مەلا بەختیارو كاریگەریی نەخۆشی دوننگ كروجر

14/09/2020

مەجید ساڵح

لە نیسانی 1995 -مەكاسەر ویلەر- لە شاری پیتسبۆرگ بە بێ ئەوەی سەروچاوی داپۆشێت بە ڕۆژی ڕووناك بە دەمانچەیەكەوە دای بەسەر بانكێكدا، لە ڕێگەی وێنەكانی لە كامێراكانی چاودێریی ناسرایەوە و هەواڵەكەی لە تیڤییەكان بڵاوكرایەوەو دەستگیركرا، بەڵام ئەو  هەر هاواری دەكرد من بە ئاوی لیمۆ خۆم داپۆشیوە چۆن دەمبینن؟؟
لە دادگا پێیان گوت: ئەو ئاوی لیمۆیە چییە لە كاتی دەستگیركردنەكەدا باستكرد؟

لە وەڵامدا گوتی: من بابەتێكم خوێندووەتەوە گەر بە ئاوی لیمۆ لەسەر كاغەزێك شت بنوسیت كەس نایبینێت تا نەدرێتە بەرتیشكی خۆر، منیش بە ئاوی لیمۆ دەمووچاوی خۆم تەڕكردووە، پێموابوو كەس لەناو بانكەكەدا روخسارم نابینێت و ناناسرێمەوە ، هەر بە ڕاست چۆن منتان بینی؟

ساڵی 1999 ئەم ڕوداوە سەرنجی زانای دەروونناسی –دیڤید دوننگ-ی لە زانكۆی كورنیل نیۆرك و جۆستین كروجر خوێندكاری خوێندنی باڵای هەمان زانكۆی ڕاكێشا دوای لێكۆڵینەوەیەك گەیشتنە ئەو دەر ئەنجامە مرۆڤ تا نەزان و بێ مەعریفە بێت لە ململانێ و ڕەفتارەكانیدا موبالەغە دەكات و تووشی نەخۆشی وەهمی سەركەوتن و پێشكەوتن دەبێـت.
ئەو كەسانەی تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن وادەزانن دائیمەن خۆیان لەسەر حەقن و خەڵكی دیكە لەسەر هەلەن، ئێستا لە زانستی دەوونناسیدا بەمانە دەڵێن لەژێركاریگەریی –دوننگ كروجر-دان.

دوننگ كروجر- جۆرێكە لە لایەنگری مەعریفی كەسێك تووشی ئەم نەخۆشییە ببێت پێی وایە زۆر وزاناو ژیرو رۆشنبیرو عاقڵترە لەوەی خەڵك دەزانن. ئەم كەسانە نكوڵی دەكەن لەوەی شارەزاییان كەمەو هەرگیزو لەژێر هیچ بارێكدا دان بە كەم توانایی خۆیاندا نانێن.

لاوازیی هوشایاریی و كەمی مەعریفەیان وایان لێدەكات زیادەڕۆیی بكەن لە تواناكانیان، ئەم جۆرە كەسانە لەكەم ئەندامێك دەچن كە نكوڵی كەم ئەندامێتی خۆی دەكات و بۆ داپۆشینی ئەو كەم و كوڕییەی خۆیان نەك هەر دانی پێدا نانێن بگرە ڕیكپەلاماری ئەو كەسانەش دەدەن  كە لەوان بە تواناتر و شارەزاترو لێهاتوو ترن، ئیرەییان بەو كەسانە دێت كە لەناو خەلكدا ڕێزدارو جێگەی پەسەندن.

گەر بەوردی گوێ لە چاوپێكەوتنەكەی مەلا بەختیار بگریت لە تەلەفزیۆنی ڕوداو باس لە كتێبی –لەبری بیرەوەری- دەكات ، بۆت دەردەكەوێت بە هەموو ماناكانی وشە تووشی نەخۆشی نەخۆشی –دوننگ كروجر- بووە.

ئەو دەمێكە لەبەرامبەر گەورەیی نەوشیروان مستەفادا هەست بە كەمی و كۆڵەواریی خۆی دەكات، بەڵام وادیارە كەمی ئاستی مەعریفە و ناكارایی فیكری و ناشارەزاییلە خوێندنەوەی مێژوووای لێكردووە وەك – مەكاسەر ویلەر- پێی وایە نوسینی كتێبێكی لەو جۆرە دەتوانێت بەمەرەكەبی رەشی لاپەڕە تەرخانكراوەكانی بۆ لێدانی نەوشیروان مستەفا ڕوخسارو رەفتارو كەم و كوڕییەكانی خۆی بشارێتەوە و لە شكۆی نەوشیروان مستەفا لەناو دڵی خەڵكدا كەم بكاتەوە و بەوەش شكۆیەكی وەهمی بۆ خۆی دروست بكات.