پەتای پڕوپاگەندە و پۆپۆلیزم

31/12/2019

مەجید ساڵح

(1)
ئێمە لە کۆمەڵگایەکدا دەژین لێواونلێوە لە پڕوپاگەندە، پڕوپاگەندەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری. زۆربەی ئەوانەی بەناوی هەواڵ و زانیاری بڵاودەبنەوە نزیکەی ٨٠% ئامانجێکی پڕوپاگەندەیی لە پشتەوەیە.. بەدەگمەنیش کەناڵێکی راگەیاندن شک نابەیت لەکاتی بڵاوکردنەوەی زانیارییەکی هەڵە، دوای ساڵێکیش داوای لێوردن بکات.. هیچ ناوەند ودەزگایەکیشمان نییە بۆ راستکردنەوەی هەڵەکان.. لە ئەمریکا گەر ترامپ زانیارییەکی درۆی بڵاوکردەوە دوای ١٥ خولەک چەندین ناوەند زانیارییەکەی بۆ راست دەکەنەوە..
(2)
پۆپۆلیزم، رۆژانە بە چەندین روخساری وەک سیاسەتمەدار و میدیاکار و پەرلەمانتار  و .... بۆ ناودەرکردن بەناوی بەرگریکردن لە خەڵکەوە، خودی خەلک چەواشە دەکەن..
پۆپۆلیزمەکان بەقسە و هاتوهاوارەکانیان، هاوشێوەی دەسەڵاتدارە گەندەڵ و نابەرپرسەکان وڵاتیان وێران کرد و بوون بە بایسی جێ پێ قایم کردنی مشەخۆرەکان.. 
بەجۆرێک وای لێهاتوە خەڵک لە نێوان راستی و درۆ سەریان لێ شێواوە..

لەهیچ جێگەیەکی دنیا بە دروشم و گوتاری پۆپۆلیستی نە دەوڵەتداری دەکرێت و نە ئۆپۆزسیۆنێکی تەندروست سەرهەڵدەدا

لەهیچ جێگەیەکی دنیا بە دروشم و گوتاری پۆپۆلیستی نە دەوڵەتداری دەکرێت و نە ئۆپۆزسیۆنێکی تەندروست سەرهەڵدەدا.. وەک چۆن هەرگیز بەبەرپرسی گەندەڵ و حوکمڕانی ناکارا ناگەینە سنورەکانی دیموکراسی و خۆشگوزەرانیەکی پایەدار..
(3)
کاتی ئەوە هاتوە خەڵک جیاوازی بکات لە نێوان پڕوپاگەندەو زانیاری راست.. چونکە بەپڕوپاگەندەو زانیاری درۆودەلەسە خەڵک بەرچاویان روون نابێ و بڕیاری هەڵە دەدەن.. ئیتر کاتی ئەوەیە بە پۆپۆلیستەکان هەڵ نەخەڵەتێین، سەیرێکی چەند ساڵی رابردوو بکەن، ئەوانەی دروشمی پۆپۆلیستیان دەدا و دەیانوت ئیتر شەقام دەکەین بە پەرلەمان، دوای خانەنشین لە پەرلەمان کێ لە شەقامدا بینیونیەوە؟ ئەوانەی میدیاکانیان کردبوو بە ئاگر و جوێن و قسەی ناشیرین نەما لە قاموسدا بەکاری نەهێنن، بەراوردێک بکەن لە ژیانی ئێستاو رابردویان، چی بوون و بوون بە چی؟!

ئەزمونی زۆر نزیکی وڵاتانی تازەپێگەیشتوو سەلماندویەتی بۆ گەیشتن بە خۆشگوزەرانی  دەبێ دەسەڵاتداران گوێ لەو نوخبە ئەکادیمی و فکری، نوسەر و رۆژنامەنووس، ئەدیب و هونەرمەندانە بگرن کە خاوەنی بیروڕای واقعیانەن
ئەرکی خەڵکیش ئەوەیە نەکەونە ژێر هەژمونی پڕوپاگەندەی سیاسەتمەدارە گەندەڵەکان و پۆپۆلیستە بەرژەوەندی خوازەکانەوە..

(4)
ئەزموونی گەلان دەریانخستوە تەنیا ئەو وڵاتانە دەگەن بە خۆشگوزەرانی و پەرەپێدانی سیاسی و ئابوری و فەرهەنگی، کە زانیارییە راستودروستەکان بە بێ هیچ سانسۆرێک ئاڵوگۆڕ بکرێن، پڕوپاگەندە جێگەی نەبێتەوە و چەواشەکاری نەک هەر قەدەغە، بەڵکو ریسوا بکرێت..
ئەزمونی زۆر نزیکی وڵاتانی تازەپێگەیشتوو سەلماندویەتی بۆ گەیشتن بە خۆشگوزەرانی  دەبێ دەسەڵاتداران گوێ لەو نوخبە ئەکادیمی و فکری، نوسەر و رۆژنامەنووس، ئەدیب و هونەرمەندانە بگرن کە خاوەنی بیروڕای واقعیانەن و پرۆژەی چاکسازی و پەرەپیدانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و کلتووریان پێیە...
ئەرکی خەڵکیش ئەوەیە نەکەونە ژێر هەژمونی پڕوپاگەندەی سیاسەتمەدارە گەندەڵەکان و پۆپۆلیستە بەرژەوەندی خوازەکانەوە..