14/09/2020
دوای (٥۰) ڕۆژی تر خەڵکی ئەمریکا بۆ جاری (٥٩)هەین لەمێژوودا، دەچنە سەر سندوقەکانی هەڵبژاردنەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک و کۆی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و (٣/١) ئەندامانی ئەنجومەنی پیران.
لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا هەردوو پارتە سەرەکیەکەی ئەمریکا (کۆماری و دیموکرات) کۆنگرەی نیشتیمانی خۆیان بەست و بە شێوەیەکی فەرمی کاندیدەکانی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا ناوزەد کرد.
چاوەڕەوان دەکرێت لە دوو مانگی داهاتوودا (تـــا)ی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لە (تـــا)ی پەتای کۆڕۆنا گەرمتر بێت.
لاتان سەیر نەبێت ئەگەر بڵێم پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنی ئەمریکا هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پڕ دەبێت لە گوتاری نا عەقڵانی و تەخوینکردن و جوێن و قسەی نەشیاو، بەڵام جیاوازیەکەی لەوەدایە (تـــا)ی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا تەنها پێش هەڵبژادن گەرم دەبێت و دواتر سارد دەبێتەوە و هەر کام لە بەربژێرەکان (تڕەمپ یان بایدن) دەربچن، لە گوتاری سەرکەوتندا دەڵێت "هەڵبژاردن تەواو بوو، من سەرۆک و خزمەتکاری هەموو ئەمریکیەکانم بە بێ جیاوازی (بە دیموکرات و کۆماریەکانەوە) لە چوار ساڵی داهاتوودا بە گوێرەی ئەو دەسەڵاتانەی دەستور بۆی دیاریکردوم، ئەو پەڕی توانام دەخەمە گەر بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردن"
ئەم هەڵبژاردنەی سەرۆکایەتی ئەمریکا چەند خەسڵەتێکی جیاوازی لە هەڵبژاردنەکانی پشوتر لە خۆگرتووە.
لەوانە:
١- یەکەمجارە ژنێکی ڕەش پێست (کاماڵا هاریس) وەک بەربژێر بۆ جێگری سەرۆک (جۆ بایدن) کاندید بکرێت.
٢- ئەگەر بەربژێری دیموکراتەکان (جۆ بایدن) سەرکەووتن بەدەست بهێنێت ئەوا دەبێتە بەتەمەنترین سەرۆکی ئەمریکا چونکە تەمەنی (٧٨) ساڵە، هەروەها دەبێتە سەرۆکی ژمارە (٤٦)ی ئەمریکا.
٣- بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای کۆڕۆناوە چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی دەنگدان بە (پۆستە) یەک لەسەر سێ کۆی ژمارەی دەنگدەران پێک بهێنێت.
(دۆناڵد تڕەمپ) دژی ئەم شێوازەی دەنگدانەیە بە (پۆستە) چونکە دەڵێت تەزویری تێدا دەکرێت، بەڵام ئەم شێوازەی دەنگ دان بەدڵی (جۆ بایدن)ە و دەڵێت مافی هاوڵاتی ئەمریکیە کە بەهۆی کۆڕۆناوە لە ماڵەکانی خۆیان دەنگ بدەن.
٤- لە مێژووی (٢٢٠) ساڵەی (کۆشکی سپی)دا، یەکەمجارە پارتی کۆماری کە تەمەنی (١٥٦) ساڵە ئاهەنگی کۆنگرەی نیشتیمانی پارتەکەیان ببەنە کۆشکی سپی.
٥- ئەگەر تڕەمپ لە هەڵبژاردن بباتەوە، ئەوا دەبێتە یەکەم سەرۆکی بازرگان کە دوو خولی سەرۆکایەتی ئەمریکا بباتەوە، چونکە تڕەمپ کەمترین ئەزموون و و زانیاری و سەروکاری هەبووە لەگەڵ سیاسەت بەگشتی و سیاسەتی دەرەوە بەتایبەتی.
٦- ئەگەر تڕەمپ لە هەڵبژاردن بدۆڕێت ئەوا دەبێتە سێهەم سەرۆک کە لە (١٢) خولی هەڵبژاردنەکانی پێشودا نەیانتوانیووە لە خولی دووەمدا سەرکەوتن بەدەست بێهنن، چونکە لە (٤٨) ساڵی ڕابردوودا تەنها دوو سەرۆکی ئەمریکا لە خولی دووەمدا دۆڕاون ئەوانیش (جیمی کارتەر و جۆرج بۆشی باوک)
چاوەڕواندەکرێت لە دوو مانگی داهاتوودا گەرمترین و سەیر و سەمەرەترین هەڵمەتی هەڵبژاردن لە مێژووی ئەمریکادا ئەنجام بدرێت>
هەر لە ئێستاوە (تـــا)ی هەڵبژاردن زۆر گەرمترە لە (تــــا)ی کۆڕۆنا و هەر دوێنی لە کۆتا ڕۆژی کۆنگرەی نیشتیمانی کۆماریەکان، تڕەمپ گوتی:
٭ ئەمەریكا لەو شەڕانە دەكێشینەوە كە هیچ كات كۆتایی نایەت.
٭ هەردوو گەورە تیرۆرستی جیهانی سلێمانی و بەغدادیمان كوشت ئێستا جیهان ئارامترە.
٭ ئابورییەكەمان دەگۆڕین لە(Made in china بۆ Made in USA)
٭ بایدن دەیەوێت ئابوری ئەمەریكا وێران بكات، ئێمە ئابوریەكی مەزن دروست دەكەین و زیاتر باج كەم دەكەینەوە.
٭داوا دەکەم تێستی مادە هۆشبەرەکان بۆ خۆم و جۆ بایدن بکرێت پێش دیبەتکردن لە مانگی تشرینی یەکەمدا.
چاوەڕوان دەکرێت لە دوو مانگی داهاتوودا (ئەتمۆسفێرێکی بارگاوی) پڕ لە تیر و توانج بەرهەرهەم بێت لە نێوان تڕەمپ و بایدن و ئەندام و لایەنگرانی هەردوو پارتی سەرەکی ئەمریکا (کۆماریەکان و دیموکراتەکان).