینییەکان شەڕەکەیان لە ناو ماڵی خۆیانەوە دەکرد، نەک لە ناو قوڵایی ئیسرائیل (واتە لە ناو ماڵی دوژمن)، بەمەش ماڵوێرانی زیاتریان بۆ غەزە هێنا؛ ب- ئەگەر چی بە دیدی فەلەستینییەکان بزاڤی چەکداری دژی ئیسرائیل جوڵانەوەیەکی ئازادیخوازیی بوو، بەڵام ئەم بانگەشەیە نەیتوانی رێگا لەوە بگرێ کە، نەک هەر ئیسرائیل بەڵکو وڵاتە لایەنگرەکانی ئیسرائیلیش، ئەم جۆرە لە خەبات بە "تیرۆریزم" لە قەڵەم بدەن. ئەمەش یەکێک بوو لە هەرە سەرکەوتنەکانی ئیسرائیل بۆ بێکاریگەرییکردنی خەباتی چەکداری فەلەستینییەکان وە سەپاندنی گەمارۆیەکی دیپلۆماسی و سیاسی کاریگەر بەسەریاندا. گەمارۆکە بە تایبەتی لە جیهانی رۆژئاواوە کاریگەر، تەنانەت کوشندەش، بوو لەسەر خەباتی فەلەستینییەکان".
"هاوشێوەی حاڵەتی فەلەستینی، خەباتی پەکەکە لە قۆناغی یەکەمدا لە رۆخەوە (واتە لە باکوری کوردستانەوە) بەڕێوە دەچوو. هەر وەک پێشتر گوترا، ئەگەرچی ئەم خەباتی چەکدارییە، هەر وەک خەباتی چەکداری فەلەستینییەکان، توانی لە ئامانجی هوشیارکردنەوە و بەهێزکردنی رۆحی بەرەنگاری لە ناو کوردانی باکور سەرکەوتو بێت، بەڵام هەرگیز نەیتوانی قۆناغی دووەم (رزگارکردنی پارچەیەک خاک) و سێهەم (راگەیاندنی دەوڵەت لەسەر ئەو پارچە خاکە) بەدەست بهێنێ. لە راستیدا تا کۆتایی هەشتاکان، هاوکات کۆتایی جەنگی سارد، قۆناغی یەکەمی ئەو خەباتە، واتە هۆشیارکردنەوە و جۆشوخرۆشدان، کەم یا زۆر بە ئامانج گەیشتبوو. واتە لە سەرەتای نەوەدەکانەوە ئەم خەباتە، کەم یا زۆر، نەک هەر لە جێگای خۆی وەستاوە، بەڵکو بە لەبەر چاو گرتنی گۆڕانکارییەکانی دواتر، هەر وەک هی فەلەستینییەکان، ئەم خەباتە لە رۆخەوە گوازرایەوە بۆ رۆخی رۆخ، واتە بۆ هەرێمی کوردستان (لوبنانی پەکەکە). گواستنەوەی خەبات لە رۆخ بۆ رۆخی رۆخ لە حاڵەتی فەلەستینییەکان کتوپڕ روویدا، واتە وەک ئاکامی جەنگی حوزەیرانی ١٩٦٧، کە جەنگێکی زۆر کورت بوو، بەڵام هی پەکەکە قۆناغ بە قۆناغ، یا راستتر بڵێین لەسەر خۆ، رویدا. هاوتەریب لەگەڵ ئەم خەباتە دوور و درێژەی پەکەکە، گەمارۆیەکی دیپلۆماسی و سیاسی نێودەوڵەتی، هاوشێوەی گەمارۆکەی سەر فەلەستینییەکان، لەسەرپێ بووە. کڕۆکی گەمارۆکەش دانە پاڵی سیفەتی "تیرۆریست،" زۆر بە تایبەتی لە جیهانی رۆژئاواوە، بە پەکەکە. پەکەکە لە ساڵانی دواییدا خەریک بوو بە هۆکار و یارمەتی، ١) بە دامەزراوکردنی خەباتی خۆی لە جیهانی رۆژئاوا و ٢) ئەو فۆکەسەی لە ساڵانی دواییدا، بە شێوەیەکی ئەرێنی، کەوتە سەر ئەزموونی رۆژئاوای کوردستان و پەکەکە، بە تایبەتی لە روبەروبوونەوەی داعشدا، پەکەکە خەریک بوو رادەیەک لە سەرکەوتن لە لابردنی مۆری تیرۆریزم لەسەر خۆی بەدەست بهێنێ. بەڵام دەرەنجام، پەکەکە سەرکەوتوو نەبووە لە رزگاربوون لە "مۆری بە تیرۆریست زانین." لەوە دەچێ، ئیتر لە ئێستادا، هەوڵی پەکەکە بۆ رزگاربوون لەو "مۆرە" کەوتبێتە حاڵەتی پاشەکشە. ئەم حاڵەتەی پاشەکشەش بە ئەگەری زۆر، بە هۆی گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکان، بۆ داهاتووش درێژ دەبێتەوە"!
* "دەرەنجام، کۆی پەرەسەندنەکان وامان لێ دەکەن بڵێین کە لە دۆخێکی ئەوهادا، دەکرێ باشترین بژاردە ئەوە بێت کە ئیتر پەکەکە بە جددی بیر لە بژاردەی فەلەستینییەکان (واتە هی دانانی چەک) بکاتەوە، بە ئاراستەی دەربازبوونی پەکەکە و دۆزی کورد لە تورکیا لەم دۆخە نەرێنی و وێرانکارەییە کە تێی کەوتوون"!
------------------------------------
فەرموون ئەمەش لینکی بابەتەکەیە:
https://burhanyassin.com/Be%20Lubnanikirdin.pdf?fbclid=IwAR3OykjXkT6YPUVUWXu4BFYf-D2ZmYdqdofTGtVXrQuf0_vpc7pvcvYHxD0