21/06/2023
دوای ئەوەی لە ٢٥ی ئازارە وە قوفڵی هەناردەی نەوت گیرانەوە خێرا وەفدی هەرێمی کوردستان گەشتە بەغدا و لەماوەی ١١ رۆژدا لە ٤ی نیسان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵ گەشتنە رێکەوتن لەسەر ئەوەی سۆمۆ نەوتی هەرێم بفرۆشێت.
ئەوکات هەموو ئاماژەکان ئەوەی لێدەخوێنرایەوە کە هەناردەی نەوت بەزوویی دەست پێدەکاتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ کڕیارانی نەوتی هەرێمیشدا رێکەوتنی کرد. بەڵام دوای رێکەوتنەکە ٤٠ رۆژی ویست تاوەکو وەزارەتی نەوت وتی "داوامان لە تورکیا کردووە کە هەناردەی نەوت لە ١٣ی ئایار دەست پێ بکاتەوە". لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا ٤٠ رۆژ تێ دەپەڕێت لەسەر ئەو بەروارەش هێشتا قوفڵەکە نەکراوەتەوە!
بارودۆخەکە گۆڕانی بەسەردا هات...
یاسای بوجە لە ئەنجومەنی نوێنەران گۆرانی بەسەردا هات، لەماددەی ١٣ بڕگەی دووەم /ب زیادکرا، کە گەر هەناردە لەڕێی تورکیاوە دەستی پێنەکردەوە ئەوا نەوتی بەرهەم هاتووە هەرێم رادەستی وەزارەتی نەوت بکرێت تا لە ناوخۆدا بەکاری بهێنێت.
ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی عێراق نایەوێت سازش بکات لەسەر مافەکانی بەرانبەر تورکیا لە لێخۆشبوون لە قەرەبوو وە ئامادە نییە بەشی دووەمی داواکەی بۆ ٢٠١٨ -٢٠٢٢ لە دادگای ناوبژیوانی پاریس بکشێنێتەوە کە داخوازی تورکیایە.
بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە وا ١٠ رۆژیش بەسەر پەسەندکردنی بوجەدا تێ دەپەڕێت، ئەوە هیچ هەناردە لە رێی تورکیاوە دەستی پێنەکردووەتەوە بەڵکو وەزارەتی نەوتیش داوای لە هەرێم نەکردووە کە بەرهەمی کێڵگەکان دەستپێبکاتەوە و رادەستی بکات بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ.
ئێستا هیچ ڕێگرییەک نییە لە بەردەم هەولێر و بەغدا تا بەرهەم هێنان دەستپێبکاتەوە و لە ناوخۆدا بەکاربێت ئەی بۆ ناکرێت؟
توانای پاڵاوتنی هەرێم لە ئاستێکی بەرزدایە توانای زیاتر لە ٣٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانەی هەیە و دەتوانرێت پێداویستی ناوخۆی هەرێم و نەینەوا و سەلاحەدین و دیالە پڕبکاتەوە بە ئاسانی و هێڵی هەرێمیش بە کەرکوکەوە بەستراوەتەوە دەتوانرێت ئاراستەی باشوریش بکرێت.
بەوەی نزیکەی ٨٠ رۆژ بەسەر رێکەوتنی هەولێر و بەغدادا تێپەڕیوە و بەغدا هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ دەستپێکردنەوەی نەوت، ئەمەش فشاری زۆر لە سەر کۆمپانیا نەوتییەکان دروست دەکات، ئێستا بەرهەمهێنان بۆ نزمترین ئاست دابەزاندووە و و چالاکییەکانیان لە زۆرێک لە کێڵگەکاندا نزیک بووەتەوە لە سفر وە لە ئەو کێڵگانەی کە بەرهەم هێنانی تیادەکرێت بۆ نزمترین ئاست دابەزاندووە.
کۆمپانیا نەوتییەکان پێشتر کێشەی پێدانی شایستە داراییەکانیان هەبوو و شایستەی شەش مانگیان وەرنەگرتووە ئێستا بەدواکەوتنی بەرهەم هێنان کێشەی داراییان بۆ درووست دەبێت و کاریگەری دەبێت لەسەر وەبەرهێنان لە کێڵگەکاندا و دەرئەنجام کاریگەری دەبێت لەسەر ئاستی بەرهەم.ئەمەش خواستی شاراوەی بەغدایە.
ئەگەر تورکیا گرەو لەسەر ئەوە دەکات کە زۆر ترین دەسکەوت دەستخات لە کوشتنی کات تاوەکو عێراق رازی بکات بە لێخۆشبوون لە قەرەبوو و وازهێنان لەداوای دووەمی عێراق لە دادگای ناوبژیوانی پاریس بۆ ساڵانی ٢٠١٨-٢٠٢٢ وەگەر بتوانێت داشکاندنیش بکرێت بۆ نەوتێک کە لە عێراقی دەکڕێت، ئەوا عێراقیش هیچ پەلەی نییە لە دەست پێکردن وەی نەوتی هەرێم و زۆر جار لە رووکەشدا واپیشان دەدات کە دەیەوێت هەناردەی دەست پێبکاتەوە بەڵام لە واقیعدا زۆر حەماسی نییە بۆ ئەوە، لە بەر دوو هۆکار:
یەکەمیان کە گرنگترینیانە فشار خستنە سەر هەرێم و کۆمپانیاکانە بۆ ئەوەی زۆر ترین سازشیان پێبکات بۆ کۆنترۆڵ کردنی زیاتری مەلەفی نەوت .
دووەمیش عێراق لە چوارچێوەی رێکخراوی ئۆپێک و هاوپەیمانی ئۆپیک پلەس کاردەکات و پابەندە بەو رێکەوتنانەی هەیانە بۆ کەمکردنەوی بەرهەم و بەمەش نرخی نەوت بە بەرزی ڕابگرن دەرئەنجام بە بەرزی نرخ دەتوانرێت قەرەبووی ئەو کورتهێنانەی بەرهەمی هەرێم بکرێتەوە.
بۆیە هەردوولا بەدوو ئامانجی جیا زۆر پەلەیان نییە لە دەستپێکردنەوەی بەرهەمی نەوتی هەرێم.