كه‌ریم قه‌ره‌چه‌تانی و نیل پوستمن

12/06/2021

مەجید ساڵح

(...رۆژ له‌ دوای رۆژ كۆمه‌ڵگای ئه‌مریكایی ئه‌حمه‌ق تر ده‌بن) ئه‌وه‌ وته‌ی نیل پوستمن (١٩٣١ -٢٠٠٣) كۆمه‌ڵناسی ئه‌مریكایییه‌ كه‌ ره‌خنه‌یه‌یه‌كی زۆری هه‌بوو له‌و به‌رنامانه‌ی له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كانی ئه‌مریكاوه‌ په‌خش ده‌كران. ئه‌و ده‌یووت  ته‌كنه‌لۆژیایه‌ك ئه‌خلاقی تێدا نه‌بێ كولتووری كۆمه‌ڵگا ده‌شێوێنێت و كۆمه‌ڵگایه‌كی بێ ئه‌خلاق به‌رهه‌م ده‌هێنێ..
ئه‌و كاته‌ نه‌ ده‌سه‌ڵاتداران و نه‌ خه‌ڵك گوێیان به‌ قسه‌كانی نه‌دا، ئیتر خاوه‌ن كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن كۆمه‌ڵگای ئه‌مریكایان به‌جۆرێك راهێنا باوه‌ڕ به‌ یاری گورك و مه‌ڕ بهێنێت و خۆی به‌ مه‌ڕ بزانێت و خاوه‌ن كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندیش به‌ گورگ.. به‌ڵام مه‌ڕێك كه‌ پێی وایه‌ چاره‌نووسی به‌ده‌ستی خۆی نییه‌ و كه‌ی گورگ مه‌یلی خواردنی كرد، ده‌بێ ئه‌م ته‌سلیمی بێت و هیچ به‌رهه‌ڵستیه‌ك نه‌كات..
له‌ كوردستانیش به‌هۆی ئه‌وه‌ی تێكڕای كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن هی حیزبه‌ سیاسییه‌كانن، به‌رده‌وام كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن (كۆمه‌ڵگایه‌كی ئه‌حمه‌ق و گوێڕایه‌ڵ بۆ خۆیان به‌رهه‌م بهێنن..
له‌ سێ رێگه‌وه‌ كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن:
١. كۆمه‌ڵێ كه‌ناڵی تایبه‌ت به‌ هه‌واڵیان دروست كردوه‌ و رۆژانه‌ ته‌نها ئه‌و هه‌واڵانه‌ ده‌ده‌ن به‌ گوێی خه‌ڵكدا كه‌ خۆیان تێدا پاڵه‌وانن و له‌و گۆشه‌ نیگایه‌وه‌ داڕێژراون كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیانه‌.. هیچ كه‌ناڵێكی نیشتمانی و سه‌ربه‌خۆی بوونی نییه.
٢. چه‌ندین كه‌ناڵی ته‌رفیهیان كردوه‌ته‌وه‌ و رۆژانه له‌ رێگه‌ی كۆمه‌ڵێك به‌رنامه‌ و زنجیره‌ ته‌له‌فزیۆنی دۆبله‌كراوه‌وه‌‌ كار له‌سه‌ر گه‌وجاندن و گێلاندن و ئه‌حمه‌قاندنی كۆمه‌ڵگا ده‌كه‌ن.
٣. هه‌ندێ كه‌ناڵی به‌ ناو بانگخوازییان كردوه‌ته‌وه‌ بۆ له‌ خشته‌بردن و له‌ رێ لادانی خه‌ڵكی ئاین په‌روه‌ر به‌و ئاراسته‌یه‌ی كه‌ خۆیان ده‌یانه‌وێ و هه‌ركاتێك توشی ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌یه‌كی سیاسی و ئابوری ده‌بن یه‌كێك له‌و به‌ ناو مه‌لا و زانا ئاینیانه‌ ده‌هێنن هه‌ندێ قسه‌ی هه‌له‌ق و مه‌له‌ق ده‌كات و له‌ رێگه‌یه‌وه‌ رای گشتی له‌ سه‌ر مه‌سه‌له په‌یوه‌ندیداره‌كانی ژیان خه‌ڵك چه‌واشه‌ ده‌كه‌ن..
لێره‌ش دكتۆر كه‌ریم قه‌ره‌چه‌تانی و چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌كی دیكه‌ی ئه‌كادیمی له‌ ماوه‌ی رابردودا هۆشداریان داوه‌ته‌ كۆمه‌ڵگا و ده‌سه‌ڵاتداران، ر‌ێگه‌ نه‌ده‌ن به‌ بیانووی پێشكه‌وتنه‌وه‌،  به‌ها كۆمه‌ڵگا بگاته‌ ئاستی لێكترازان و داده‌پینی ئه‌خلاقی، هه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ست له‌ ئه‌خلاق هه‌موو به‌ها مرۆڤایتیه‌كانه‌.
له‌ ئه‌مریكا سه‌ره‌تا گوێیان له‌ نیل پوستمن نه‌گرت.  به‌ڵام له‌ كۆتاییدا گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ تیۆرییه‌كانی... تكایه ‌پێش ده‌سه‌ڵات، خه‌ڵك با گوێ له‌ دكتۆر كه‌ریم بگرن...