تۆفانی كانزا و ئەگەری هێرش بۆ سەر رۆژئاوا

17/10/2019

ئیسماعیل مەحمودی

بەشی دووەم
(کێشەکانی بەردەم وڵاتانی رۆژئاوا و دەرفەتەکانی ئەردۆغان)


لە بەشی یەکەمی یادداشتەکە گووترا کە سیاسەتی چەپ و تا رادەیەک دژە ئەمریکا و  دژە رۆژئاوا و بە گشتی دژە دونیای سەرمایەدارانەی پ.ک.ک و پەیەدە، کارتی هاندانی  دووبارەی ئاوارەکان سازکردنی دوبارەی قەیرانی ئینسانی و ماددی بۆ وڵاتانی رۆژئاوا و سیاسەتی بازرەگانانەی ترامپ سێ خاڵی سەرەکین بۆ ئەوەی ئەردۆغان بۆ هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان هان بدات و لەبەرامبەریشدا ئاماژە کرا گوتاری پر مەترسی دژە رۆژئاوایی ئەردۆغان و ئازاری وڵاتانی رۆژئاوا لە هەڕەشەی بەردەوامی کارتی ئاوارەکان و هەروەها کاریگەری ناوەندەکانی بریار و تینگ تانگەکان دەتوانێت وەک سێ خاڵی سەرەکی تەماشا بکرێت بۆ ئەوەی بتوانین بڵێین پێدەچیت لە ئیستادا  ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا نە لەبەر خۆدی کورد بەڵکو لەبەر بەرژه‌وەندی و داهاتووی خۆیان مۆڵه‌ت بە هێرشی ئەردۆغان بۆ سەر دەسەڵاتی رۆژئاوای كوردستان سەرەڕای هەوڵی جیدی ئەردۆغان و هه‌ڵكردنی گلۆپی سه‌وزی ترامپ نەدەن و بەرامبەر ئەم خەیاڵەی ئەردۆغان بوەستێنەوە. 


بەم وەسفەوە لە ئیستادا کە شایەتی دەسپێکردنی  هێڕەشی ئەردۆغان بۆ سەر رۆژئاوا هەین سێ پرسیاری سەرەکی دیکە دێتە ئاراوە. 
یەکەم ئەوەی کێشەکانی بەردەم وڵاتانی رۆژئاوا بۆ بەرگری لە رۆژئاوا و بە واتایەکی زانستی تر پێشگرتن بە  سەرەرۆییەکانی ئەردۆغان کامەیه‌ و چین؟ دووەم ئەوەیە دەرفەت و زەمینەکانی ئەردۆغان بۆ جەختکردنەوە لە سەر بڕیاری هێرشکەردنەوە ئەتوانن چی بن؟ و سێهەم ئەوەی ئەم شەڕە ئایا دەتوانێت بە دڵی ئەردۆغان کۆتایی بێت؟

گۆمان لەوەدا نییە وڵاتان رۆژئاوایی دەمێکە لە گوتاری وەهمی پیلانگێری و دژە رۆژئاوایی ئەردۆغان نارازی و توڕه‌ن  و حەز بە کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی رەهای ئەم دەسەڵاتدارە مەترسیدارەن بەس لە ئیستادا بەو شێوازە کە پێویستە ناتوانن بەر بە خەون و خەیاڵ و سەرەرۆییەکانی ئەردۆغان بگرن، نەبوونی یەکییەتی و یەکریزی لە نێوان وڵاتانی رۆژئاوایی، سەهەڵدانی قەیرانی بەردەوام لە نێو وڵاتانی رۆژئاوایی وەک قەیرانی برێكزێت، قەیرانی بێکاری، قەیرانی په‌یوەندی لەگەڵ ئەمریکا سەبارەت بە باج، قەیرانی په‌یوه‌ندی لە گەڵ رووسیا، قەیرانی رێبەرانی کاریزما لە سیاسەتی ئەمرۆی وڵاتانی ئه‌وروپی بۆ سازکردنی هاودەنگی لە پێناو دژاییەتی تورکیا و خاڵی گرینگ تر بێ بایەخبوونی دەزگا مەدەنیی و مرۆییەکانی جیهان بە هۆی سیاسەتی تاک رەهەندانە و سەرەرۆییانە کەسانی وەک ترامپ لە ریزی گرینگترین و بەرچاوترین کێشەکانی بەردەم وڵاتانی رۆژئاوایی لە پێناو هەڵوێستی جیدی و کاریگەر بۆ پاشگەزکردنەوە ئەردۆغان و بە واتاییەک پێشگرتن بە ئەردۆغانن.

 و لە لایەکی دیکەوە، پرسی قەیران لە وڵاتانی رۆژئاوایی، لاوازبوونی پرسی نەزمی جیهانی، سیاسەتی پۆپۆلیزیانەی ترامپ، بێ دەنگی جیهان لە ئاست پرسی ‌عەفرین، لاوازی دەسەڵاتی ناوەندی سوریا، نەبوونی هاودەنگی لە نێوان کور، نەبوونی مەترسی لە شۆڕشی کوردی تورکیا، نەبوونی ئەگەری تەحریمی شت و مەکی تورکیا لە بازارەکان هەرێم و هەروەها بێ دەنگی رووسیا و قەیران لە جیهانی عەرەب لە لایەکەوه‌. لە لایەکی دیکەوە پێوستی ئەردۆغان بۆ بەدەستهێنانی دەنگی بەرەی رەگەزپەرستی تورک و نیشاندانی خۆی وەک پاڵەوانی پارێزەری خاکی تورک لە بەهێزترین خاڵەکانی هاندانی ئەردۆغان بۆ هێرشکردنەوە سەر رۆژئاوان و پێدەچێت سەرەڕای هەستکردن بە دەرنجامەکانی ئەم کارە ئەردۆغان هەر سوور بێت لە هێڕش و درێژەی شەڕ. بۆیە سەرەڕای دژاییەتی وڵاتانی رۆژئاوایی پێدەچێت بەم زوویانە و بەم ئاسانیە پاشگەز نەبێتەوە.

لێرەوە دەگەینە پرسیاری سەرەکی،  ئەوەی ئایا ئەم شەڕە ئەگەری هەیە بە دڵی ئەردۆغان کۆتایی بێت؟ 
بێ گومان ئەم بریارەی ئەردۆغان جیا لەوەی وڵاتانی رۆژئاوایی و تەنانەت شەقام و ناوندەکانی بریار و توێژێنەوە بەرەو هەڵوێستگرتن هان ئەدات دوور نیە بە بەرخۆدانی رۆژئاوا و درێژەکێشانی شەڕ و سەرهەڵدانی قەیرانی مرۆیی، وڵاتانی رۆژئاوایی هان بدات  جیا لە هەڵوێستگرتنی تەنیا، بیر لە رێگەچارەی سەرەکی بۆ پێشگرتن بە ئەردۆغان بکەنەوە. 
وڵاتانی رۆژئاوایی سەرەڕای قەیرانی نێۆخۆیی ناتوانن شایەتی سەرەرۆیی رەهای بن، چۆنکە بە باشی دەزانن درێژەی  ئەم سیاسەتەی ئەردۆغان واتە ئامادبوونی رووسیا و هەروەها عوسمانیەکی دیکە لە سەر سنوورەکان وڵاتانی رۆژئاوا. بۆیە دەکرێت سەرەڕای یەکنەگرتنی کورد و کایە نەکردن وەک کایەکەرێکی دیار و خاوەن رۆڵ، دڵخۆش بەوە بین ئەمجارە شەڕەکە ناتوانێت بە دڵی ئەردۆغان کۆتایی بێت ئەردۆغان دەیەوێت بۆ هەمیشە و یەکجار پرسی کورد بە کاولکردنی رۆژئاوا کۆتایی پێ بێنیت. رەنگە ئەردۆغان بتوانێت لە رێگەی ئاسمانی و تۆپخانەوە جیا لە زەرەری مادی و مرۆیی تا رادەیەک ئەزموونی دەسەڵاتداری رۆژئاوا تووشی کێشە و لاوازی بکات. بەس ئەستەمە رێگە بۆ ژینوسایدی کورد کە خەونی ئەردۆغانە ساز بێت.

لە بیر نەکرێت دوور نیە بە سەرهەڵدانی هەڵوێستی جیدی و عەمەڵی وڵاتانی رۆژئاوایی لە ئەگەری درێژەی شەڕ و قەیرانی مرۆیی، کوردیش لە نێۆخۆی تورکیا، ئەردۆغان تووشی کێشە و قەیرانی جیدی نەکەن.روونە لە ئەگەری هەستانەوەی سەرتاسەری کوردانی تورکیا بێ گومان جیا لەوەی شەڕەکە بە دڵی ئەردۆغان کۆتایی نایەت دوور نیە ئیتر ئەوە ئەردۆغان نیە بتوانێت شەڕەکە کۆتایی پێ بێنێت. بەڵکۆ ئەوە هێزی دژە سوڵتانە بریاری کۆتایی ئەدات. 

کەواتە دەبێت چاوەرێ رۆژانی داهاتوو و هەڵوێستی وڵاتانی رۆژئاوایی و شەقامی کوردی بکەین کە دەتوانن ئەردۆغان بەرەوو هەڵدێر برن و ئەم ئەگەرە  تا رادەیەکی زۆر پەێوەندی بە بەرخۆدان و درێژەێ شەڕ و کۆڵنەدانی رۆژئاوا و هاتنە سەر هێڵی وڵاتانی رۆژئاوایی بە تایبەت فەرەنسە و ئاڵمان و ئینگلیز و تا رادەیەک وڵاتانی عەرەبی وەک عەرەبستان و میسر هەیە.