دامەزراوەیی بوونی پارتی سیاسی: وێستگەیەکی چارەنووساز

21/01/2021

لاوک سەلاح

کە زاراوەی "دامەزراوە یاخود پرۆسەی دامەزراوەیی بوون" بەرگوێمان دەکەوێت دەستبەجێ خەیاڵمان بۆ دەزگا و فەرمانگەکانی حکومەت دەچێت، ئەوەی کە بیری لێ دەکەینەوە بەراوردێکی ساکارە لە نێوان فۆرمێک کە بە خەیاڵ هیوا دەخوازین بوونی هەبێت لەگەڵ فۆرمێکی دیکە کە لە وا‌قیعدا وەک دیفاکتۆ بوونی هەیە، کەڵینێ نێوانیان زۆرە و ناچارین مامەڵەی لەگەڵ بکەین و ئیدارەی بدەین.

ئەم بەراوردە تا ئەو مەودایە دروست و شیاوە کە حکومەت خۆی فاکتەر و داینەمۆی گەشەسەندی دەزگا بێت، بە مانایەکی دیکە حکومەتێک لە نێو حکومەتێکی دیکەدا نەبێت، هەیکەل و سەرمایە و کارمەند لە سەر بنەمای پیشەیی و پێوەری ستانەدەر دامەزراو بێت و رەچاوی کارە پێشینەییەکانی حکومەت بکات،  بەڵام، بەداخەوە، زۆرجار دۆخەکە بەو شێوە تیۆرییە نییە، بەڵکو لە ناو حکومەتدا قوڵایی دەستەڵات و میکانیزم و بڕیارە سەرەکییەکان و تەنانەت کارەکتەرە سەرەکییەکان لە ‌هەندێ شوێنی دیکەدان و حکومەت رۆڵی کاریگەری نییە و خۆی خاوەنی پرۆسەی دامەزراوەیی بوون نییە، لەبەر چەندین هۆکاری جیاواز، لە سەروی هەموویانەوە پاراستنی بەرژوەندییەکی سیاسی کە بە هۆی جەبرێکی مێژووییەوە درێژ بۆتەوە.

هەربۆیە، یەکەم جار، دەبێت رەخنە، بە مەبەستی بیناکردنەوە، لە پارتە سیاسییەکان بگیرێت کە رێک دەکەون حکومەت چ  فۆرم و دارشتن و پرۆگرامی ستراتیژی هەبێت و کێ کار لە ناو حکومەتەدا بکات، دواتر ئادای حکومەت بەو توانایە دەپێورێت کە پارتی سیاسی بنیاتیان ناوە. لە ئێستادا حکومەتی عێراق باشترین نموونەی سەلماندی ئەم راستیەیە. با دەستبەجێ بچینە ناو بابەتەکەوە، لە عێراق، بە روونی و ئاشکرا، دیارە دەستەڵاتەکان لە کوێن ولای کێیە، ئەوەی کە جێی بایەخی ئەم نووسینەیە، پێداچوونەوە نییە بە دۆخی عێراقدا، بەڵکو دەستنیشانکردنی هەندێ هێڵی گشتی و پێشنیارکردنی چارەسەرە بۆیان. بەر لە ریفۆرمکردن و پیادەکردنی چاکسازی و گەرانەوەی بەها بۆ چەمکی سەروەری لە نێو حکومەتدا، گرفتێکی کوشندە هەیە کە بەربەستە لەوەی حکومەت کارا بێت و وەک نوێنەری ئیرادەی خەڵک و کاری سیاسی شەرعی و چالاک بێت.

ئەو گرفتە لە دوو ئاستدا خۆی دەبینێتەوە، یەکەمیان ریفۆرمکردنی کۆی سیستمی سیاسی پارتی سیاسییە، دووەمیان ریفۆرمکردنی سیستمی پارتە سیاسییەکە خۆیەتی بە دیاریکراوی. دواجار، ئەوە پارتی سیاسییە کە کادرەکانی فڕێدەداتە ناو حکومەتەوە بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی بکەن و رەفتارێک بنووێنن کە رەنگدانەوەی ئەو پەیمانە سیاسییە بێت کە لەگەڵ خەڵک و لەگەڵ پارتی سیاسییدا مۆری دەکەن. لە زۆر لە کۆمەڵگەکاندا هەردوو ئاستەکە هاوشان وەک یەک بە دەست قەیرانەوە دەناڵێنن، لە هەندێکی دیکە رەنگە یەکێکیان بێت، یان کۆی سیستمەکە یاخود پارتە سیاسییەکە پێویستی بە پێداچوونەوە و دارشتنەوەی مانیفێست و هەیکەلی سیاسی بێت.

لە عێراقدا، هەردوو ئاستەکە بەربەست و گرفتی گەورەیان هەیە. مێژوویەکی سیاسی و ئایینی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت کەلتووری هەمیشە ئامادەیی زیندووی هەیە و بەربەستن لە تێپەراندنی ئالەنگارییەکان، کە لە ململانێ سیاسیی و کەلتووری و کەسایەتیی و سیستمی کاری پارتەکان و ئاستی ناوخۆی رێکخراوەکەوە  رەنگی داوەتەوە.  لەم نووسینەدا، خاڵی سێهەمان لەلا گرنگە، لەبەرئەوەی کەمتر قسەی لەسەر کراوە. ئەوکاتەی کە پارتی سیاسیی بە تەواوی ئەو توانایە پیشاندەدا کە بازنە و سووری ژیانی بەرجەستەی پرۆسەی دامەزراوەیە، ئەو کات، وەک کۆڵەکەیەی گرنگ لە کۆمەڵگەدا رەگ دادەکوتێت و خۆی لە هەرەشەکانی سەر نەمانی دەپارێزێت.

ئەو جێگۆرکێیەیی کە لە سەنگەرە سیاسییەکان و لە ژیانی سیاسی عێراقدا روو دەدات هەم متمانەی هاوڵاتی و خەڵک، هەم  پرۆژە و بەرنامەی سیاسی کەسەکان و پارتەکان لاواز دەکات و هەم دواجار شتێک نامێنێت بە ناوی پارتی سیاسی کە کۆڵەکەیەکی  دیاری ژیانی سیاسی و بوونی بەرنامەی سیاسییە. ئەوەی جێی سەرنج و بایەخە لە ٢٠٠٣ تاوەکو ئێستا نە هەوڵەکانی پارتە سیاسییەکان و نە لێكۆڵەوەرە سیاسییەکان گەیشتۆتە ئەوەی کە ئەم پرۆسەیە تیۆرەسازی بکەن تاوەکو ببێتە کەلتوور و نۆرمێکی سیاسی باو و پەیرەوکرا و وردە وردە خۆی لە دۆخی پەرتەوازەیی سیاسی بپارێزیت. رەنگە دۆخی بەردەوامی جەنگ کاریگەر بوو بێت لەوەی هەمیشە ژیانی سیاسی سێبەری هەبێت و سەراب بێت. بۆ نموونە، لە عێراقدا نە سیستمی سیاسی، نە پارتی سیاسی کە هەڵبژاردن وەک سیما و کۆڵەکە سەرەکییەکەیەتی، هەنگاو بەرەو باشتر دەنێت، نە پارتە سیاسییەکان کار لەسەر گۆرانکاری ناوخۆ و هەیکەلی رێکخراوەیی  خۆیان دەکەن.

مەسەلەی ریفۆرمکردنی پارتی سیاسی بە گشتی یەکێکە لە مەسەلە سیاسییە گرنگەکان کە لە ماوەی گواستنەوە  لە قۆناغە جیاوازییەکانی بەرجەستەکردنی بنەماکانی دیموکراسیەت پێویستە بێتە کایەوە، بەڵام دەبێت پرۆسەیەکی بەرپرسیاریانە بێت و ئەوەندەی دیکە کۆمەڵگە و پارتە سیاسییەکە نەشڵەقێنێت. زۆر جار، پێداچوونەوە بە نەخشەی ئەرک و کارەکانی پارتی سیاسی ئەرکی لێكۆڵەوەرە سیاسییەکانە ئەگەر لە نێو پارتی سیاسیدا بن یاخود لە دەرەوە، رەنگە تەنانەت بڕیاردەرە سیاسییەکانی پارتی سیاسی کاتی ئەوەیان نەبێت، یان ئەرکی ئەوانیش نەبێت، هەرچەندە دەبێت مافی ئەوەیان پێبدرێت، بە حوکمی ئەزموونی رۆژانەیان و ئەرکی سیاسییان و شارەزاییان لە ئیدارەی هەرەشەکان و راگرتنی پارسەنگی بەرژوەندییە سیاسییەکان، بەشێکبن لە بڕیاری سیاسی یەکلاکەرەوە. بێگومان ئەم کارەش لەسەر بنەمای پەیرەوی ناوخۆ و دەستەڵاتەکان دەبێت کە پێشتر دەستنیشانکراوە. خۆ ئەگەر ئەو پەیرەوە پێویست بە گۆرانکاری بابەتی بکات ئەوا دەبێت میکانیزمی شەرعی هەبن.

پرسیاری سەرەکی بە شێوەیەکی گشتی ئەوەیە ئایا پارتە سیاسییەکان درک بەو بۆشایە ناکەن کە پارتەکە وەک فیکر و هەیکەل و رێکخراو و میکانیزم و توانای کەسەکانی پێوستی بە پێداچوونەوە هەیە؟ ئایا هەست بە هەرەشەکان ناکەن و هەوڵ بۆ کەمکردنەوەیان نادەن. پرسیارێکی سەرەکی دیکە ئایا "دۆخی پەرتەوازە" ناونیشانی سەرەکی پارتی سیاسی نییە بە هەموو سەنگەر و باڵ و ئایدۆلۆژییە جیاوازەکانەوە لە سەردەمێکی پڕ قەیرانی دارایی و مەرگدا، کێ توانای خۆ پاراستنی لەو مێژووە پەرتەوازەییە هەیە؟ ئایا دەبێت تا ئەو کاتەی کە لە شەمەندەفەرەکەداین بڕوامان بەوە هەبێت کە وێستگەکە نزیکە، بەڵام کە خۆمان فڕێدایە دەرەوەی شەمەندەفەرەکە وێستگەکە ببێتە وەهمێکی تەماویی و ئیتر دەستبەرداری تیکتی سواربوونی شەمەندەفەدەرەکە ببین، وەک ئەوەی بەشێک نەبوبین لە مێژووی هێلی ئاسنینی شەمەندەفەرەکە. لێرەدا پرسیار لە قووڵی تێڕوانینی سیاسی و ئاستی ئادای سیاسی و توندوتۆڵی هەیکەلی سیاسی و رادەی تێگەیشتنی سیاسی لە کۆمەڵگە دەکرێت و دەبێتە بۆنەیەک و پێوەرێک بۆ پێداچوونەوە.

ئەرکی پارتی سیاسی هەمیشە و بە درێژایی مێژوو بەستنەوەی هاوڵاتییانە بە حکومەتەوە، ئەمەش لە رێگای پێشکەشکردنی خزمەتگوازی لە رێی پرۆگرامێکی سیاسییەوە، نەوەک بەرنامەی تاکە کەسەوە. دواتر، ئەوە پرۆگرامی سیاسییە نوێنەرایەتی نیگەرانی و خەمی هاوڵاتیان دەکات، ئەوە پرۆگرامی سیاسییە کۆدەنگی سیاسی دێنێتە کایەوە، نەوەک پرۆژەی تاکە کەسی یان گروپی بچووکی ناو کایەی سیاسی. ئەوە پرۆگرامی سیاسییە کە هەوڵەکان کۆ دەکاتەوە و دەبێتە دەستوورێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. هیچ پارتێکی سیاسی نییە لە دونیادا، زیاد لە پەیرەوێک و زیاد لە مەنهەجێکی کارکردنی رەسمی هەبێت، ئەگەر توانای تەکنیکی و بودجەی تەواو بوونیان نەبێت و ژینگەیەکی مەترسیدار گەمارۆی بدات و هەرەشەی بەردەوام هەبێت، ئایا چاوەڕوانییەکان لە شوێنی شیاوی خۆیاندا دەبن؟ ئەگەر پارتی سیاسی ئەو هەیکەلە سیاسییە پتەوەی نەبێت بەرامبەر هەموو ئەو ئالەنگاریانە بێتەوە کە زۆربەیان هەڵەی رادەی تێگەیشتنی سەرتاپا کۆمەڵگەیە، ئایا دەتوانیت ئەو ئەرکە ئەنجام بدات.

پوختەی قسە، هەر پرۆسەیەکی ریفرۆمکردن و دامەزراوەکردنی پارتی سیاسی بۆ ئەوەی سەرکەتوو بێت پێویستی بە توانای تەکنیکی سیاسی شیاو  و بودجەی تەرخانکراو بۆ مەبەستی دیاریکراو و خۆپاراستن لە پەرتەوازەیی سیاسی و تەماحی شەخسی شەرانگێز و بینینی هەرەشەکان و ئایندە هەیە. بۆ ئەوەی ئەم مەرجانەش لە ئارادابن پێویستمان بە تێگەیشتنی شیاو لە پرۆسەکان و هەیکەلی کار و رێکاری گونجاو هەیە. لە کوێدا وەستاوین، ئەوە گرنگە، ناکرێت هەمیشە لە سفرەوە دەستپێبکەینەوە.