کاریگەری کۆڕۆنا لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا

12/05/2020

كاروخ خۆشناو

ڕوون و ئاشکرایە کە ڤایرۆسی کۆڕۆنا کاریگەریەکی تەواوی کردۆتە سەر هەموو سێکتەر و کایەکانی ژیان، لە نێویشیاندا سێکتەر و کایەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵاتی و تەندروستی و پەروەردەیی و گواستنەوە و تەکنەلۆژی و....هتد، بە جۆرێک کە زۆربەی بابەتەکانی تر پەراوێز خراون و فۆکەسی هەموو چاوەکان خراوەتە سەر چۆنیەتی خۆپارێزی و ڕووبەڕووبۆنەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا.

کاریگەریەکە بە جۆرێکە کە دەکرێت زەمەن دابەش بکرێت بەسەر زەمەنی پێش کۆڕۆنا و زەمەنی دوای کۆڕۆنا هەروەها ئەگەرێکی بەهێز هەیە کە پەتای کۆڕۆنا بە پەتای سەدەی (۲۱) بناسێنرێت. لە کاتێکدا خەڵکی ئەمریکا سەرقاڵی خۆ ئامادەکردن بوو بۆ (هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی) کە بڕیارە لە ڕۆژی سێ شەممە (۲۰۲۰/۱۱/۳) ئەنجام بدرێت، ڤایرۆسی کۆڕۆنا خۆی گەیاندە هەر (٥۰) ولایەتەکە و ڕێڕەوی گرنگی پێدانی خەڵک و حکومەتی ئەمریکای گۆڕی لە گرنگیدان بە هەڵبژاردنەکانەوە بۆ گرنگیدان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا، بە جۆرێک کە هەڵبژاردنە بەراییەکانی پارتی دیموکرات لە ولایەتی ئۆهایۆ دواخرا بەهۆی ڕاگەیەیاندنی حاڵەتی ئامادەباشی دژی کۆڕۆنا.

لە دوو مانگی ڕابردوودا پڕۆسەی هەڵبژاردنە ناوخۆیەکانی پارتی دیموکرات بە باشی بەڕێوەچوون، بەجۆرێک کە تەنها دوو ڕکابەر لە ململانێکاندا ماون، ئەوانیش (جۆ بایدنی تەمەن ۷۷ ساڵ و بێرنی ساندەرزی تەمەن ۷٨ ساڵ)، لە نێوان ئەم دوو ڕکابەرەشدا چانسی (جۆ بایدن) بەهێزترە دوای سەرکەوتنی ناوبراو لە هەرسێ ولایەتی (فلۆریدا و ئەلینۆی و ئەریزۆنا) بۆیە چاوەڕووان دەکرێت (جۆ بایدن) ببێتە بەربژێری سەرەکی پارتی دیموکرات و ڕووبەڕووی (تڕەمپ) ببێتەوە، ئەمەش لە کاتێدایە کە سەرۆکی پارتی کۆماری (ڕۆنا ماکدانیل) ڕایگەیاند کە پارتی کۆماری بەفەرمی (دۆناڵد تڕەمپ)ی بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەربژێر کردووە.

لە ئێستادا (دۆناڵد تڕەمپ) لەژێر تاقیکردنەوەیەکی قورسی ڤایرۆسی کۆڕۆنادایە، ئەگەر تڕەمپ توانی بەسەر کۆڕۆنادا سەربکەوێت، ئەوا دەتوانێت لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی مانگی نۆڤەمبەریشدا سەربکەوێت، واتە سەرکەوتنی تڕەمپ بەسەر کۆڕۆنادا یەکسانە بە سەرکەوتنی تڕەمپ بەسەر جۆ بایدن، چونکە هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن ئەگەر ڕێگا لەم ڤایرۆسە نەگیرێت ئەوا مەترسی هەیە (۱٦۰ تاکو ۲۱٤) ملیۆن هاوڵاتی ئەمریکی توشی کۆڕۆنا بن واتە زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی ئەمریکا، بۆیە سەرکەوتنی تڕەمپ بەسەر کۆڕۆنادا واتە دەستەبرکردنی خولی دووەمی کورسی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

ئەگەرچی پێشتر دۆناڵد تڕەمپ ڕایگەیاند کە لە مانگی تەمووز یان یان ئــــابدا کۆتایی بە کۆڕۆنا دێت، بەڵام ئەگەر مەترسی کۆڕۆنا بەردەوام بێت، پێموایە کاریگەری دەکاتە سەر میکانیزمی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، بەجۆرێک کە خەڵکی ئەمریکا نەتوانن وەک پێشتر ڕاستەوخۆ بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان بەڵکو لەوە دەچێت کە لە ڕێگای ئەنتەرنێتەوە بە شێوەی (on line) دەنگ بدەن، واتە لە خراپترین بارودۆخیشدا خەڵکی ئەمریکا سازش ناکەن لەسەر مافی دەنگدان و دەستبەرداری هەڵبژادن نابن، بۆیە پێموایە بەهەر شێوەیەک بێت لەکاتی خۆیدا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەڕێووە دەچێت، چونکە هەڵبژاردن (سەنگی مەحەکی) دیموکراسیەتی ئەمریکایە.