سەبارەت بە گفتوگۆی قەرزکردن و مافی هەرێم

12/11/2020

لاوک سەلاح


چەند هەفتەیەکە حکومەتی عێراق و پەرلەمانی عێراق لە مشتومرێکی گەرمدان سەبارەت بە پێشنیاری وەزارەتی دارایی عێراق بۆ پەسەندکردنی قەرز بۆ دابینکردنی مووچە بۆ فەرمانبەرانی عێراق، هەموو فەرمانبەرانی عێراق. 

لە دیمانەیەکدا وەزیری دارایی عێراق وتی مانگانە عەجزی ٥ ترلیۆن دینارمان هەیە و لەبەردەم دوو بژاردە داین: یان دەبێت درەنگ پارە بدەین تا پارەی موچە کۆدەکەینەوە یان قەرزی کورتی ناوخۆ بکەین بۆ دابینکردنی مووچە، لانی کەم، بۆ ئەم سێ مانگەی ئەم ساڵ تاوەکو ساڵی داهاتوو بودجە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند دەکرێت.

پرسیاری سەرەکی کە دەبێت هەموو لە خۆمانی بکەین: لە کێشە جەوهەرییەکاندا زانیاری دروست لای کێیە؟

هەروەها
چۆن ململانێ سیاسی و قەیرانە داراییەکانی بەغدا و هەرێم، هەریەکە لەلایەک و لە نێوانیانیشدا لە لایەکی دیکەوە پەخش دەکرێن و لەسەر چ بنەمایەک، دوور لە بەرژەوەندی پارتی سیاسی و نزیک لە مافی هاوڵاتی؟ بێگومان قەیرانەکانی خۆمان بۆ ئێمە دیارن، ئەوەی دیار نییە هەڵسەنگاندنی تەواوی قەیرانەکانی بەغدایە کە بۆ خەڵکی هەرێم روون نییە. هەڵسەنگاندن بۆ قەیرانەکانی هەردوولا سەنگ بە راکان دەبەخشێت و هاوڵاتی متمانەیان پێ  دەکات؟

لە دوو رۆژدا، ئێمە وەک هاوڵاتی گوێمان لە دوو هەڵوێستی جیاواز بوو: 

- یەکەمیان لە زمانحاڵی حکومەتی بەغداوە کە رایگەیاند دابینکردنی بڕە پارەی مانگانەی هەرێم وەک پێشتر لەسەری رێکەوتن بەردەوام دەبێت.

- دووەم ئەمرۆ پەرلەمانی عێراق پەیامێکی دیکەی هەبوو جیاواز لەوەی زامنحاڵی حکومەت، پەرلەمانی بەغدا  دەنگی دا دژ بە داواکاری فراکسیۆنەکانی هەرێم بۆ دابینکردنی مووچەی هەرێم کە بەرەسمی لە قەرزەکەدا تۆمار  بکرێت. زانیارییە زیاتر لەم بارەیەوە پێویستە  لەگەڵ روونکردنەوەی زیاتر  تا باشتر لە پێگەی هەردوو لا تێ بگەین، هەروەها، لانی کەم هەماهەنگی لە نێوان قسەکەری حکومەتی  عێراق و پەرلەمانی عێراق هەبێت تا زانیاری دروست بدەن. 

چی بکرێت بۆ ئەوەی زانیاری دروست بۆ هەموو لایەک هەبێت؟ زانیاری هاوسەنگ و متمانە پێکراو کامەیە؟ چ سەرچاوەیەک دەستەڵاتی بەخشینی زانیاری رەسمی هەیە؟ چۆن خۆمان لە زانیارییەک بپارێزین کە بارگاویییە بە هەوڵێستی پێشوەخت، بێگومان هەموو کەسێک ئازادە شیکردنەوەکانی لەسەر بنەمای بیروراکانی خۆی نمایش بکات، ئەوەندەی کاریگەری خراپی لەسەر جەوهەری مەسەلەکە نەبێت.

رەنگە ئەم هەنگاوە زۆر سەرەتاییانەی خوارەوە یارمەتیدەر بن:

١. کێ هەماهەنگی رەسمی لە نێوان هەرێم و حکومەتی عێراق دەکات، دەبێت ئەو، تەنیا ئەو، کۆتا زانیاری بڵاو بکاتەوە کە گوزارشت لە بنەما یاساییەکان و لێکتێگەیشتنەکان و رێکەوتنەکان دەکات، هەمیشە پەیامی هەر حکومەتێک، بەتایبەتی بۆ مەسەلەی چارەنووسازەکان، دەبێت مەرکەزی بێت. ئەمە میکانزمێکی ستاندەردە تاوەکو هاوڵاتی متمانەی بە پلان و نییەتی حکومەت و ئامرازی زانیاری هەبێت. لە دۆخی نێوان هەرێم و بەغدا یان وەفدەکانە کە دەچنە بەغدا یان نوێنەری هەرێمە بۆ هەماهەنگی پەیوەندییەکان لە نێوان هەرێم و بەغدا. ئەمە یارمەتیمان دەدات کە جەوهەری مەسەلەکە لە تەمتومانی بیروراکاندا ون نەبێت. گرنگە زمانحاڵێکی رەسمی لە نێواندا هەبێت.

٢.  راستە رۆڵی پەرلەمان چاودێریکردنە، بەڵام ئەندام پەرلەمان دەبێت زۆر بە وردی ئەو رۆڵە ببینێت و هەڵوێستی شەخسی نەبێت و بە پێی سیاسەتی فەردی مەسەلەکان لێکنەدرێنەوە، بێگومان ئەم کارە ئاسان نییە، تیشک خستنە سەر هەردوولای قەیرانەکان یارمەتی هەموو لایەک دەدەن بەشێویەکی دروست حکوم بدەن و لۆبی بەردەوام لە نێوان هەردوو لادا بکەن، ئەمە سەرباری ئاستە جیاوازەکانی ململانێکان. کاری ئەندام پەرلەمان، خۆیان لە ئێمە شارەزاترن، تەشریعە لە ناو لیژنەکان و کۆبوونەوەکان، نەوەک بە تەنیا لە ئامرازەکانی میدیا. ئەو کاتەی کە کار دێتە سەر قسەکردن بۆ میدیا ئەرکی پەرلەمانتار وشیارکردنەوەی هاوڵاتییە لە یاساکان و رێکارە سیاسییەکان. هەندێ جار ئەم دوو هێڵە تێکەڵ دەبن.

٣.  مافی هەرێم بە هەر جۆرێک بێت، هەر دەبێت پارێزراو بێت، ئەمە مافێکی مەدەنی و سیاسییە و هەر مەسەلەیەکی ناوخۆش نییە. ئەگەر پشت بە رێکەوتنەکانی نێوان هەردوولا ببەسترێت یاخود وەک هاوڵاتییەکی ئەم وڵاتە حسابی بۆ بکرێت دەبێت ئەم سێ مانگە ئەو موچەیە بدرێت بەفەرمانبەرانی هەرێم، ئەگەر فەرمانبەرانی بەشەکانی دیکەی عێراق وەریان گرت. ئەمە بۆ حکومەتی عێراق ئەرکێکی ئاشکرایە لەبەرئەوەی رێکەوتن لە نێوان هەردوو لا تا ئەم ساتە هەیە. هیوادارم بمێنێت.

٤.  ئەگەر هەرێم نەوت نەدات، ئەی کەڵێنی بەغدا چییە؟ ئەم لایەنە بە شێوەیەکی گشتی روون و دیار نییە و هیوادارم لە پەیوەندییەکانی ئاییندەدا کەسە پەیوەندیدارەکان ئەم ئەرکە بگرنە ئەستۆ و روونکردنەوە بدەن. روونکردنەوە سەبارەت بە هەڵوێستە سیاسییە جیاوازەکان و گەرەنتییەکانی بەغدا!

ڤایرۆسی کۆرۆنا عیبرەتێکی گەردوونییە، با دیدمان بۆ دونیا و شێوازەکانی پێکەوە ژیان بگۆرێت.

دووربن لە بەڵا.