حیکمەت و هاوسەنگی سیاسی بۆ پتەوکردنی هەرێم

10/09/2020

لاوک سەلاح

 
هەرێمی کوردستان مێژوویەکە لە دوو جەمسەری ململانێی سیاسی لە کۆن و لە ئێستادا، کوردستان نیشتمانێکە لە نێوان بەرداشی هێزە ئیقیلمییەکانی مێژوو، ململانێکانی ئەوسا و ئەوەی ئێستا لەسەر نەخشەی هەمان مێژووە، ئەگەر بە ئامرازی نوێشەوە خۆی نمایش بکات، ململانێ لەنێوان بەرداشی دەوڵەتێک کە لەسەر هەندێ لە بنەما ئایینییە سیاسییەکان دامەزرا بێت یان دەوڵەتێکی دیکە بێت کە تێکەڵەیەکە لە نفوزی سەربازی و ئایینی بە دیکۆری بەها علمانییەکانەوە.

هەر وایە، وەک جارانی قەدیمە، ململانێی ناو دیمەنە سیاسییەکەی ئێستا وەک خۆیەتی، نەخشەکان و بەرژەوەندییە دەوڵەتییەکان نەگۆراون، ململانێکان و بەیەکداچوونی بەرژوەندییەکان و دووڕیانە سیاسییەکان وەک خۆیان بەردەوامن، هەرچەندە تایبەتمەندێتییان گۆراون، بەداخەوە، کە هێزە ئیقیلمییەکان سەرقاڵی هەرەشە کلاسیکییەکانی خۆیانبن و هەوڵی مانەوەی بەرژەوەندییەکانی خۆیانبن، کە هێزە نێودەوڵەوتییەکان پشتگیریت نەکەن، کە خۆت لەگەڵ خۆتدا، لە ناو خۆتدا، رێک نەبیت، هەوڵەکان هەر بۆمانەوەیەکی خۆرسکانە دەبێت نەوەک تێپەڕاندنی ئەو سنوورە مێژوویانەی کە گەمارۆی داویین بۆ بیناکردنی پرۆژەیەک بۆ نەتەوەیەک کە هەمیشە لە دووریانە سیاسیەکاندا شەکەتە.
 
هەربۆیە، گرنگە مێژوو لە رەوتی خۆیدا بخوێنینەوە، نەوەک لە رەوتێکی نامۆوە، لە مێژووی وڵاتێکی دیکەوە چارەسەر بخوازین، سویسرا و دوبەی بە من چی؟ بەراوردکردنی ئەزموونی گەلان پێویستە، بەڵام دەبێت وریابین لە کوێدا دەتوانین ئەو ئەزموونانە لە ژینگە و دۆخی سیاسی خۆماندا بەرهەم بهێنینەوە، بەراوردەکان پێویستیان بە وردبینی زیاتر هەیە. کاری سیاسی، بەر لەهەر شتێکی دیکە، هەڵسەنگاندنی هەڕەشەکانی ناوخۆ و دەرەکییە لەگەڵ توانای سیاسی و تەکنیکی هەنووکەیی بە پشتبەستن بە دیدێکی سیاسی ستراتیژی کە شوناسی نەتەوەیەک دامەزرێنێت وەک ئەرمەنەکان.
 
لە مێژوودا، قەڵای دمدم و پاشای کۆرە، دوو رەمزی ئیرادەی کوردن، یەکەمیان رەمزی بەرگرییەکی خۆرسکە لە پاراستنی قەڵایەک بۆ مانەوە، بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو بۆ مانەوە و دووەمیان رەمزی پیشەسازییەکی سەرەتایی بەرگرییە لە ناوچەیەک، بە دروستکردنی تۆپێک بۆ ئەوەی لە بەرزاییەوە بەرگری لە ناوچەکان بکات، لەگەڵ بوونی ئەم ئیرادە سیاسییە، هەردووکیان پێویستیان بە هۆشمەندی سیاسی زیاتر هەبوو. ئاخر، مەرج نییە، هەمیشە ئیرادەی سیاسی، وشیاری سیاسی و مەعریفەی سیاسی لەگەڵ خۆی بێنێت و ریسک و مەترسییەکان هەڵسەنگێنێت و هێندەی خۆیان بیانپێوێت، پێوانی مەوداکانی نێوان مەرگ و مانەوە، پێوانی مەوداکانی نێوان ماڵوێرانی و ئاوەدانکردنەوە، پێوانی مەوداکانی نێوان چوونی ئاسایی منداڵان بۆ قوتابخانە لە سپێدەی بەیانیان و ونبوونی بێ شوناسی سەر شەقامەکان، مەودا سەختەکانی نێوان دابینکردنی بژێوی رۆژانە و مامەڵەی سیاسی و گەمێی کورت بین .
 
لە ئێستادا، لە پاش داعش، هەرچەندە تارماییەکانی لە ناوچە دابڕێنراوەکان و لە هێڵەکانی نێوان هێزە ئەمنییەکان ماوە، لە پاش تەواوبوونی فیشەکی چەکی میلان، لە پاش زیادبوونی هەڕەشە دەرەکییەکان و قەیرانەکانی ناوخۆ و جەنگی بایۆلۆجی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کاتێتی لە خۆمان بپرسین چۆن نەخشەرێگایەکی نیشتمانی دارێژین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم هەموو فشارە؟ چۆن ژیانی ٦ملیۆن کەس بپارێزین؟ بەر لە ماوەیەک پرۆسەیەکی راوێژکاری پارتە سیاسییەکان دەستی پێکرد ئایا کاتی نییە بەردەوام بێت و ببێتە پرۆسەیەکی هەمیشەیی بۆ بەرجەستەکردنی کەلتوورێکی سیاسی نوێ.
 
بۆ مێژوو، گرنگە، کە بڵێین هەموو هەبووین و ئەرکەکانمان، ئەوەی توانیمان، ئەوەی لەسەر شانمان بوو تاو ئەو مەودایەی کە توانیمان بەجێ هێنا، گرنگە دواتر بنووسرێتەوە کە لە هیچ وێستگەیەکی فەرماندا، بە بەتاڵی نەگەڕاینەوە. بۆ ئەوەی لە هەموو دیمەنەکە تێبگەین، بۆ ئەوەی لە نێو ماڵی خۆماندا شارەزای هەموو دۆخە دیفاکتۆکانبین پێویستمان بە دایالۆگێکی قووڵ و حەوسەڵەیەکی درێژ هەیە، سادەتر قسە بکەین هەڵەکان زۆرن، تەنانەت کوشندە و ستراتیژیین، بەڵام هێشتا نابێت ماڵی خۆت بە دەستی خۆت کاوڵ بکەیت، دەبێت دوور بین لە دوبارەبوونەوەی یەمەنێکی دیکە و سوریایەکی دیکە، ئێمە، جارێ، ئەوەندەی لە کارەساتەوە نزیکین لە گەشەسەندنی ئابورییەوە نزیک نیین. رەنگە کەسێک پارتێکی دیاریکراوی بە دڵ نەبێت، رەنگە مەنهەجێکی سیاسی بە دڵ نەبێت، بەڵام، رەنگە، ئەوی بەرامبەریش، مەنهەجی بەرامبەری بە دڵ نەبێت. لە نێوان ململانێی ئەم دوو جەمسەرەدا، حیکمەتێکی سیاسی پێویستە بۆ دامەزراندنی هاوسەنگی سیاسی دوور لە سڕینەوە یان سەپاندنی بیروڕایەکی کەمیینە. راستە، دەبێت هەمیشە خەونی سیاسی هەبێت بەڵام کە ریسک و هەرەشەکان بەهەند وەرنەگیرێت ئەو خەونە نابێتە پرۆژەی سیاسی، هەر وەک پەڵە هەورێک دوور لە عەرد دەمێنێتەوە و کاریگەری نابێت.
 
گرفتەکان بەرلەوەی هی پارتێکی سیاسیبن، لە بنەرەتدا هی کۆمەڵگەن، هی ئەنجامی گەڵاڵەبوونی جەنگەکانن، هی شەکەتی و نبوونی سیاسییە، هی رادە و ئاستی خوێندەوارییە، هی نەبوونی پارسەنگی بەرژوەندییەکانە، هەربۆیە دەبێت پێکەوە تێپەرین لەو بازنە داخراوانەی کە دونیای ئێمەی بە وەهمی سیاسی تەنیوە. بەداخەوە، توندوتیژی مێژوو، بە زۆر لە رەفتارە سیاسییەکانەوە دیارە، دەبێت خۆمانی لێ بپارێزین، دونیای ئێمە، دونیایەکە بە مین رێژراوە، ئاگایی و وشیاریی سیاسی دەخوازێت نەوەک سەرکێشی سیاسی، لەو بڕوایەدا نیم کەس دڵی بە بەتاڵی سیاسی خۆش بێت، هەربۆیە پێویستمان بە دامەزراندنی دیالۆگێکی سیاسی بەردەوام هەیە، کە حیکمەت و هاوسەنگی سیاسی بەرهەم بێنێت تا لە موتلەقی سیاسی بە دووربین.