پۆپۆلیزمی ناسیونالیستی رۆژئاوا و ئێمە: سیمایەکی تاریکی ئەم سەردەمە

25/09/2019

لاوک سەلاح

تا دێن سنوورەکان و کەڵێنەکانی نێوان بەناو ناسیونالیزمی نوێ وەک ماسکێکی بەکارهاتوو، لەگەڵ  کۆسمۆپۆلیتانیزمی کۆمەڵگەکان تۆخ دەبنەوە و فراوانتر دەبن. تا دوێنێ ئێمە لەو بڕوایەدا بووین کە بەرەو بیناکردنی کۆمەڵگەیەکی گەردوونی "گڵۆباڵ" هەنگاو دەنێین و کەڵێنەکانی باشوور و باکوور کاڵ دەبنەوە ، یان لانی کەم سنووردار دەکرێن و تیۆرە ئابووریەکان کە لەسەر بنەما ئایدیۆلۆجییە جیاوازەکان دامەزرابوون نامێنن و بە یەکجاری ماڵئاواییان لێدەکەین. ئێمە بە گفتە نوێکان سەرسام و ئاسوودە بووین، بەوەی ئێمە هەموومان ئیتر سەر بە یەک گوندی جیهانیین، بەوەی بەخشندەیی و مرۆڤدۆستی بە هەموو سوچ و پەنایەکی دونیادا پەخش دەبێت و ئیتر مرۆڤایەتی لە ئارامیدا کەنار دەگرێت و هەموو سەر بەو  گوندە جیهانییە دەبین کە تیایدا بە یەکسانی و دادپەروەرانە سەرمایەکان دابەش دەکرێن. ئێمە، خۆش باوەڕ بووین بەوەی کە ئیتر بۆ هەتا هەتایە ماڵئاوایی لە جەنگەکان دەکەین، ئیتر سەرقاڵی پاکژکردنەوەی گوندەکە دەبین لە گرفتەکانی ژینگە و گەرما بوونی زەوی و سەرقاڵی هێنانەکایەی "پەرەسەندنێکی نەوعی و چۆنایەتی" لە کار و دامەزراوەکاندا دەبین.

بەداخەوە، ئەوەی لە ئێستادا روودەدات و بۆ زیاتر لە دە ساڵ دەچێت بە پێی پلانێکی بە سیستم دارێژراو کاری بۆ دەکرێت هەنگاونانە بەرەو "داخران" نەوەک "کرانەوە". لە ئێستادا، جیهانگیری و بە جیهانیبوون بۆتە هەرەشە بۆ سەر هەندێ لە کۆمەڵگەکان و دامەزراوەکان و حکومەتەکان، تەنانەت شوناسی هەندێ لە وڵاتان، بەداخەوە ئەم هەرەشەیە بۆ مەبەستی سیاسی دیاریکراو خوڵقێنراوە. لە ئێستادا سەرکردەکانی هەندێ لە وڵاتە زلهێزەکان بە شێوازی نمایشتکردنی جیاواز سەرۆکایەتی تەوژمێکی بەرفراون دەکەن لە ژێر ناوی گەرانەوەی بەهای نیشتمانی و مەزنی میللەت و نەتەوەکانیان. ئەم کارەیان بۆتە مایەی هێنانەکایەی دیدێکی دیکە کە خۆی لە بەرگێکی نوێی بە ناو ناسیونالیستدا لە رۆژئاوادا نمایش دەکات، ئەم نمایشتکردنە ئەوەندەی چوارچێوەیەکە بۆ مەرامی سیاسی، ئەوەندە خیتابێکی سیاسی پر دید نییە، ئەم نمایشتە چوارچێوەیەکی بەتاڵە لە ناوەرۆک و لە راستیدا مەترسییەکی گەورەیە نەوەک هەر بۆ وڵاتەکانی خۆیان وپرۆسەی دیموکراسی لەوێ بەڵکو بۆ سەرتاپا دونیا و هیچی کەمتر نییە لەو شێوازی بیرکردنەوەی کە فاشیزمی نازییەکان و ئیتالییەکان بە رابەرایەتی هیتلەر و مۆسۆلۆنی  لە نیوەی یەکەمی سەدەی رابردوودا بەرهەمیان هێنا. ئەم هەوڵە پەردەپۆشە بە تەوژمێکی پۆپولیستانەی پڕ هەرا وهوریا کە دەخوازێت شوناسێکی چەواشەکراو زیندوو بکاتەوە بەکارکردن لەسەر ئاستی هۆشمەندی کەسە ئاساییەکانی ناو کۆمەڵگە. 

ئەوان تێکەڵەیەک و ئاوێتەیەک  لە پۆپۆلیستی بەناو ناسیۆنالیزمی نوێ بە بازاڕی سیاسی دەکەن. ئەم تێکەڵەیە لە سادەترین پێناسەدا دەڵێت دەبێت کۆمەڵگەکانمان کەلتووری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی خۆی بەدەست بهێنێتەوە و بیپارێزێت، دەبێت نەژادی خۆمان نوێنەرایەتی خۆمان بکات و پابەندبوونمان و دڵسۆزیمان بۆ نەژادی خۆمان لەسەر هەموو ئیلتیزامێکی دیکەوە بێت. سیمای سەرەکی ئەم تەوژمە ئەوەیە کە کار لەسەر هێنانەکایەی ئابووریەکی موحافزکار دەکات و دوژمنایەتی یارمەتیدانی دەرەکی و گەشەسەندی نێودەوڵەتی دەکات، ئەم تەوژمە، تا دێت، رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر لە نەژادپەرستی و رەگەزپەرستی نزیک دەبێتەوە و ئەو بڕوایە بڵاو دەکاتەوە کە تەنیا هاوڵاتی نەژادی وڵاتەکە دڵسۆزە و کەسانی دیکە، بەتایبەتی پەنابەران، دڵسۆز نیین و زۆر کار هەن نابێت بدرێنە ئەوان.
لە ئەمرۆدا، زۆربەی زۆری پۆپۆلیستە بەناو ناسیونالیستەکان بۆ نموونە "نایجل فێراج"ی سەرۆکی پارتی راسترەو و توندرەوی بریتانیا لە کاتی دەنگدانی بۆ هاتنە دەرەوەی بریتانیا لە ئەوروپا سەرکەوتنی پارتەکەی وەک سەرکەوتنی بۆ "خەڵکی راستەقینە" لە قەڵەمدا، بە مانای ئەوەی ئەو ٤٨% کە دەنگیان بە مانەوە لە ئەوروپادا داوە بەشێک نین لەو هاوڵاتیە ئەمەکدارانەی کە دەنگیان بە پرۆگرامەکەی ئەو دا! لە ساڵی ٢٠١١ سەرۆکی پارتی دادوەر و یاسای پۆپۆلیستی پۆلۆنی وتی "بۆدابەست لە وارسۆدا" بینا دەکەم، وردە وردە ئەو ستراتیژیانەی پیادە دەکرد  کە سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا پەیرەوی دەکردن، بەداخەوە ئەم جۆرە سیاسەتە وەک کاردانەوەیەک بۆ شکستی و گەندەڵی پارتە چەپەکان هاتنە بوون، ئەمان هاتن و بە بیانوی پەیرەوکردنی دیدێکی مەسیحیانە و بەناو نیشتمانپەروەرانە ئاراستەی ئاستی تێگەیشتنی کەسە ئاساییەکانیان دەکرد. سەرکەوتنی ترمپ و سەرۆکی بەرازیل لە بەرئەوە نەبوو کە  زۆرینەی دەنگیان هێنا بەڵکو لەبەرئەوەی دەنگی ئەو کەسانەیان هێنا کە کەمینە بوون بەڵام زیاتر هاواریان دەکرد. هەر ئەوەندە دەسەڵاتیان وەرگرت دەستیان کرد بە نمایشتکردنی خۆیان کە بێ ناوەرۆک دێتە بەر چاو وەک حیکایەتی هەڵچنینی دیوارەکەی نێوان مەکسیک و ئەمەریکا.

بۆ ئێمە گرنگە لە گۆڕانکارییەکان دونیای دەرەوە بە هێوری  و وەک خۆیان و لە رەوتی خۆیاندا تێبگەین بۆ ئەوەی یارتمەتیمان بدات خۆمان بناسینەوە، نەوەک خۆمان بسڕینەوە و بە ئاسانی نەکەوینە ژێر کاریگەری ئەو ململانێیانەی کە رەنگە هێشتا رەوتە سیاسییەکەیان  زۆر جیاواز بێت، بێگومان ئێمە هەر لە دواوەی ئەو رەوتە و رووداوانەوەین، گرنگە بتوانین چارەسەرەکان لە سروشتی ململانێکانی خۆمانەوە بدۆزینەوە. ئەم دۆخە ئەو پرسیارەت لەلا دروست دەکات  کێ کێ لە رۆژئاوادا بەرێوە دەبات؟ رووداوە سیاسی و ئابورییەکان یان دامەزراوە سیاسییەکان؟ تەمەنێکی درێژە ئێمە وا لە رۆژئاوا دەگەین کە ئەوان رووداو دروست دەکەن و ئەوان "کۆمەڵگەیەکی قەدەریی" نین، ئەوان وەک ئێمە قوربانی رووداوی سیاسی نین.

جاران سەرچاوەکانی زانیاری و مەعریفە و زمان زانین وا بەربڵاو نەبوو هەروەها کەمترین پەیوەندیمان بە دونیای دەرەوە هەبوو ئەمە وەک کۆمەڵگە، هەر بۆیە رادەی تێگەیشتنمان و هەڵسەنگاندنمان سەبارەت بەوەی سیاسەت و ململانێ فیکرییەکان لە کوێوە سەرچاوەیان گرتووە پڕ گرفت بوون، ئەمرۆ هەموو ئەو بەربەستانە نەماوون، بەڵام لە پەیوەندییەکی "ون و شۆک" داین لەگەڵ دونیای دەرەوەدا، پەیوەندییەک کە یارمەتی تێگەیشتنێکی فراوان نادات لەوەی ئاراستە سیاسی و فیکرییەکان بۆ بە تولەرێیەکی دیاریکراودا دەڕوات. لە باشترین دۆخدا زۆرینەیەکی زۆر لە دۆخی بەرپەرچدانەوەی هەڵەکانی رابردوودان بێ ئەوەی توانا هەبێت بۆ بەرهەمهێنانی " خیتابێکی واقیعی بەدیل" لەسەر ئاستی دامەزراوە و پارتی سیاسی یان هەر پرۆژەیەکی فیکری. ئەوەی کە لە دۆخی ئێمەدا بوونی هەیە رەتکردنەوەیەکی کوێرانەیە کە پێویستی بە ئاوڕدانەوە و پێداچوونە هەیە بە هەناسەیەکی قووڵەوە. ناکرێت نەوەیەک گەورە بکەیت رقی لە خۆی بێت و کوێرانە دونیا رەتبکاتەوە و یارمەتی نەدەیت لەگەڵ دونیادا دایالۆگێک و شوناسێک بینابکات. 

جیاوازی پۆپۆلیزمی رۆژئاوا و ئێمە ئەوەیە لە رۆژئاوادا بەگشتی دژی دامەزراوەن، دامەزراوەیەک کە بوونێکی مێژووی هەیە، لە کاتێکدا  لە کوردستان دامەزراوەت نییە و رەنگە دژی بەدامەزراوەکردنیش بن! راستە ئەوەی کە هەیە بە دامەزراوە ناژمێردرێن! 
پۆپۆلیستەکان سەر بە گروپێکی تایبەت نین، لەهەر دوو بەرەی دەستەڵات و دەرەوەدا دەرهاویشتەی خۆیان هەیە. لە رۆژئاوادا، لە ئێستادا، پرسیارە سیاسییەکان کورت دەکەنەوە بۆ پرسیاری ئینتما و شوناس، هەر کەسێک لەو بەرەیە نەبێت دەبێتە دوژمنی گەل. ئەم فاکتەرە بۆ کوردستانیش دەشێت، زۆر بە ئاسانی ئەگەر لەبەری ئەم بەردا نەبیت تۆمەتی ئەو بەرت پێدەبڕێت. هەر بۆیە ئەم دیاردەیە چەپرەوەکان و راستەوەکانیش دەگرێتەوە. لە خاڵێکی گرنگدا یەکدەگرنەوە کە ئەوێش دابەشکردنێکی غەریزی و بایۆلۆجییانەی "من لەم بەر، تۆ لەو بەری" ی کۆمەڵگەیە، لە کاتێکدا دونیا زۆر ئاڵۆزترە لەم جیاکارییە سادەیەی سەنگەر داکوتین، هەربۆیە پۆپۆلیزم خەسڵەتێکی توندرەوانە دەبەخشێت کە دەبێتە بەرهەمهێنانی "فۆبیا وسەلەفیەتێکی سیاسی" وەک چەمک و مانا سیاسییەکەی، کە تا دێت سەرتاپا هەموو سوچ و پەنایەکی دونیا دەگرێتەوە. رۆژئاوا لەبەردەم بونیاتنانی سیستمێکی "جۆرج ئۆرۆێڵی" داخراو بۆ هەموو دامەزراوەکاندایە، ئەم سیستمە کار لەسەر سنووردارکردنی کاری میدیا و رۆڵی کۆمەڵگەی مەدەنی و سیسمتی قەزائی و سەرچاوە داراییەکان دەکات.

ئێمە پێویستمان بە حیکمەتێکی سیاسی لێبوردە و دادپەروەرانە و مەدەنیانە هەیە کە بەرژوەندی شەش ملیۆن کەس بپارێزێت و شەرعیەت بداتەوە بە دامەزراوەکان و ببێتە پرۆژەی هەرێم، کەس بە تەنیا ئەم کارەی پێناکرێت، گەرانەوە بۆ خاڵی سفر دەبێتە مایەی توندوتیژی زیاتر و پەرتەوازەی زیاتر، بەداخەوە کار لەسەر گریمانە ناکرێت. لە کاتێکدا ئەوان پێویستیان بە خۆپاراستن هەیە لەو تەوژمە سیاسیانەی کە رەنگە بێ باکانە مێژوویەکی پڕ تاوان دووبارە بکەنەوە.