18/01/2021
ململانێی نێوان سەرۆکی ئەمریکا (دۆناڵد تڕەمپ) و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران (نانسی پیلۆسی) هەر لە سەرەتای هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ساڵی (2016)ەوە دەستی پێکرد، ئەگەرچی تا ڕادەیەک لە چوارچێوەی (وڵاتێکی دیموکراسی) وەک ئەمریکادا ئەم جۆرە ململانێیە ئاساییە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە هیچ کات ململانێکان نەگەیشتوونەتە (ئاستی کەسی) وەک ئەوەی نێوان تڕەمپ و پیلۆسی، بە جۆرێک ململانێکان هەموو سنورێکیان بەزاند و پەڕینەوە بۆ ململانێی (خۆپیشاندانی توندوتێژ) و هێرشکردنە سەر کۆنگرێس، ئەمەش پێشهاتێکی ترسناک بوو لەلایەن تڕەمپەوە بۆ سەر کۆنگرێس و دیموکراسیەتی ئەمریکا، بەجۆرێک پیلۆسی هەستی بە شکانی شکۆی کۆنگرێس کرد، بۆیە لە ئێستادا پیلۆسی هەموو هەوڵێک دەدات تاکو شکۆی کۆنگرێس بگێڕیتەوە و تڕەمپیش بکات بە پەند و عیبڕەتی زەمانە!
ئەم ململانێیانە هەر لە سەرەتای دەست بەکاربوونی (تڕەمپ)ەوە بە جۆرێک تەشەنەی سەند کەوا پیلۆسی (تڕەمپ)ی بە سەرۆکێکی تاکڕە و نەشارەزا و نا شایستە بۆ کۆشکی سپی لەقەڵەمدا، بۆیە لە چوار ساڵی ڕابردوودا بە هەموو شێوەیەکی (دەستووری و یاسایی ڕێگەپێدراو) دژایەتی تڕەمپی کرد، بە جۆرێک ململانێکان گەیشتنە ئەو ئاستەی لە کاتی وتاری ساڵانەی تڕەمپ لە کۆنگرێس، پشتی لە (نانسی پیلۆسی) کرد و تەوقەی لەگەڵ نەکرد، لە بەرامبەریشدا (پیلۆسی) وتارەکەی تڕەمپی دڕاند، ئەم کار و کاردانەوانەش بە نێگەتیڤ لەقەڵەم دران و دەنگدانەوەیەکی خراپی بۆ سەر دیموکراسیەتی ئەمریکا هەبوو.
لە ئێستادا بە هەوڵی بەردەوامی پیلۆسی (تڕەمپ) دەبێتە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا کە دووجار (ئیمپیچ) کرابێت، واتە یەکەمجارە لە مێژووی ئەمریکادا هەوڵبدرێت دووجار لێپرسینەوە لە سەرۆکێک بکرێت، وەک بینیمان دوێنێ ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بەزۆرینەی دەنگ (232 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 197 دەنگی نەخێر) بڕیاریدا دووبارە لێپێچینەوە لە دۆناڵد تڕەمپ بکات، بەڵام بۆ ئەوەی بڕیارەکە لە ئەنجومەنی پیران پەسەند بکرێت پێویستی بە دەنگی (3/2) ئەندامانی سێنات هەیە، ئەمەش هەرچەندە ئەستەم نییە (چونکە دیموکراتەکان لە سێناتیش زۆرینەن) بەڵام سەختە دیموکراتەکان بتوانن ئەو دەنگە کۆبکەنەوە، بەتایبەت کە لە ئێستادا زۆرینەی ئەندامانی (پارتی کۆماری) پێیان وایە ئەم هەنگاوەی (پیلۆسی و دیموکراتەکان) برینی لێکترازانی شەقامی ئەمریکا قوڵتر دەکات و ئەگەری توندوتیژی زیاتر دەکات.
ئەم هەنگاوەی پیلۆسی لە کاتێکدایه کەوا تڕمپ تەنها حەفتەیەکی ماوە لە کۆشکی سپی، بۆیە پیلۆسی شەو و ڕۆژی خستۆتە سەر یەک تاکو تڕمپ وەک خراپترین سەرۆکی ئەمریکا بخاتە ناو مێژوو و لە هەموو دەستکەوتەکانیش بێ بەشی بکات، بەڵام پرسیار ئەوەیە، ئایا ئەم کارەی پیلۆسی برینی لێکرازانی شەقامی ئەمریکی ساڕێژ دەکات یان قوڵتر دەکات؟