لە هاتەهاتی پێکوتەدا

18/05/2020

لاوک سەلاح


خەسڵەتی قەیرانەکانی رۆژئاوا لەوانەی خۆمان ناچن، ئەمان بەتەواوی کاریگەری قووڵی خۆیان لە هەموو بوارەکاندا بەجێ دە‌هێڵن، لای خۆمان، لە رۆژهەڵات، قەیرانەکان بەردەوامن، ئەمیان دەمان دەداتە دەست ئەوی دیکەیان و زەمەنێک لە شۆکی جیاواز و سەرسامی لە رادەبەدەر بەسەر دەبەین، کە هەڵدەستینەوە بێجگە لە برینێکی مێژوویی قووڵی سارێژنەکراو، ناوەرۆکێکی بەرجەستەکراو بەجێ ناهێڵێن و عیبرەتەکەش هەر لەسەر زار دەمێنێتەوە، لە رۆژهەڵات پاش قەیران و بوومەلەزە شتێکی وا لە شێوازەکانی بیرکردنەوە ناگۆردرێن کە شان لە شانی رادیکالیەتی رووداوەکان بدات. بەداخەوە، قەیرانەکان، لای خۆمان، تەنها دەبنە حیکایەت، هەر وەک ساڵی لافاوەکە و ساڵی راپەرینە مەزنەکە و ساڵی قاتوقرییەکە...

لە رۆژئاوا، قەیران گۆرانکاریی سەخت لەسەر عەرد دێنێتە ئاراوە. گۆرانکارییەکان پێبەپێی ئەو بیروڕایانە سەرهەڵدەدەن کە لە پاش هێوربوونەوە دێنە ئاراوە، هەمیشە دونیای پاش قەیران، دونیای پێش قەیران نییە. بریتانیا بە نموونە وەربگرە، ئەوە، لە ئەنجامی جەنگی دوومی جیهان بوو، کە سیستمی چاودێری کۆمەڵایەتی هاتە ئاراوە. ئەوە، قەیرانی دارایی و ئابووری ساڵی ٢٠٠٨ بوو حکومەتەکانی رۆژئاوای ناچارکرد رادەی تێچوون و خەرجی تا دەتوانن کەم بکەنەوە و سیاسەتە داراییەکان و هەڵوێستە سیاسییەکانیان توند و سەخت بکەن و تەوژمێکی توندرەو لە راسترەوەکان لە ئەمەریکا و بریتانیا بە پشتیوانی دەنگدەران، زۆرینە لە هەڵبژاردنەکان بەدەست بهێنن و حوکم بکەن.

ئەم  ساتە، ساتی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە رۆژئاوادا هیچی کەمتر نییە لە هەموو قەیرانەکانی دیکە کە بە درێژایی مێژوو رۆژئاوا بە خۆیەوە دیوە، ئەوە ئەگەر زیاتر نەبێت. ئەم ساتە، خاڵی وەچەرخانە بۆ رۆژئاوا و کاریگەرییەکان زۆر زیاتر دەبن، دواتر، بۆ ساڵانێکی زۆر خۆیان لە سستی پرۆژە و چالاکییە ئابوورییەکان و لاوازی پەیوەندییە سیاسییەکان و تەنانەت هەلاهەلابوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیی و کەلتوورییەکان بەرجەستە دەکەن. لە بەرامبەر ئەمەدا، ئەی بۆ ئێمە، کاریگەری ڤایرۆسی کۆرۆنا چۆن دەبێت؟ چۆن بەرەنگاری ببینەوە؟ چۆن ئەم ناوچەیە و خەڵکەکەی بپارێزین؟ چۆن نەخشەرێگایەکی سیاسی بەرپرسیاریانە دارێژین؟ هیوادارم پرسیارەکان نامۆ نەبن.   

هەر لە ئێستاوە، لە بریتانیا، گۆرانکارییەکان دیارن؛ بۆ کەم کردنەوەی رێژەی مردن حکومەت ناچار بوو چالاکییە ئابوورییەکان راگرێت، لە راستیدا، بڕیار و دۆخی لەو جۆرە تەنها بە هەرەسهێنانی  دەوڵەت کۆتایی دێت ئەگەر زۆر بەردەوام بێت، بەراوردێکی خێرا، بەڵام نایەکسان لەگەڵ دۆخی خۆماندا، لێرەدا خۆی دەسەپێنێت، هەمان مەترسی و نیگەرانی لە لای خۆمان لە ئارادایە، لە بەرئەوەی لە کوردستانیش دەبوایە هەموو سەرچاوەکان تەرخان بکرێن بۆ توندکردنی کەرتی تەندروستی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە، ئەوە تەنیا چارەسەر بوو، بەڵام لە ئێستاوە، کاریگەریی ڤایرۆسەکە سەری هەڵداوە، کێشەکانی دابینکردنی مووچە و خزمەتگوزاری و زیاد بوونی رێژەی تاوان و مانگرتن لە ئاماژە سەرەکیەکانن، لە راستیدا، ئەگەر تارمایی ئافاتەکە کاڵیش بێتەوە، دەرهاویشتە سیاسی و ئابوورییەکان بەردەوام دەبن و چارەسەرکردنییان لە ملی هەموواندایە. 

لە بریتانیا، دەوڵەت یارمەتیی دارایی بۆ پرۆژە بچکۆلەکان دابین کردووە، هەروەها زیاتر لە نیوەی ئەو ٥٢ ملیۆن کەسە گەورانەی کە دانیشتوانی بریتانیان، لە دەوڵەت پارە وەردەگرن. رۆڵی دەوڵەت بۆ سپۆنسەرکردنی ئابووری سەرلەنوێ سەر هەڵدەداتەوە. لێرە، دەوڵەت بەو کۆڵەکانەی کە هەیەتی، تا رادەیەک، خۆی لەو هەرەسە دەپارێزیت و دەتوانێت تا ماوەیەکی دیکە بەردەوام بێت لە بەخشینی یارمەتی دارایی بەڵام لەوەندە زیاتر ناتوانێت ئەو کارە بکات، هەر بۆیە دەستکرا بە ئاسانکردنەوەی رێکارەکانی داخستنی سەرتاسەری. پەتاکە، ئیتر، تا دۆزینەوەی پێکوتەکە، دەبێتە هاورێی رۆژانەی هەمووان. هەرچەندە لە لایەکی دیکەوە، مەترسی ئەوە هەیە کە سیستمی ناوەندبوونی دەوڵەت بگەرێتەوە و لامەرکەزیەتی دەستەڵاتەکان لاواز بێت. 

لە لای خۆشمان، هەرەشەی ڤایرۆسەکە مەترسیدارترە، لە بەرئەوەی هەرێمی کوردستان نە دەوڵەتە و نە پرۆژەی گەورەی پیشەسازی و کشتوکاڵی هەیە کە وردە وردە دەستپێبکاتەوە و لەسەر قاچ بوەستێتەوە، هەر بۆیە دەبێت بە زووترین کات بە دوای سەرمایە و سەرچاوەی رەوا لە رێی دامەزراندنی پرۆژەی ئابووری، تەنانەت ئەگەر بچووکیش بێت، و یارمەتی دارایی ئەلتەرناتیڤدا بگەرێین و هەموو هێلکەکان نەخەینە سەبەتەی بەغداوە. دەبێت پێداچوونەوەیەکی راستگۆیانە بە هەموو فۆرمە ئابووری و سیاسەتەکانی ناوخۆدا بکەینەوە. دۆخەکە دەخوازێت واز لە سیاسەتی من فریشتە و تۆ ئەهەریمەن بێنین، واز لە سیاسەتی سەرزەنشتکردن و تۆمەتبارکردنی یەکتر بێنین، هەموو بە رێژەی جیاواز بەرپرسیاریەتیمان لەسەر شانە بۆ چاکردنی ئەم دۆخە، هەموو هەین و دەبێت کار لەگەڵ یەکتر بکەین، پێکەوە کارکردن و لێبوردەیی و میهرەبانی و فەرامۆش نەکردنی یەکتر لەو بەهایانەیە کە چۆن لە کاتی تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە پێویست بوون بەو جۆرەش لە پاش هێوربوونەوەی ڤایرۆسەکە دەبێت بڕژێنە ناو هەموو کایەکانی کۆمەڵگەوە. 

ئەم دۆخە، زۆر لە سیاسەتەکانی پێشووی حکومەتی بریتانیا بە تایبەتی حکومەتی پارێزگاران هەڵدەوەشێنێتەوە، پێشووتر دەیان ویست کەرتی تەندروستی وەک ئەمەریکای لێبکەن و بە کەرتی تایبەتی بفرۆشن، بەڵام هەرگیز بە خەیاڵیاندا نەدەهات کە ئەو کارمەندانەی تەنانەت بە پزیشکەکانیشەوە بە هیچ جۆرێک کارەکانین ستایش نەدەکرا و مووچەکانیان لە ئاستی خزمەتەکەیاندا نەبوون، هەر ئەوان  هەوڵی بەردەوام و بێ وچان دەدەن لە مەرگ قووتاریان بکەن. بەهۆی ئەم قەیرانەوە کەلێنە زۆرو زەبەنەکانی ئیدارەدانی حکومەت بۆ کەرتی گشتی سەریان هەڵدا، پیادەکردنی رێکارەکان کاتێکی زۆری برد و خەڵکێکی زۆر بوونە قوربانی تا پێداویستییەکانی خۆپاراستن و تێست دابینکران و بەداخەوە خانەکانی تەمەنداران بوونە کێشەیەکی گەورە و پرۆسەی تۆمارکردنی ئامارەکان بووە جێی ملمڵانێی هەموو لایەک و شپرزەیی زۆر بەخۆیەوە دەبینیت.

راشکاوانە قسە بکەین، بۆ ئێمە دوو هەرەشە بوونیان هەیە، یەکەمیان، وەک هەموو دەزانیین، ئابوورییە، دەبێت پێداوچوونەوەیەکی ریشەیی بەشێوازی دابینکردنی سەرچاوەکانی مووچە بکرێن و کۆکردنەوەی داهاتەکان لە هەموو ناوچەکان بکرێتە کاری پێشینە، لانی کەم پەرش و بڵاو نەبن و ئیدارەدانی سەروت و سامانی نیشتمانی لەلایەن ئەنجومەنێک یان دەستەیەک یان دامەزراوەیەکی نیشتمانییەوە بێت و ئامارەکان متمانەپێکراوبن و هەروەها پیادەکردنی رێکارەکانی چاکسازی ئەوندەی دیکە دوانەکەون. ئەمانە لە هۆکارە هەرە گرنگەکانن و هەرەشەی راستەقینەن بۆ سەر ئاسایشی نەتەوە و دەبێت بە رێکەوتنی سیاسی ئەنجام بدرێن.

ئەم راستییانە زۆر تاڵن، بەڵام ناچارین، بەجورئەتەوە رووبەروویان ببینەوە، ئەگەر نا، سەری هەموو لایەکمان دەخوات، دووەمیان ئەوەیە کە ئەو ناوچەیە بە گشتی و هەرێم بە تایبەتی کۆمەڵگەیەکە چەک لە دەستی دەوڵەتدا نییە بەڵکو لە لای پارتە سیاسییەکان و گروپی دیکەیە، هەر پەشێویەکی سیاسی خوانەخواستە روو بدات بە ئاسانی رێ خۆش دەکات بۆ دەستێوەردانی دەرەکی و هەرەسی سەرتاپای سیاسی، هەر بۆیە، یەک رێگەچارە لەبەردەم هەموواندا هەیە، ئەویش بیناکردنەوەی سەنگەری ناوەوەیە، ئایا دەتوانین؟

لە کۆتاییدا، مافی خوێنەرە بپرسێت ئەم بابەتە چەند پەیوەندی بە ناونیشانەکەوە هەیە؟ خوێنەر چاوەڕوانی بابەتێکی پزیشکی دەکرد! لە وەڵامدا دەڵێم لە ئێستادا هەموو گۆرانکارییەکان پابەندن بە هاتەهاتی پێکوتەوە، پێکوتە تارمایی هەموو ئەو ململانێیانەیە. لە چاوەڕوانی پێکوتەدا ئەو ململانێیانە ساغ دەبنەوە. دواجار، ئەوە سروشتی مرۆڤە هەر کە زانی لە مردن گەراوەتەوە، هەوڵ دەدات بچێتەوە دۆخی ئاسایی جارانی، بە یادەوەریەکی شەکەتەوە، دەجەنگێ بۆ مانەوەی خۆی. هاتنەکایەی پێکوتە وەک چاوەڕوانی "گۆدۆ" وایە، نەوەک هەر ئەوەندە، بەڵکو ململانێی مان و نەمانە.