کورد و باوەڕ بەخۆبوون!

03/02/2021

كاروخ خۆشناو

یەکێک لە فاکتەرە گرنگەکانی پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگه‌یەک، باوەڕبەخۆبوونە (Self Confidence)، چ لەسەر ئاستی تاک بێت یان لەسەر ئاستی کۆمەڵگه‌ به‌ گشتی. لە (رابردوو و ئێستا و داهاتوو)شدا یەکێک لە ڕێگه‌کانی دوژمنانی کورد بۆ ڕێگەگرتن لە دروستبوونی کیانێکی کوردی، تێکشاندنی کەسایەتی و سایکۆلۆژیای (تاکی کورد) بووە، ئەویش لە رێگه‌ی سیاسەتی (سەرکوتکردن و ژێردەستەیی و داپڵۆسین و چەوساندنەوە) ئەم پڕۆسەیەش بە درێژایی مێژوو (لە رێگه‌ی جیاوازەوە) بە شێوەیەکی بەردەوام و سیستەماتیک لە لایەن دووژمنان و داگیرکەرانی کوردستانەوە پیادەکراوە.

ئامانج لەم پڕۆسەیەش دروست نەبوونی تاکی کوردی (باوەڕ بەخۆبووە) کە بەردی بناغەی درستبوونی وڵاتێکی سەربەخۆ و پێشکەوتووە، بەڵام خۆشبەختانە مێژوو سەلماندوویەتی کەوا فاکتەری (باوەڕبەخۆبوون) نهێنی مانەوە و سەرکەوتنی میللەتی کورد بووە لە (ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو)شدا. لەم چوارچێوەیەدا پێویستە ئێمەی کورد لەو حەقیقەتە تێ بگەین کەوا (باوەڕبەخۆبوون) بەردی بناغەی سەرهەڵدانی هەموو شارستانیەتەکانی جیهان بووە، بۆ نموونە ئەو ئەمریکایەی کە ئێستا بووەتە زلهێزترین وڵاتی دونیا لەسەر دەستی کۆمەڵێک کەسی (باوەڕبەخۆبوو) بنیاتنراوە کە بە (باوکانی دامەزرێنەر) ناسراون، بریتین لە: جۆرج واشنتن، جۆن ئه‌دامز، تۆماس جیفه‌رسۆن، جه‌یمس مادیسۆن، ئه‌لێكسانده‌ر هامیڵتۆن، جه‌یمس مۆنرۆو، بێنجامین فرانكلین.

 

ئه‌مانه‌ به‌یه‌كه‌وه‌، بناغه‌ی ده‌وڵه‌تێكی دیموكراسی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانیان دامه‌زراند، شه‌رعیه‌تیێكیان جێهێشت كه‌ نه‌خشه‌ی جیهان داده‌ڕێژێت. لێرەدا پێویستە هەڵوەستەیەک بکەین و هەندێک گلەیی لە خۆشمان بکەین و دان بە هەندێک ڕاستی تاڵدا بنێن، کە زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی چوار پارچەی کوردستان بە ئاگایی بێت، یاخود بەبێ ئاگایی، درێژەپێدەری هەندێک لە شێوازەکانی داگیرکەران بوون لە مامەڵەکردن لەگەڵ یەکتردا، لە یادەوەری هەمووشماندا کۆمەڵێک یادگاری تاڵ هەیە لە سەر تێکشاندنی کەسایەتی یەکتر، بە جۆرێک کە دەرەنجامێکی خراپی لێ کەوتەوە و کۆمەڵێک تاکی بێمتمانە و (باوەڕبەخۆ نه‌بوو)ی لێبەرهەم هاتووە.

لە کۆتاییدا گرنگە تاک بە تاکی نەتەوه‌ی کورد باوەڕی تەواوی بە خۆی هەبێت و بە هیچ جۆرێک خۆی پێ کەمتر نەبێت لە نەتەوەکانی تری ناوچەکە و جیهان، بۆ ئەم مەبەستە لەلایەک گرنگە لەسەر ئاستی (حکومی) لە ڕێگای سێکتەری پەروەردەوە هەوڵ بدرێت وانەی (باوەڕبەخۆ بوون) بخرێتە نێو مەنهەجی خوێندن، تاکو بەشێوازێکی (زانستیانە و سەردەمیانە) پڕۆسەی پەروەردەکردن لە پێناو دروستکردنی (تاکێکی باوەڕ بەخۆبوو) بەڕێوە بچێت، هەروەها لەلایەکی تریش گرنگە لەسەر ئاستی کەسی، هەموومان کار لەسەر خۆمان و خێزان و ژینگە و دەوروبەرمان بکەین، بە جۆرێک کە هەمیشە (تۆو)ی باوەڕبەخۆبوون (دوور لە خۆ بەزلزانین و نەژاد پەرستی) لە ناخماندا بچێنین، لەپێناو به‌دیهێنانی خەونەکانمان و رووبەڕووبوونەوەی پیلانی دوژمنان، چونکە بەدیهێنانی خەونەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی پیلانی دووژمنان پێویستی بە کۆمەڵگه‌یەک هەیە کە تاکەکانی باوەڕیان بە خۆیان هەبێت.