پەیوەندی نێوان حکومەت و پەرلەمان: سەرهەڵدانی سیاسیی پیشەیی

18/03/2021

لاوک سەلاح

پەرلەمان دامەزراوەیەکی تەشریعی گرنگە بۆ رێکخستنی کاروباری گشتی، ئەمە لە راستییە ئاشکراکانە و نابێت بە هیچ جۆرێک فەرامۆش بکرێت و بێ هەند وەربگیرێت.

ئەم دامەزراوەیە پەیوەندیەکی ناوەندی لەگەڵ هەموو دامەزراوە و فەرمانگەکانی دەوڵەتدا هەیە، بەڵام هەمیشە ئەم پەیوەندییە لە هەڵکشان و داکشاندایە بە تایبەتی پەیوەندی بە حکومەتەوە.

قسە و مشتومڕ و گفتوگۆیەکی بەردەوامی زۆر لەسەر ئەم پەیوەندییە سەرەکییە دەکرێت.

هەرچەندە هەردوو دامەزراوەکە تەواوکەری یەکترن، بە مانای ئەوەی پرۆگرامێکی نیشتمانی لە هەردوو رووی تەشریعی و راپەراندوە جێبەجێ دەکەن، بەڵام هەمیشە لە پێشبرکێ و ململانێدان، هەندێ جار ئاستی دانپیانان بەرامبەر یەکتری دەکەوێتە بە پرسیار و گومان. یەکەمیان، وەک دامەزراوەیەکی تەشریعی، دەخوازێت دڵنیا بێت کە بڕیارەکانی جێبەجێ دەکرێن، و دووەمیان، وەک دامەزراوەیەکی جێبەجێکار، دەیەوێت پەرلەمان ئاگاداری ئالەنگارییەکان و چارەسەرەکان بێت کە دوچاری قەیران دەبێت.

سروشتی ئیدارەدانی ئەو ململانێیە رەنگدانەوەی چەندین خەسڵەتە، لەوانە توندوتۆڵی هەیکەل و پەیرەوەی ناوخۆی پەرلەمان خۆی و دەوڵەمەندی پرۆگرامە سیاسییەکانی پارتە ساسییەکان کە لە ژێر چەتری پەرلەماندا پێشبڕکێی لەسەر دەکەن و سێهەم توانای پیشەیی و تەکنیکی و یاسایی پەرلەمانتارەکان لە سەرخستنی پرۆگرامی سیاسی و ئیدارەدان و لۆبیکردن و ئاراستەکردنی هەرەشە چاوەڕواننەکراوەکان.

ئاستی بەرجەستبوونی یەکێک لە بنەماکانی دیموکراسی و دابەشبوونی دەستەڵاتەکان لە پەیرەوکردنی میکانیزمێکی شیاو لە رێکخستنی ئەو پەیوەندییەدا دەردەکەوێت و دەبێتە پێوەرێک بۆ سەلماندنی ئەوەی ئایا میکانیزمەکە تەندروست و کاریگەرە. لەو بڕوایەدام هۆکاری سێهەم گرنگی لەوانی دیکە، ئەگەر زیاتر نەبێت کەمترنییە. دواجار، ئەوە پەرلەمانتارە ئەگەر توانای یاسایی و سیاسی هەبێت پرۆگرامە سیاسییە جەوهەرییەکان دەوڵەمەند دەکات. کەواتە پەیوەندی نێوان پەرلەمان و حکومەت پێشبركێیەکی تەکنیکی و یاسایی و پرۆژە ئاسا و تواناشە، نەوەک هەر بۆ پانتاییەک بێت بۆ دەرخستنی کێشەکان و ئیدانەکردن، وەک پێشتر باسمان کرد، سەرباری ئەوەش گەرانە بە دوای ئەلتەرناتیڤدا، ئەوەی یارمەتی هێنانەکایەی ئەو ئەلتەرناتیڤە دەدات هەوڵی بێوچانی پەرلەمانتارە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری دروست و بەڵگەی شیاو بۆ دروستکردنی کەیسێکی یاسایی  تا یارمەتی پرۆسەی تەشریعکردن بدات.

نەبوونی ئەو توانا یاسایی و تەکنیکییە لە ژیانی پەرلەمانیدا، لەلایەکەوە نەبوونی مێژوویەک و میراتێکی سیاسی و دەستووری لە نێو ژیانی پەرلەمانیدا دەگەیەنێت کە پەرلەمانتاران پێویستیان پێیەتی تا پشتی پێ ببەستن و لەهەمان کاتدا دەوڵەمەندی بکەن، لە لایەکی دیکەوە نەبوونی توانای کەسێتی دەگەیەنێت بۆ بیناکردنی یەکێک لە کٶڵەکە گرنگەکانی ژیانی دیموکراسی کە پەرلەمانە.

بێگومان دەبێت لەهەمان کاتدا دۆخە گشتیەکە رەچاو بکەین تا ئاگاداربین تا چەند دەتوانین کاری تیا بکەین و چۆن.

لە نووسینی رابردوودا، باسمان لە پێویستی بۆ پێداچوونەوە بە هەیکەل و پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان لە عێراق کرد، ئەم  نووسینە وەک دەبینن تەرخانە بۆ هەندێ سەرنج و سەرەقەڵەم سەبارەت بە پەیوەندی و میکانیزمی کاری نێوان حکومەت و پەرلەمان. ئایا ئەو میکانیزمە ئاشکراو جێگیرە لە نێوان ئەم دوو دامەزراوەدا هەیە؟

ئایا راپۆرتی کارەکان لە حکومەتەوە بە ئاسانی و بەرێکوپێکی دەگاتە پەرلەمان؟

لە ژینگەیەکدا کە پڕ لە فشار و ململانێی سیاسی و بەرژەوەندی سیاسی و کەسێتی لە ئارادایە، چۆن گەرێنتی ئەوە بدەین کە راپۆرتەکان بە ناوەرۆکی دروستەوە دەنێرێن؟

دواتر لەوەش گرنگتر ئایا پەرلەمانتار لە کاری حکومەت دەزانێت؟

زۆر جار ئەمە دۆخە ئالۆزەکەیە، تا بتوانێت دایالۆگێکی "سیاسی پیشەیی" دامەزرێنێت.

بیناکردنی ئەو جۆرە لە دایالۆگ و کاری سیاسی شارەزایی لە بڕگەکانی یاساکان و دەستوور و پرۆگرامە سیاسییەکان و سەرچاوە زانستییەکان بە زمانە زیندووەکانی جیهان و ئەزموون لە پرۆگرام و کاری حکومەت دەخوازێت، هەروەها هیلاکییەکی سەختی بەردەوام دەخوازێت.

راستە، لە دونیای دیموکراسی جێگیردا، دەستەڵاتەکان دابەشکراوە لە نێوان پەرلەمان و حکومەت و دادگا، بەڵام هێستا گرفت هەر روودەدات بەهۆی ململانێی کەسێتی و جیاوازی بەرژەوەندی سیاسیەوە. ئەوەی جێگای سەرنجە و هەمیشە دەبێت لە کۆمەڵگەی پاش جەنگ ئاگاداریبین ئەوەیە ئەو دامەزراوە نوێیانە وەک خۆیان، وەک ئەوەی کە دەبێت هەبن کار ناکەن.

لەم نێوانەشدا، رێکخستنی میکانیزمی پەیوەندی نێوان پەرلەمان و حکومەت لە خاڵە لاوازەکانە.

لە دۆخی دیفاکتۆدا (واقیع حاڵدا) دونیا جیاوازە و پێویست بە بەرنامەی خێرای دەستبەجێ دەکات کە کەمترین سەرکێشی تێدا بێت.

ئەگەر هەندێک زیاتر رۆبچین بە سروشتی پەیوەندییەکەدا و لە کاری رۆژانەدا پەیوەندی نێوان وەزیرەکان و لیژنەی پەیوەندیداری پەرلەمان دەستنیشان بکەین.

ئەرکی وەزارەتە کە پرۆژە و سیاسەتی گشتی لەبەر رۆشنای یاساکاندا دارێژێت. ئەگەر بکرێت ئەو کەسانەی کە دەکەونە دوو سەنگەری جیاوازەوە واتە پەرلەمان و حکومەت لە یەک ئاستی تێگەیشتن لە کارەکان و پرۆگرامەکان و هەمان باکگراوند و هەستی بەرپرسیاریەتیبن.

بێگومان ئەمە داواکارییەکی نموونەییە، بەڵام ئەگەر پێشوەخت راهێنانێک بۆ دیسپلینکردنی رەفتارە سیاسی و ئیداری و دەوڵەتیدارییەکان هەبێت ئەو کەڵێنە گەورەتر نابێت و کار ناکاتە سەر پرۆگرامە جەوهەرییەکانی هەردوولا، یاخود ئەگەر پێشتر ئەرک و بەرپرساریەتییەکان لەسەر بنەمای پێداویستییەکان دارێژرابێت کەمتر پێکدادان روودەدات. بە مانایەکی دیکە بەر لە پراکتیزەکردنی کاری پەرلەمانی، دەبێت زەمینەسازی کرابێت و یاساکان بە شێوازێکی رۆشن دەستەڵاتەکانی دابەش کردبێت.

نموونەیەک بۆ دەرخستنی پەیوەندی نێوان پەرلەمان و حکومەت بانگهێشتکردنی وەزیرەکانە بۆ پەرلەمان بۆ ئاراستەکردنی پرسیار سەبارەت بە چالاکی و پلان و پرۆژەکانی وەزارەتە. ئەم میکانیزمە نەوەک هێشتا پیشەییانە دانەمەزراوە و نەبۆتە کارێکی رۆتینی ئاسایی، بەڵکو زۆر جار وەک بۆسەنانەوە بەکاردێت دژ بە یەکتر و لە بەردەم چەندین تەفسیر و لێکدانەوەی کەلتووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیدا دەچەقێت.


هەمیشە بیناکردن لەسەر بیانکراو ئاسانترە وەک  بیناکردن لە خاڵی سفرەوە.

ئەوەش دۆخی هەمیشەیی ئێمە بووە. پرۆسەیەک لە ئارادا نەبووە کە سەبر سەبر خشتێک بخاتە سەر خشتێکی دیکە.

 پوختەی قسە: سیاسیی پیشەیی کەسێکە کە دێتە ناو پەرلەمان ژیانی پەرلەمانی دەوڵەمەند دەکات، لەوێ فێری کارکردن و وەرگرتنی ئەزموون نابێت، بەڵکو بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی و یاسایی و سیاسیی نەوەکانی ئاییندە لە ئەستۆ دەگرێت. نەبوونی سیاسیی پیشەیی خاڵی لاوازی چین و توێژی نێو دونیای سیاسەت بووە. هیوادارم لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا سیاسیی پیشەیی سەرهەڵبدا، ئەگەر نا، نەوەی "نارەزاییەکانی تشرین" سەرسەختانە جارێکی دیکە بەرگری لە قوربانییەکانیان دەکەن.

ئەم نووسینە بانگهێشتە بۆ سەرهەڵدانی " سیاسی پیشەیی" لە نێو پەرلەمان و حکومەتدا.