18/05/2019
دوای راپەڕینی ١٩٩١، نەوشیروان مستەفا تاکە خەونی ئەوە بوو ئەو ئەزموونەی کوردستانی عێراق "ئەگەر بۆ هەفتەیەکیش بێ، با بۆ دنیای ئیسپات بکات کە ئەتوانێ حکومڕانی خۆمان بکەین، ئەگەر وازمان لێ بێنن خۆمان ئەتوانین حکومرانی خۆمان بکەین". لەو پێناوەدا هەوڵی زۆری دا سەرەتا لە گەڵ هاوسەنگەرەکانی شاخدا، دواتر کە زۆرزۆر نائومێد بوو لەوان، هانای بردە لای ئیسلامیەکان و داوای هاوکاری لێکردن و بە مامۆستا عوسمان عەبدولعەزیزی وت: "من بۆ خۆم لە بەر دەمی ئێوەدا ئیعتراف ئەکەم کە رەنگە لە زۆریان خوێنەوار تر بم چونکە من بێجگە لەوەی جامیعەی بەغام خوێندوە، چوار ساڵیش لە ڤییەنا دەرسم خوێندوە. لە زمانیشا کوردی ئەزانم، عەرەبی ئەزانم، فارسی ئەزانم، ئەڵمانی زۆر باش ئەزانم، ئینگلیزیش ئەزانم کەچی هێشتا خۆم بە شایستەی ئەوە نازانم دانیشم لە شوێنکا، وەک سلێمانی من محافزی سلێمانی بم". پاشان بۆ چاکردنی دۆخی خراپی ئیداری دوای راپەڕین بۆ پەنای بۆ ئەکادیمیسیەنەکانی شار برد، ئەوانیش هەریەکەو بە بیانوویەک شانی خۆیان لەسەر بەرپرسیارێتیەکە دزیەوە، شەڕی ناوخۆی ١٩٩٤ دەستی پێکرد و هەموو پرۆژە ئیسلاحییەکانی نەوشیروان مستەفای پەک خست.
لە دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ٢٠٠٣، بەهۆی تێوەگلانی هێزە سیاسییەکانی عێراق بە جەنگی تائیفی و هەروەها بە هۆی ناکۆکییە ئیقلیمییەکان و بەدیاریکراوی ململانێی ئێران و عەرهبی سعودیەوە، هەلومەرجێکی گونجاو بۆ هێزە سیاسیەکانی کوردستانی عێراق رەخسا بۆ ئەوەی لە حکومەتی بەغدا پۆستی سەرۆک کۆمار و چەندین وەزارەتی گرنگ وەرگرن، سەدی حەڤدەی بودجەی گشتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان کرا، بەڵام سەرکردایەتی سیاسی هەرێم لەجیاتی پێداگری لەسەر مافی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی، دیپلۆماسی، جەنگی و فەرهەنگی بۆ کورد، بەرژەوەندییە حزبی و بنەماڵەییەکانیان کرد بە ئەولەویتی خۆیان، لە هەلومەرجێکی وادا نەوشیروان مستەفا لە رێگەی نووسین و چاوپێکەوتن و دیدارەکانیەوە، پێنج ئەولەویەتی بۆ قۆناغی دوای روخانی رژێم دیاری کرد و داوای لە سەرکردایەتی سیاسی کورد کرد بیکەن بە ستراتیژ و بەرنامەی کاری خۆیان، بەڵام ئەوان وەک جاری پێشوو، بە بیانووی جیاجیا خۆیان لێ دزیەوە. لەپێناوی تێگەیاندنیان لە ساڵی ٢٠٠٦ کۆمپانیای وشەی دروست کرد و بە دروشمی "رەخنە بەزمانی گوڵ" هەوڵێکی میدیایی زۆردا، دیسانەوە گوێیان نەگرت، ساڵی ٢٠٠٩ بزوتنەوەی گۆڕانی دامەزراند و ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێزی پەرلەمانی دروست کرد و ئەو ئەولەویەتانەی کرد بە پاکێجی ئیسلاحی و گوشارێکی زۆری کرد، بەڵام دیسانەوە دەسەڵات خۆی لێی دزیەوە، لە ٢٠١٣ چووە ناو حکومەتەوە و ویستی بەهەرنرخێک بووە جێبەجێ بکرێن، بەڵام وەڵامی ئەوان داخستنی پەرلەمان و دەرکردنی وەزیرەکانی گۆڕان بوو.
پێش کۆچی دوایی بە ساڵێک، بە دوای رێگەی دیکەدا دەگەڕا بۆ ئەوەی ئەو ئەولەیەتانە جێبەجێ بکرێن و هیچ نەبێ حوکمڕانیەکی جێگەی متمانەی خەڵک دروست بکرێ، بەڵام لە ١٩/5/٢٠١٧ کۆچی دوایی کردوە کاری جێبەجێکردنی ئەو پێنج ئەولەویەتەی بۆ هەڵگرانی بیروباوەڕەکەی وەک وەسیەتێک لە نووسینێکدا بەجێهێشت؛ وا لەخوارەوە دەیانخەینەڕوو :
یەکەم: ئەولەویەتی سیاسی
سەرەکی ترین ئەولەویەتی سیاسی بەلای نەوشیروان مستەفاوە بۆ ئەو قۆناغە وەک خۆی نووسیویەتی: "گێڕانەوەی ناوچە دابڕاوەکان" بوو، نەوشیروان مستەفا دوای روخانی رژێم لە ساڵی ٢٠٠٣ پێی وابوو: "كورد له عیراق، له پاش چهندین ساڵ خهبات و چاوهڕوانی ههلێكی مێژویی بۆ ههڵكهوت، بۆ ئهوهی ههندێ له خواسته سهرهكییهكانی، به تایبهتی دیاریكردنی سنوری كوردستان، بچهسپێنێ"، بەڵام بڕیاربەدەستانی کورد لەجیاتی ئەوە: "چارهنوسی ههمو ئهو ناوچانهیان حهواڵهی سهرژمێرێکی دیاری نهکراو و، ریفراندۆمێکی "ئهنجام نهزانراو" کرد". ئەو رای وابوو: "هیچ گهلێ بۆ سهندنهوهی پارچهیهک له نیشتمانهکهی ڕاپرسی قبول ناکا"، بەڵام "سهركردایهتی كورد، "بههۆی ململانێ ی حیزبیی ناوخۆیانهوه، بۆ رازی كردنی ئهمهریكا، ئهم ههلهی له دهس دا".
بۆیە لە نوسینێکدا بە کورت و پوختی نووسیویەتی: "یەکێک لە ئەولەویەتە سیاسیەکانی کاری سەرکردایەتی ئێستای کورد دەبێ گەڕانەوەی ناوچە دابڕاوەکان بێت".
لە دوای راپەڕینەوە خولیای سەرەکی نەوشیروان مستەفا دامەزراندنی دەسەڵاتێکی سیاسی و ئیداری خزمەتگوزار و شەفاف بووە لە کوردستان، دوای روخانی سەدام لە ساڵی ٢٠٠٣ هەر لەو نوسینەدا دەڵێ: "دەبوایە دوای روخانی رژیمی بهعس و هاتنی ئهمهریکا بۆ عیراق، دیمۆکراتیزەکردنی هەرێمی کوردستان و بە چەسپاندنی فرەیی سیاسی، سەربەخۆکردنی دەسەڵاتەکانی داوەری و تەشریعی و تەنفیزیبکرێت بە ئەولەویەتی سەرکردایەتی کورد".
دووەم: ئەولەویەتی ئابوری
رەخنەی دیکەی نەوشیروان مستەفا لە سەرکردایەتی سیاسی کورد لە باشوری کوردستان کەمتەرخەمییان بوو لە دروستکردنی ژێرخانێکی ئابوری پتەو. ئەو پێی وابوو کوردستانێکی بەهێز پێویستی بە ئابورییەکی بەهێز هەیە و ئەو بودجە زەبەلاحەی کە لە عێراقەوە دێت بۆ کوردستان گەر بەشێوەیەکی دڵسۆزانە و زانستیانە خەرج بکرێت دەکرێ کوردستانێکی خۆشگوزەرانی پێ دامەزرێنرێت. بۆیە لە رەخنەکانی بۆ سەرکردایەتی سیاسی کورد نووسیویەتی: "ئەبوایە دامەزراندن و پتەوکردنی ژێرخانی ئابوری لە ئەولەویەتیاندا بوایە، بە تایبەتی کە سەدی حەڤدەی بودجەی گشتی عیراق بۆ هەرێم تەرخان کرا".
سێیەم: ئەولەویەتی کۆمەڵایەتی
یەکێکی دیکە لە پرۆژەکانی نەوشیروان مستەفا دیزاینکردنەوەی کۆمەڵگای کوردی بوو لە دوای کارەساتەکانی ئەنفال و هەڵەبجە، ئەو پێی وابوو رژێمی سەدام لە ماوەی دەسەڵاتیدا بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو شیرازەی کۆمەڵگای کوردی تێکداوە. بۆ سەرلەنوێ رێکخستەنەوەی کۆمەڵگای کوردی پێویست بە بەرنامەیەکەکی زانستی دەکات و دەبێ ئەولەویەتێکی دیکەی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بریتی بێت لە: "نزیک کردنەوەی ئاستی گوزەرانی چینە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگای کوردی و کەمکردنەوەی جیاوازی نێوان شار و لادێ، نێوان هەژار و دەوڵەمەن، نێوان زەرەرمەندی ئەنفال و شۆڕش و هاووڵاتییانی ئاسایی".
چوارەم: ئەولەویەتی فەرهەنگی
دوای راپەڕینی ١٩٩١ نەوشیروان مستەفا هەوڵێکی بێوچانی دەدا بۆ بونیادنانەوەی دامودەزگا ئەکادیمەیەکانی کوردستان و سڕینەوەی ئاسەواری تەبعیسکردنی کایەی فەرهەنگی و کولتووری لە کوردستان، دامەزراندنەوەی زانکۆی سلێمانی و کردنەوەی ناوەندی گرنگیدان بە ئەرشیف و دیکۆمێنتە مێژوویەکانی کردبوو بە خەمی روناکبیرانی هاوڕێی. بەڵام ئەم بەرنامەی ئەو دەیویست بۆ بەرزکردنەوەی کایەی فەرهەنگی، بەلاسایی کردنەوەی رژێمی بەعس لەلایەن حزبەکانی دەسەڵاتەوە بەرگێکی حزبیان بەبەردا کرد. بۆیە لەوبەرنامەیەی بۆ سەرکردایەتی سیاسی کورد داینابوو رەخنەی لێ گرتوون و رووبەڕوو پێی وتوون: "ئەبوایە بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی زانکۆ و پەیمانگاکا و دامەزراندنی ناوەندی نیشتمانی رۆشنبیری و راگەیاندن و هونەر بکرێت بە ئەولەوێتێکی سەرەکی".
پێنجەم: ئەولەویەتی جەنگی
نەوشیروان مستەفا، بەکەڵک وەرگرتن لە ئەزمونی دوورودرێژی ئیمارەتەکانی کوردستان و هێزە سیاسییەکان، چی ئەو دەمەی لە شاخ بوو، چی لە دوای راپەڕین و چی لەدوای روخانی سەدام، پێی وابوو هەمیشە بوونی دوو هێز یان زیاتری چەکداری، جگە لە یەکترکوشتن هیچی دیکەی لێناکەوێتەوە، بۆیە لەدیدارەکەی ساڵی ١٩٩١ راست و رەوان بە مامۆستا ع.عەبدولعەزیز دەڵێ: "من پێم باشە ئێوە، بە راستی زۆر زۆر تاکید لەسەر ئەوە بکەن کە حزبەکان ئیجبار بکەن پێشمەرگە یەک بخەن، هێزی پێشمەرگە تەوحید بێ، وە بکرێ بە جەیشێ بۆ هەمو کورد، دیفاعی لە حدودی کورستان پێ بکرێ". ئەو دەم کەس گوێی لێنەگرت، شەڕی ناوخۆ دروست بوو، کوردستان بوو بە مەیدانی رمبازی هێزە ئیقلیمییەکان و هێزە سیاسییە چەکدارەکانیش بوون بە بازیچەی دەستیان.
دوای روخانی سەدام، ئەم مەترسیەی نەوشیروان بۆ یەکنەخستنی هێزە چەکدارەکان لە چەندین پرۆژەدا درا بە بەرپرسە باڵاکانی کورد، بەڵام لەمەشدا چەندین بیانوویان بۆ یەکنەخستنی هێنایەوە، ئەو دواتر بە حەسرەتەوە دەنووسێ: "ئەبوایە گۆڕینی هێزی پێشمەرگە بوایە لە هێزێکی حیزبی هەژارەوە بۆ هێزێکی نیزامی عەسری لە روی عەقیدەی عەسکەری و چەک و رێکخستن و پێکهاتەوە".
لە دوایین هەڵسەنگاندنی کاک نەوشیروان بۆ گوێ نەدانی سەرکردایەتی سیاسی کورد بەو ئەولەویەتانەی کە ئەو بۆی دیاریکردوون نووسیویەتی: "بەڵام سەرکردایەتی هەردو حیزب کەمترین بایەخیان بەم ئەولەویاتانە دا، بەڵکو ئەولەویەتی ئەوان بو بە ستراتیجی خۆ قایمکردن و، بۆ ئەو مەبەستەش تەرخانکردنی هەمو ئیمکانیات و توانای تازەپەیدا بوی ئابوری، بازرگانی، سیاسی، دیپلۆماسی، قانونی، جەنگی لە سەر ئاستی هەرێم و عیراق و لە سەر ئاستی ئیقلیمی و ناودەوڵەتی بۆ قایمکردنی دەسەڵاتی حیزبی خۆیان و، چەسپاندنی حوکمڕانی هەتاهەتایی خۆیان".
نەوشیروان مستەفا کۆچی دوایی کرد، لە دوای خۆی لە رێگەی ئەم نووسینەوە، وەسیەتە پێج خاڵیەکەی کە جێبەجێکردنی ئەو ئەولەیەتانەیە، بۆ هاوبیرەکانی بەجێ هێشتووە، باشترین وەفا بۆی بەدیهێنانی ئەو ئەولەویەتانەیە و لەسەروی هەمووشیانە گەڕانەوەی کەرکوک و ناوچە دابەڕاوەکانی کوردستانە.