30/05/2021
هەنگاوەكەی دادوەرانی ڕاگەیەندراو بۆخستنەرووی چاكسازی لە نێو دەسەڵاتی دادوەری شیاوی پێزانین و دەستخۆشیە، دەرخەری ئەوەیە وەك پێشبینی كرابوو كەسانێك ماون لەم دەسەڵاتە بەتەنگ و خەمی پێگەو ناو و ناوبانگی دادگا و دەسەڵاتی دادوەرییەوەن، كە بەداخەوە بڕیاربەدەستان و ئەنجومەنی دادوەری ئەم رۆحیەتەیان تیا كەمە، ئەم نەخشە رێگایە.
1- دەری دەخات دۆخی دەسەڵاتی دادوەری لەچ قۆناغێكی مەترسیداردایە، دادگاكان متمانەیان زۆر لاواز بوە لای هاوڵاتی، راگەیەندراوی ئەم بەڕێزانە خۆی شاهیدیەکی ڕوونە بۆ دۆخی خراپی دادوەری لەهەرێمدا و دەبێت بە هەند وەربگيرێت.
2 - كێشەی بنەرەتی بۆ چاكسازی لەنێو دەسەڵاتی دادوەری بریتیە لەدەستوەردانى حیزبی بۆ كۆی كایەكانی دادگا و ئەنجومەنی دادوەری، كە لەم نەخشە رێگایەدا رێگاكانی تێدانیە بۆ وەستاندن وكەمكردنەوەی ئەم دەستوەردانە حیزبیانە کە ئەمە کەموکوڕییەکی دیاری راگەیەنراوەكەیە.
3- ئەم نەخشە رێگایەدەرخەری ئەوەیە شۆڕشێكی یاسایی وگۆرانکاری ریشەیی پێویستە بۆ ئەوەی ببینە خاوەن دەسەڵاتیكی دادوەری سەربەخۆ.
4- نەخشە رێگاكە زۆر ورد و گشتگیرە و گرفتی نێو ئەم دەسەڵاتەی ئاماژە پێداوە و رێگەچارەی بۆ داناون، ئەم هەنگاوانە ئیرادەی سیاسی و یەكلابونەوەی حزبی دەسەڵاتی دەوێت، دەنا زۆر ئەستەمە بەبێ خواست و ویستی حیزبی ئەم رێگایانە بەدی بێت، چونکە ئەم نەخشە رێگایە لەنێو پەرلەمان وحكومەت و ئەنجومەنی دادوەری بەدی دێت ، كە ئەم سێ دەسەڵاتە بریتین لە نوێنەری لایەنە سیاسیەكان، كە بەداخەوە تا ئێستا ئیرادەیەكی سیاسی بەهێزنیە بۆ چاكسازی لە نێو سیستەمی دادوەری، ئەمەش وادەكات هەنگاوەكانی ئەم نەخشە رێگایە بە ئاسانی و بێ لەمپەر و كێشمەكێش تێنەپەڕێت و نەگاتە ئەنجام، پێویست بوو ئەم لایەنەش فەرامۆش نەكرێت كە كێشەی ئەزەلی سەربەخۆنەبونی دەسەڵاتی دادوەریە.
ئێمە بەهەموو شێوەیەك پشتگیری هەموو هەنگاوێكی لەم چەشنەین بۆ خزمەتی دەوڵەتداری و سەربەخۆیی دادگا و سەروەری یاسا لەهەرێمدا.