09/02/2020
کە باس لە پرۆسەی دامەزراوەیبوون و رەفتاری سیاسی لە کۆمەڵگەکانی رۆژهەڵاتدا بە
گشتی و کۆمەڵگەی کوردی دەکەین وەک ئەوەیە لە دۆلێکی دوورەوە هاوار و قسە بکەین، لە
بەرئەوەی نەوەک هەر بە زەمەن و جوگرافیا دووریین، بەڵکو دۆخی سایکۆلۆژی کۆمەڵگەکە
زیاتر باڵ بەسەر هەڵسەنگاندن و حکومدان لەسەر پرۆسەکە دەدات.
شەکەتی و ماندووبوون
و لاوازی متمانەی سیاسی و شکستی پرۆژە جیاوازەکان و تارمایی جەنگی ناوخۆ و دەرەکی
بەردەوام بوار نادەن ئەو کەڵێنەی لە نێوان بیناکردنی دامەزراوە و بە پیشەیی بوونی
رەفتاری سیاسی کەمبکەینەوە، بە مانایەکی سادەتر؛ ئەوەی لە سەر عەرد روو دەدات ئەوە
نییە کە لەسەر کاغەز و نووسراوە رەسمییەکان دەنووسرێنەوە. ئەمە ئەو حەقیقەتە سادەیەیە
کە لە لای خەڵک و هاوڵاتییە. ئەوان دەڵێن کە جەنگ هەر بەردەوام بێت، کە قەیرانەکان
هەر بەردەوام بن بۆ متمانە بە ئاییندە بکەین، بەڵام ئایا دەکرێت چۆکیش دابدەین لەبەردەم
هەموو ئەو ئاڵنگارییانەی کە رۆژانە رووبەروومان دەبنەوە، هەر لە قەیرانی نەوت و
غازەوە تا دەگاتە هەرەشە ئەمنییەکانی سەر هەرێم کە رەنگە بۆ زۆرینەی خەڵک ئاشکرا نەبێت.
پرۆسەی بە دامەزراوەیکردنی
دەزگا کە دواتر دەرژێتە خانەی بیناکردنی دەوڵەت بەشێکە لە پرۆسەیەکی سەرتاسەری پەرەسەندن
و گەشەسەندنی کۆمەڵگە، پرۆسەیەکە کار لە سەر گۆرینی بەهای سیاسی و کەلتووری و ئیداری
دەکات، کار لەسەر دارشتنی چوارچێوەیەکی یاسایی دەکات و میکانیزمی سیاسی گونجاو بە
رەچاوکردنی دۆخە سیاسییەکە و هەرەشەکانی دەستنیشان دەکات. شکستی پرۆسەی بەدامەزراوەیکردن
مانای ئەوە ناگەیەنێت کە چەمکەکە شکستخواردووە بەڵکو زیاتر رەنگدانەوەی ئەو رەفتار
و ئادا و هەڵسوکەوتە ئیداری و سیاسییە کە پرۆسەکە دەکاتە قوربانی بەرژەوەندییە نایاساییەکان.
کە سۆڤییەتی پێشوو هەرەسی
هێنا و کە دەوڵەتی عێراق رووخا چاوەڕوانی خەڵک بۆ بەدامەزراوەیکردنەوەی دەوڵەت زۆر
بوو، خەیاڵی سادەی هەموومان ئەوە بوو کە دەستبەجێ دەوڵەتێک دیکە دادەمەزرێت زۆر جیاواز
دەبێت لەوەی کە هەبوو. بەداخەوە ئەوەی کە روویدا کەڵێنێکی فراوانی لە نێوان خەونی
سیاسی ئاییندە و توانای سیاسی ئێستا دەرخست، تەنانەت دامەزراندنەوەی دەزگاکانی دەوڵەت
لە رێگای یارمەتی نێودەوڵەتی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و رێکخراوە ناحکومییەکان
بۆ زیاتر لە ١٥ ساڵ، کە زۆر جار رۆڵی دەوڵەتییان لە عێراقدا دەگێرا، میراتێکی سیاسی
و کەلتووری و کۆمەڵایەتی و ئابووری وایان بەجێ نەهێشت کە پرۆسەی بەدامەزراوەیکردن ببێتە پرۆسەیەکی خۆماڵی
نیشتمانی هەر لە مەسەلەکانی سەرژمێرییەوە تا دەگاتە دامەزراندنی حکومەتە خۆجێییەکان.
ئەوەی لەم پرۆسەدا ون بوو، ئەو کەڵێنەی کە لەم پرۆسەدا بە ئاشکرا دیارە، نەبوونی ئیرادەیەکی
نیشتمانی سیاسی کە ئەجێندایەکی رەوا بدات بە پرۆسەکان تاوەکو بەردەوامی هەبێت و هەمیشە
خاڵی سفر خاڵی دەستپێکردنەوە نەبێت.
هەرەشەکان لەسەر بەدامەزراوەیکردنی
دەزگا و بیناکردنی دەوڵەت تەنیا ئەمنی و گەندەڵی دارایی نییە، بەڵی لە هەرەشە سەرەکییەکانن
کە کۆمەڵگە کرمێ دەکات و ئیرادەی سیاسی ئیفلیچ دەکات و متمانەی خەڵک بەوەی کە لە ژینگەیەکی
تەندروستدا دەژێت ناهێڵێت، بەڵام ئالنگەری دیکەش هەن کە راستەوخۆ کار دەکاتە سەر ژیانی
خەڵک ئەویش چەمکی بازاڕە کە پێویستی بە پشتگیری دامەزراوەی توندوتۆڵ هەیە تاوەکو
جووڵەی ئاسایی و یاسایی خۆی هەبێت و ژیانی خەڵک بپارێزێت یاخود هەرەشەکانی سەر ژینگە
و لاوازی چارەسەر بۆ بەرەنگاری بوونەوەیان پێویستییان بە پرۆسەی دامەزراوەبوونی دەزگا
هەیە.
رەنگە بە دامەزراوەیبوون
لە تێگەیشتنێکی سەرەتادا تەنها مانای پیادەکردنی فەرمان و بە دیسپلینکردنی کۆمەڵگە
بگەیەنێت بەڵام لە ئاستی قووڵدا دەبێت کار لەسەر هێنانەدی رەفتارێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی
پیشەیی بکات بۆ نموونە کە رووبەرووی هێماکانی تارفیک دەبیتەوە چۆن وشیارانە رەفتار
دەکەیت و دەوەستیت بەر لەوەی بزانیت کە بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆ سزای داناوە بۆ پێشێلکردنی
هێمای ترافیک، ئەگەر شەقامەکە چۆلیش بێت!
مەسەلەی متمانەی خەڵکی
بە دامودەزگای دەوڵەتی و پرۆسەی بەدامەزراوەیکردن بە ئاسانی نایەتە دی، کە خەڵک هێلێکی
ئاسمانی تایبەتی لە دونیادا بەکار دەهێنێت مانای ئەوەیە متمانە بەو هێڵە ئاسمانییە
دەکات کە ژیانی دەپارێزیت، بەهەمان شێوە کە مامەڵەی دارایی لەگەڵ بانکێکی دیاریکراودا
دەکەیت. هەر بۆیە بەدامەزراوەیکردنی دەزگا لە هەرێمی کوردستان کە رەنگە متمانەی تەواوی
خەڵکی نەبێت و بە گرنگ نەبینرێت، بەڵام لە راستیدا بۆ مەودای درێژ کارێکی زۆر
ستراتیژییە، سەرباری هەموو ئەو ئالەنگارییانەی کە هەن.
مەرجی سەرەکی بەرجەستەکردنی
پرۆسەی بەدامەزراوەیکردنی دەزگا ئیرادەی سیاسییە کە دەبێت بکرێتە رەفتارێکی سیاسی
پیشەیی.