17/11/2020
لە یاری دیموکراسیدا بردنەوە و دۆڕان هەیە، تاکو ئێستا تڕەمپ بە ڕاشکاوی دانی بە دۆڕانی خۆی نەناوە لە هەڵبژاردنەکاندا بەرامبەر بایدن، چونکە تڕەمپ حەزی بە دۆڕان نیە، ئەگەرچی دوێنێ دانی بە شکستی خۆی نا، بەڵام دوای چەند خولەکێک پەشیمان بوویەوە، دیارە لای تڕەمپ یاریەکە کۆتایی نەهاتووە و هێشتا ئومێدی بە ئەنجامی سکاڵاکان هەیە، بەڵام لای دیموکراتەکان و بەشێکی زۆری کۆماریەکان، یاریەکە کۆتایی هاتووە (The Game is Over)
سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کەوا ئەم ناوچەیە بایەخ و گرنگی جارانی نەماوە لە ناو ستراتیژیەتی ئەمریکادا، چونکە ئەمریکا وەک جاران پێویستی بە سەرچاوەی ووزەی ئەم ناوچەیە نەماوە، ئەمەش بەهۆی بەرهەمهێنانی بڕێکی زۆر ووزە (نەوت و گاز) لە ناوخۆی ئەمریکا، بە جۆرێک کە هەموو پێداویستیەکانی ناوخۆی تێر دەکات.
لەلایەکی تریش بەهۆی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی (عەڕەب-ئیسڕائیل) لە ڕێگای واژووکردنی ڕێکەوتنەکانی ئیبڕاهیمی و شامی نوێ و نیۆم لە ژێر چەتری ڕێکەوتنامەی سەدە، هەروەها لەم چوارچێوەیەدا چاوەڕووان دەکرێت کەوا هێزێکی سەربازی هاوبەش دروستبکرێت (هاوشێوەی ناتۆ) لە نێوان وڵاتانی عەڕەبی و ئیسڕائیل بۆ ڕوو بە ڕووبوونەوەی هەژموونی ئێران و دژایەتیکردنی تیرۆر و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە لە ئەنجامی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکادا دروست دەبێت.
دوای دورخستنەوەی (مارک ئێسپەر) وەزیری بەرگری ئەمریکا لەلایەن تڕەمپەوە، هەروەها سەردانی ئەم چەند ڕۆژەی (مایک پۆمپیۆ) بۆ ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هەندێک ئاماژە هەن پێمان دەڵێن کەوا تڕەمپ کۆمەڵێک سینارێۆی لەبەردەستە، بەر لەوەی ماڵئاوایی بکات لە کۆشکی سپی، مەبەستیەتی گۆمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بشڵەقێنێت، ئەم هەنگاوەش بە پێچەوانەی نەریتی دیموکراسی ئەمریکا لەقەڵەم دەدرێت، بەتایبەت کە (تڕەمپ) دانی بە دۆڕانی خۆی دانەناوە و تاکو ئێستاش پیرۆزبایی سەرکەوتنی لە (بایدن) نەکردووە، بۆیە چاوەڕوانی ئەجیندایەکی شۆک ئامێز لە تڕەمپ دەکرێت، بە تایبەت لەم دوو مانگەی کە لە بەردەستی ماوە وەک (سەرۆکی ئەمریکا) لەو چوارچێوەیەدا چاوەڕوان دەکرێت کەوا تڕەمپ هەندێک جوڵە و کردەوەی سەربازی ئەنجام بدات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لەوانە:
1- بە شێوەیەکی ڕاستەوحۆ ئەمریکا گورزێکی کەمەرشکێن لە ئێران بوەشێنێت و هەندێک پێگەی ناوەکی و ساروخی و هەندێک ناوچەی سەربازی لە بەندەر عەباس بکاتە ئامانج.
2- بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هاوکاری ئیسڕائیل بکات لە وەشاندنی گورزێکی سەربازی بۆ سەر پێگە ناوەکی و سەربازیەکانی ئێران.
3- لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا هێزەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکشێنێتەوە بەتایبەت لە هەرسێ وڵاتی (عێڕاق و سویا و ئەفغانسان).
4- ئەنجامدانی ئەم سیناریۆیە لەلایەک بۆ شێواندنی ئەجیندای بایدن و مەشغول بوونی بە چارەسەرکردنی کێشەکانی دەرەوە، لە جیاتی فۆکەس خستنە سەر کێشەکانی ناوخۆی ئەمریکا، لەلایەکی تر تێکدانی ئەجیندای (بایدن) لە بەرامبەر ئیران و لەمپەر خستنە پێش زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی (5+1).
5- دوای جێهێشتنی کۆشکی سپی (بەناچاری) تڕەمپ (خۆی یان ئیڤانکای کچی یان جارید کۆشنێری زاوای) ئامادە دەکات بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی (2024) بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتی پارتی کۆماری دەدات، لەلایەن خۆی و خێزانەکەیەوە.
6- دوای نەمانی پارێزبەندی سەرۆکایەتی (تڕەمپ) ترسی لە کۆمەڵێک سکاڵا هەیە کە لە دادگاکان دژی بجوڵێنرێن و ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی بکرێتەوە بە هۆی نەدانی باج لەکارە بازرگانیەکانی و هەندێک سکاڵای ئافرەتان لەسەر کەیسی هەراسانکردن و مامەڵەی ناتەندروست.
لە کۆتاییدا گرنگە ئەم ڕاستیە بزانین کەوا بە هۆی ناسەقامگیری پەیوەندیەکانی (واشنتن) لەگەل هەریەک لە تاران و دیمەشق و ئەنکەرە و بەغدا، چاوەڕواندەکرێت (کورد) لە هەر چوار پارچەی کوردستان (بەتایبەت لە باشور و ڕۆژئاوا) دەرفەتی بەھێزتری بۆ بڕەخسێت.
لەم چوارچێوەیەشدا گرنگە کورد خۆی ئامادە بکات بۆ ئەوەی بەرژەوەندیەکانی خۆی لەگەڵ ئەمریکا، ببەستێتەوە بە سەقامگیری و خۆشگوزەرانی کوردستان، بە واتایەکی تر بەرژەوەندیەکانی کوردستان پاڕاڵێڵ بکات لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا، ئەمەش بە پتەوکردنی ڕێزەکانی ناوخۆ و ئەنجامدانی چاکسازیەکی ڕیشەیی و فەراهەمکردنی ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ خەڵکی کوردستان دەکرێت، بۆیە لە ئێستادا گرنگە کورد بە ئەجیندایەکی یەکگرتوو بەرنامەڕێژی بۆ سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوە بکات و شێوازی (کاردانەوە بۆ رووداوەکان) بگۆردرێت بۆ نەخشەرێگایەکی ستراتیژی نیشتیمانی، تاکو بتوانێت بە یەکگرتوویی سود لە دەرفەتەکان وەربگرێت و ڕووبەڕووی هەڕەشەکان ببێتەوە.
*سەرۆکی ئینستیتۆی توێژینەوەی (ئەمریکی-کوردی)