ویستەكانی ئەوان هاتە دی و خواستەكانی كورد كەوتە گەروی نەهەنگەوە

10/02/2021

مەجید ساڵح

بڕیارە لە تشرینی یەكەمی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام بدرێت، بەدڵنیاییەوە دوای هەڵبژاردنەكان كۆمەڵە خەڵێكی دیكە بە نوێنەرایەتی كورد دەچنەوە بەغدا، هەندێ لەوانە لەوانەیە دوەمجار و سێیەم جاریان بێ. بەڵام پێش هەڵبژاردنەكە، مافی خۆمانە ببپرسین ئەوانە بۆچی دەچن بۆ بەغدا؟! حەتمەن وەڵامەكە ئەوەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان دەچن!!

دیسانەوە مافی خۆمانە بپرسین، ئەوانەی پێشتر چوون هەر وایان وت، بەڵام چییان كرد؟!

لە دوای ٢٠٠٥ەوە ئەوە پێنجەمین گروپە بە نوێنەرایەتی گەلی كوردستان چوونەتە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەپاڵ ئەوانیشدا، سێ سەرۆك كۆمار و دەیان كەس بە نوێنەرایەتی كورد،چەندین پۆستی‌ سیادیی‌‌و وەزاریی‌ هەستیاریان‌ لەحكومەتی‌ عیراقی‌ فیدراڵی‌ وەرگرت‌.

كارنامەی هەڵبژاردنی ئەو حیزبانەی ئەوانیان ناردووە بۆ بەغدا پڕە لە وەعد و بەڵێن بۆ بەرگری كردن لە مافە دەستورییەكانی گەلی كوردستان لە بەغدا، بەڵام لەو ٢٠ ساڵدا چیان كردوە بۆ كورد؟ ئایا توانیان خواستە نیشتمانییەكانی گەلی‌ كوردستان بەدەست بهێنێن؟!

ئایا توانیان لە بەغدا شەراكەتی‌ سیاسیی رۆشن لەگەڵ‌ هێزە عیراقییەكاندا بونیاد بنێن؟

ئایا توانیان‌ بەئاراستەی‌ چەسپاندن‌و جێبەجێكردنی‌ ئەو مادە دەستووریانەی كە مافەكانی‌ گەلی‌ كوردستان دەسەلمێنن،گوشار دروستبكەن؟!

ئایا توانیان كەركوك‌و ناوچە دابڕاوەكان بگەڕێننەوە بۆ سەر هەرێمی‌ كوردستان، لە كاتێكدا لە هەموو هەڵبژاردنەكاندا بەڵێنیان‌ بە خەڵكی‌ كوردستان دابوو لەچوارچێوەی مادەی ١٤٠ی دەستوری هەمیشەیی عێراقدا ئەو كێشەیە چارەسەر دەكەن؟!

ئایا توانیان زمانی‌ كوردی‌ وەك زمانی‌ پلە یەكی‌ فەرمی‌ لە عێراقدا بچەسپێنن، وەك لە مادەی‌ (٤)ی‌ دەستوری‌ عیراقدا هاتووە؟!

ئایا توانیان سەرباز‌و پلەدارانی‌ كورد لەهێزە چەكدارەكان‌و سوپای‌ فیدراڵدا بەشداری پێبكەن وەك ئەوەی لە مادەی‌ (٩)ی دەستوردا هاتووه؟!

ئایا توانیان یاسا دەربكەن بۆ هەردوو مادەی‌ (٦١‌و ٥٦)‌ "یاسا فیدراڵییەكان‌" و دامەزراندنی‌ "ئەنجومەنی‌ فیدراڵ‌"؟!

ئایا توانیان دادگای‌ فیدراڵی‌ باڵا بخەگەڕ‌، تاوەكو لە رێگەیەوە بەرگریكردن لە مافەكانی‌ خەڵكی‌ كوردستان بكەن، وەك لە مادەكانی‌ (٩٢، ٩٣‌و ٩٤)دا هاتووە؟!

ئایا توانیان كار بكەن بۆ دامەزراندن‌و خستنەگەڕی‌ دەستەی‌ گشتیی‌ چاودێریی‌ داهاتی‌ فیدراڵ‌‌و دەستەی‌ راژەی‌ فیدراڵ‌، بۆ بەرگریكردن لە بەركەوتی‌ دارایی‌‌و كارگێڕیی‌ خەڵكی‌ كوردستان، وەك لە هەردوو مادەی‌ (١٠٦‌و ١٠٧)دا هاتووە؟!

ئایا توانیان مادەی‌ (١٢١)ی دەستور كارا بكەن كە لە رێگەیەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێ نوسینگەی خۆی لە تەواوەی باڵیۆزخانەكانی‌ عیراقدا بكاتەوە، بەجۆرێك نوێنەرایەتی‌ قەوارەی‌ نیشتمانیی‌ هەرێم بكەن، نەك حزبە سیاسییە دەسەڵاتدارەكانی‌ كوردستان؟!

ئایا توانیانبەپێی هەمان مادەی دامەزراندنی‌ لەشكری‌ یەكگرتووی‌ پاسەوانی‌ هەرێم، وەك قەڵغانی‌ پاراستنی‌ دەسكەوتەكانی‌ گەلی‌ كوردستان بخەنە بواری جێبەجێكردنەوە، بۆ ئەوەی كوردستان ببێتە خاوەن لەشكرێكی نیشتمانی دوور لە هەر ئیعتبارێكی‌ حزبی‌‌و میلیشیایی؟!

ئەمانە و دەیان كاری دیكە هەبوون دەبوایە نوێنەرانی كورد لە بەغدا بە گیانێكی نیشتمانی و نەتەوەییەوە كاریان بۆ جێەجێكردنیان بكردایە، نەك هانی هێزە شیعەكان بدەن بۆ داگیركردنەوەی كوردستان لەژێر پاساوی ئەوەی لە كوردستاندا گەندەڵی هەیە.

بەڵێ لە كوردستاندا گەندەڵی هەیە و هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار غەرقن لەو گەندەڵیانە، بەڵام، ئەوە ئەركی خەڵكی كوردستانە ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە بگۆڕن، نەك برایەكی عەرەبی چاوڕەش. ئەوان با لە پێشدا دۆخی نغرۆبووی خۆیان لە زەلكاوی گەندەڵی و هەژمونی دەرودراوسێ بگۆڕن..

ئەگەر لەم هەڵبژاردنەشدا كۆمەڵێك پەرلەمانتار و وەزیر و سەرۆك كۆمارێك دەنێرینەوە بۆ بەغدا، دوای چوار ساڵ وەك سەرمایەدار دێنەوە بۆ كوردستان ئەوە چیمان كرد بەچی؟!

راستی فەرموو نەوشیروان مستەفا كاتێك وتی: "لەهەرێمی كوردستان هیچ لایەنێكی دەستوری، قانونی، سیاسی، تەنانەت حیزبی نییە دەسەڵاتی لێپرسینەوەی هەبێ لەگەڵ هیچ كام لە ئەندامانی نوێنەرایەتی كورد لە دەزگای بڕیاردانی سیاسی عیراقیدا. ئەوانیش ئەوەندە لە خەمی مسۆگەر كردنی پلە و پایەی بەرز و دەسكەوتی تایبەتیدا بوون بۆ خۆیان و خزم و دەستوپێوەندەكانیان لە خەمی چەسپاندنی مافەكانی كورددا نەبوون لە مەیدانی جێبەجێكردندا..

ویستەكانی ئەوان هاتە دی و خواستەكانی ئێمە كەوتە گەروی نەهەنگەوە.."