کورد هەموو هێلکەکانی ناخاتە یەک سەبەتەوە

03/04/2021

كاروخ خۆشناو

ئەم ناونیشانەی سەرەوە مانای (دیبلۆماسیەتی هاوسەنگ) دەگەیەنێت، کە بریتیە لە ستراتیژەیەتی باڵانس ڕاگرتن لە نێوان کۆمەڵێک ووڵات و لایەنی یار و نەیاردا.

ئەم ستراتیژیەتە لەلایەن بەشێک لە ووڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان لەسەر بنەمای (بەرژەوەندی هاوبەش) پیادە دەکرێت، هەرێمی کوردستانیش لە ئێستادا هەوڵدەدات هەمان ستراتیژیەت جێ جێبەجێ بکات، بەو مانایەی کورد هەوڵدەدات هەموو هێلکەکانی نەخاتە یەک سەبەتەوە، بەڵکو دەیەوێت دابەشیان بکات بە سەر چەند سەبەتەیەک، ئەمەش ڕێگا ڕاستەکەیە، چونکە لە ڕابردوودا کورد چەند جارێک هەموو هێلکەکانی خستۆتە یەک سەبەتەوە، بەم هۆیەوە ڕووبەڕووی شکستی گەورە بۆتەوە، بۆیە گرتنەبەری ستراتیژی (دیبلۆماسیەتی هاوسەنگ) لەسەر بنەمای (بەرژەوەندی هاوبەش) لە قۆناغەکانی ئێستا و داهاتوشدا باشترین ستراتیژیەتە بۆ پارستن و بەرەوپێشچوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان.

لەم چوارچێوەیەدا خاڵێکی گرنگ لە یاسای بووجەدا، ئەوەیە نەک تەنها کورد هەموو هێلکەکانی نەخستە سەبەتەی بەغداوە، بەڵکو ئەم یاسایە بە شێوەیەکی فەرمی دانی نا بە دەسەڵات و سەروەری هەرێمی بەسەر سێکتەری نەوت و گازدا، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت داهاتووی هەرێمی کوردستان گەش و ڕووناک بێت، چونکە هەرێمی کوردستان لەسەر (نەخشەی وزەی جیهان) گرنگییەکی تایبەتی هەیە، ئەویش لەبەر ئەوەی کوردستان خاوەنی نزیکەی (45) ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگ و (5.66) ترلیۆن مەتر سێجا یەدەگی گازی سروشتییە، لەلایەکی تریشەوە، هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە بوونەتە گەرەنتی بۆ پاراستنی ناوچه‌كه‌ لە هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆریستان.

بۆ پیادەکردنی زیاتری (دیبلۆماسیەتی هاوسەنگ) دەکریت هەرێمی کوردستان سود لە ئەزموونی دوو وڵات وەربگرێت، ئەوانیش هەریەکە لە ووڵاتانی (سویسڕا و سەڵتەنەی عومان)ە چونکە ئەم دوو وڵاتە توانیویانە باڵانسێکی باش لە نێوان وڵاتانی یار و نەیاردا ڕابگرن، بۆیە دەکرێت هەرێمی کوردستانیش هەوڵبدات ڕێچکەی ئەم دوو ووڵاتە بگرێت، ئەگەرچی هەرێمی کوردستان ئەکتەرێکی نادەوڵەتیە و زەمینەسازیەکی هاوشێوەی ئەم دوو وڵاتەی نیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبینین نزیکەی (41) کۆنسوڵگەری و نوێنەرایەتی وڵاتانی جۆراوجۆر لە هەولێری پایتەختدا بوونیان هەیە و هەروەها (14) نوێنەراتی هەرێمی کوردستانیش لە کۆمەڵێک وڵاتاتی جیهاندا کراونەتەوە.

لەکۆتاییدا پێموایە چەندە گرنگە هەرێمی کوردستان ستراتیژی (دیبلۆماسیەتی هاوسەنگ) پەیڕەو بکات و هێلکەکانی دابەش بکاتە سەر سەبەتەی چەند وڵاتێکی ناوچەکە و جیهان، دوو ئەوەندەش گرنگە کورد ناوماڵی خۆی ڕێک بخاتەوە و دیدگایەکی هاوبەش دروست بکات تاکو بتوانێت لە ئاست (هەستیاری قۆناغەکە و گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە)دا بێت و سود لە دەرفەتەکان وەربگرێت و ڕووبەڕووی هەڕەشەکان بێتەوە.