26/01/2021
ئەگەر بەخێرایی چاوێک بخشێنینەوە بە مێژووی وڵاتانی جیهان بەگشتی و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە زۆربەی کات (مەنتقی هێز) زاڵ بووە بەسەر (هێزی مەنتق)دا.
قەدەری میللەتی کوردیش لەڕووی جیوپۆڵۆتیکەوه کەوتۆەتە نێو جەرگەی کۆمەڵێک وڵاتی فاشیست و ڕەگەزپەرست و دواکەوتوو، کە هەمیشە بە (مەنتقی هێز) مامەڵەیان لەگەڵ کورد کردووە، بەمەبەستی چەوساندنەوە و لەناوبردن و سڕینەوەی کەلتور و زمان و شکاندنی کەسایەتی کورد و لەباربردنی خەونی سەربەخۆیی، بەڵام خۆشبەختانە بەشێکی زۆری ئەم هەوڵانە بێسود بوون بەهۆی خۆڕاگری گەلی کوردستان، بەڵام لێرەدا پرسیارە جەوهەریەکە ئەوەیە کە بۆچی کورد وێڕای ئەو هەموو شۆڕش و قوربانیدانە، وەکو گەلانی تری ناوچەکە نەبۆتە خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ؟
ئەو پرسیارە وەڵامی زۆر هەڵدەگرێت، لەوانە (کورت) بینی (کورد) لە ڕابردوودا و هەڵەکردنیان بۆ خوێندنەوەی پارسەنگی هێز لە ناوچەکەدا، هۆکارێکی سەرەکی شکستهێنان بووە، کە لە ئەنجامدا دەربەدەری و ماڵوێرانی خەڵکی کوردستانی لێکەوتووەتەوە.
بەڵام پێموایە نەهاتنەدی ئەم خەونە لە ڕابردوودا دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکاری سەرەکی:
1- هۆکاری دەرەکی یان پیلانی داگیرکەران:
پلانی وڵاتانی زلهێزی جیهان لەگەڵ وڵاتانی ئیقلیمی داگیرکەر بۆ لە باربردنی هەموو هەوڵێکی سەربەخۆیی و چاوتێبڕینیان لە سەروەت و سامانی کوردستان وای لێکردوون کە خاک و خەڵکی کوردستان وەکو نێچیرێکی چەور ڕاو بکەن و لە سەر سفرەی ژەمەکانیان لە نێوان خۆیاندا "وەحش ئاسا" بە دڕندەترین شێواز و بە ددانە ژەهراویەکانیان قەپ لە جەستەی کوردستان بگرن.
2- هۆکاری ناوەکی یان پەرتەوازەیی کورد:
بەداخەوە کورد لەڕابردوو و لە ئێستاشدا پەرتەوازەیە و یەک دەنگ و یەک هەڵوێست نییە، بەمانایەکی تر سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بەجۆرێک پەرتەوازەیە کە پێبزانن یان نەزانن، دوژمنانی کوردیان دڵخۆش کردووە، بە جۆرێک کە بەردەوامبوون بەم حاڵەی ئێستا زۆربەی لایەنە سیاسیەکان دەخاتە بازنەی خزمەتکردن بە دوژمنانی کورد.
بۆیە تاکە ڕێگا لەبەردەم لایەنە سیاسیەکانی کوردستان دایەلۆگ و یەکتر قبوڵکردن و دانیشتنە لەپێناو چاککردنی باری ئابووری خەڵک و نوسینەوەی یەک پڕۆژەی نیشتیمانی و نەتەوەیی بۆ چەژنی نەورۆز و دیاریکردنی تایم تەیبڵێک بۆ جێبەجێرکردنی ئەم پڕۆژەیە، ئەگەر لایەنە سیاسیەکان ئەم تاکە ڕێگایە بگرنەبەر و ئەجێندایەکی نەتەوەیی و نیشتیمانی بۆ کوردستان بنوسنەوە، ئەوا کوردستان لەم چەق بەستوییە ڕزگاری دەبێت و دەبینە خاوەنی دووانەی (مەنتقی هێز و هێزی مەنتق) بەم هەنگاوەشیان "کاوە ئاسا" ڕازاوەترین جەژنی نەورۆز بۆ خەڵکی کوردستان دەخولقێنن.