02/07/2019
خێڵ و عەشیرەتە كوردییه‌كان یه‌كتری قبووڵ ناكه‌ن و یه‌كێتیی و یه‌كریزیان نییه و له‌مباره‌وه فه‌خامه‌تی مەولانا سه‌عده‌دین، مامۆستای سوڵتان مورادی عوسمانی له كتێبی «مێژووی تورك» سه‌باره‌ت به تایبه‌تمه‌ندی کۆمەڵگەی كوردی ده‌نووسێت: ههركهسەو بانگه‌شه‌ی سه‌ربه‌خۆیی ده‌كات و ئاڵای سه‌ره‌ڕۆیی به‌رز كردوەتەوە و جگه له وشه‌ی «ته‌وحید» له هیچ شتێك‌دا یه‌كده‌نگ و کۆک نیین(بدلیسی،1377 :16 )
ئه‌گه‌ر به چاویلكه‌ی ره‌ش بینانەوە سه‌یری دۆخی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان نه‌كه‌ین، بێگۆمان هه‌رێمی كوردستان بە بەراورد لە گەڵ بەشەکانی دیکەی عێراق له بواره‌كانی سیاسی و ئاوه‌دانكردنه‌وه و ته‌نانه‌ت كلتوورییەوە، پێشكه‌وتن و گۆڕانكاری به‌رچاوی به خۆیه‌وه بینیوه كه ئەکرێت تا رادەیەک جێگەی دڵخۆشی بێت . به‌ڵام له‌لایه‌كی دیكه‌وه حاشا هه‌ڵنه‌گره هەندێک دیارده‌ی سلبی و به‌رجه‌سته‌ی ناحه‌زیش به‌دی ده‌كرێت كه جێی نیگه‌رانییه و مەترسی ئەوە هەیە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری هه‌رێم به‌ره‌وه ئاراسته‌یه‌كی نه‌خوازراو و تەنانەت داڕوخان ببات.
دیارده‌ی بهههڵپهسێراوهیی هێشتنەوەی پرس و كێشه سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌رێم یه‌كێك له‌و دیارده ناحهزانهیه كه پێده‌چێت ئاراسته‌ی گوتاری سیاسی و ته‌نانه‌ت یه‌كڕیزی و ئاشتەوایی حیزبه‌كان واته یاریكه‌رانی سه‌ره‌كی گۆڕه‌پانی سیاسی هه‌رێم به‌ره‌وه قه‌یران ببات.
له مێژه به‌رده‌وام له كه‌ش و هه‌وای کۆمەڵایەتی و ئابووری و بە تایبەت سیاسی هه‌رێم باس لە هەندێک چه‌مك و ده‌سته‌واژه‌ی وه‌ك پرس و پرسی سه‌ره‌كی و ته‌نانه‌ت پرسی ستراتیژیك و هه‌روه‌ها جارجار باس له سه‌رهه‌ڵدانی قەیرانی سیاسی و ئابووری ده‌كرێت و بۆ دوزێنهوهی رێگه‌چاره و به واتایه‌ك چاره‌سه‌ركردنیان دانیشتنی به‌رده‌وام و کۆبوونەوەی یەک لە دوای یەک ساز ده‌كرێت، به‌ڵام له ئه‌نجامدا ئه‌گه‌ر نه‌ڵێن هه‌موویان ئه‌توانین بڵێن زۆربه‌ی کۆبوونەوەکان بێ ئەنجام بوون و زۆربەی کێشەکانیش بە هەڵپەسێراوەیی ماونەتەوە، کۆی ئەو پرسە هەڵپەسێراوانە بە دڵنیاییەوە لە درێژخاندا هەرێم بەرەوە قەیرانی گشتگیر و تەنانەت داروخانی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەبات و لە ئێستاشەوە هەندێک لە ئاماژەکانی ئەم داڕوخانە لە بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری‌دا دەرکەوتوون.
دیارده‌ی به بهههڵپهسێراوهیی هێشتنەوەی کێشەکان و کۆبوونەوە ڕووکەشەکان بووەته به‌شێك له تایبەتمەندی كرداری سیاسی سیاسه‌تمه‌داران و به‌رپرسانی هەرێم و خەریکە ئەم تایبەتمەندییە لای خەڵکیش دەبێتە دیاردەیەکی ئاسایی و تەنانەت خەڵک خەریکە دەکەوێتە ژێر کارێگەری ئەم دیاردە روخێنەرەوە.
لەڕووی سیاسییەوە، پرسی كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم یان پرسی ماده‌ی 140، پرسی زمانی فه‌رمی و یه‌كگرتووی هه‌رێم، پرسی سیستمی سیاسی و شێوازی بەرێوەبەردنی وڵات، پرسی راگەیاندن، پرسی نه‌وت و گاز، پرسی ده‌ستوور، پرسی یهكخهستنەوەی هێزی پێشمه‌رگه و ئاسایش و دام وده‌زگاکانی دیکەی هه‌رێم و کۆتاییهێنان بە دیاردەی دوو زۆنی و هه‌روه‌ها كێشه‌کانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر، سنوورداركردنی پەیوەندییەکانی پارته‌كانی هه‌رێم له گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و گرنگ تر له هه‌مووشیان پرسەکانی چاكسازی له هه‌رێم و شەفافکردنی داهات و خەرجییەکان و نەهێشتنی گەندەڵی و پرسی پەروردە، ژینگە و زیادبوونی توند‌و تیژی و دواکەوتنی کۆنگرەی حیزبەکان و... ئەم پرسانە رۆژانە باسیان دەکرێت و کۆبوونەوەیان لەسەر دەکرێت کەچی هیچیان چارەسەر ناکرێن و بەردەوام بە هەڵپەسێردراوی دەهێڵرێنەوە.
لێره‌وه پرسیارێك دێته ئاراوه ئەویش ئه‌وه‌یه سەرباری کۆبوونەوە بەردەوامەکان بۆچی کێشەکان تا دێت زیاتر کەڵەکە دەبن؟ بۆچی بەرپرسانی هەرێم سەرباری ئەوەی ئاگاداری قوڵبوونەوەی کێشەکان کەچی بێ باکن لە بە هەڵپەسێردراوی هێشتنەوەی کێشەکان و هەوڵی جدی و خەمخۆرانە نادەن بۆ چارەسەرکردنیان؟ یان کەڵەکەبوون ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی زیاتری ئه‌م دیارده له هه‌رێمی كوردستان بە چ واتایەک دیت؟
ئایا ئاماژە نییە بۆ ناکارابوونی سیستمی سیاسی و ئیداری هەرێم؟ ئایا ئاماژە نییە بۆ شه‌فاف نه‌بوونی یاری سیاسی لە هه‌رێم، یان ئایا ئاماژە نییە بۆ بێ متمانەیی حیزبەکان بە بەیەکتری له به‌ر هۆكاری مێژوویی و له‌وانه‌ش شه‌ڕی ناوخۆ؟، ئایا مامەڵەی نازانستیانەی میدیا لەگەڵ کێشەکان هۆکار نییە بۆ تەشەنە سەندنی ئەم دیاردەیە؟ پرسیاری گرنگ تریش ئەوەیە ئایا ئه‌م دیارده‌یە ره‌گ و ریشه‌ی له مێژوو و به واتایه‌ك له كۆمه‌ڵناسی مێژوویی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا نییه كه له ره‌وه‌تی مێژوودا كورد به‌رده‌وام خه‌رێكی خۆخۆری بووه و كه‌متر توانیویەتی یه‌ك بگرێت و به قسه‌ی شهرەفنامه «خێڵه كوردییه‌كان یه‌كتری قبووڵ ناكه‌ن و یه‌كێتیی و یه‌كریزیان نییه و له‌مباره‌وه فه‌خامه‌تی موڵانا سه‌عده‌دین مامۆستای سوڵتان مورادی عوسمانی له كتێبی مێژووی تورك سه‌باره‌ت به تایبه‌تمه‌ندی كوردان ده‌نووسێت: هه‌ركه‌سێك بانگه‌شه‌ی سه‌ربه‌خۆیی ده‌كات و ئاڵای سه‌ره‌ڕۆیی به‌رز ده‌كاته‌وه و جگه له وشه‌ی ته‌وحید له هیچ شتێك‌دا یه‌كده‌نگ و کۆک نین»(بدلیسی،1377 :16 )
ئایا له ئێستادا ئه‌م دیارده ته‌عبیر له‌وه ناكات كه كورد لە پاش پێكهێنانی حكوومه‌تیش هێشتا قۆناغی کلتوری خێڵەکی دەرباز نەکردووە و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی سەردەمی خێڵی گواستووەتەوە بۆ سه‌رده‌می مۆدێڕن و دەوڵەتداری؟
جێگه‌ی پرسیار و تێڕامانه كه بۆچی یه‌كڕیزی و یه‌كگرتنی كورد ئه‌وه‌نده سه‌خڵه‌ت و دژواره كه ته‌نانه‌ت حیزبێكی مۆدێرنی وه‌ك یه‌كێتی له پاراستنی یه‌كرێزی و یه‌كێتی خۆی ماوه‌ته‌وه و ئه‌ونده پرس و كێشه‌كانی به ههڵپهسێراوهیی هێشتووەتەوە كه تووشی قه‌یرانی جیددی کردووە؟
پرسیار ئه‌وه‌یه بۆ ناتوانن لە کۆبوونەوەکاندا یان بۆ ڕای گشتی به شه‌فافی و روونی قسه بكەن؟ئایا نه‌ریتی شه‌رم رێگره له‌وه‌ی به راشكاوی قسه بكەن؟
بێ گومان چەندین هۆکاری گەورە هەیە بۆ پەرەسەندنی دیاردەی بە هەڵپەسێراوەیی هێشتنەوەی کێشەکان لەوانە، شه‌رمکردن لە بە راشکاوی قسەکردن، یان بەرژەوندی و فەرهەنگی کۆیلایەتی مودێرن، عاده‌ت کردن بە بەهەڵپەساردنی کێشەکان و سپاردنیان بە داهاتوو، بەردەوامبوونی کلتوری خێڵەکی و نه‌بوونی باوكی ده‌سه‌ڵاتدار و كاریزما له هه‌رێمی كوردستان و ...
بۆ ئه‌وه‌ی له قۆناغی مه‌ترسیداری به ههڵپهسێراوهیی هێشتنەوەی کێشەکان تێپەڕ بکەین دەبێت فێربین لادان و وازهێنان و زویربوونی چه‌ند كه‌س بكه‌ینه قوربانی چاره‌سه‌ركردنی پرس و كێشه ههستیارەکان، پێویستە سیاسەتمەدارانی ئێمە بگەنە ئەو قەناعەتەی لە رەوتی بڕیاردان و سیاسەت دانان، دەبێت بەشێک لە بریار و پرسی سیاسەت دانان بسپێرن بە ناوەندە راوێژکارییە سەربەخۆکان کە بە داخەوە لە ئێستادا ئەم ناوەندانە لە کوردستان بوونیان نییە. سەرەڕای بوونی رواێژکاری سەیر و سەمەرە لە هەرێمی کوردستان، دەکرێت بڵێین تا لەلایەن کەسایەتیە سیاسی و ئابووری و فەرهەنگییەکانی هەرێمەوە هەوڵی جیدی بۆ دامەزراندنی ئەم چەشنە ناوەندانە نەدرێت و تەنیا خۆیان و چەندین رواێژکاری بێ ئاگا لە بەرژوەندی گشتی و دۆخی وڵات و ناوچەکە و جیهان لە دەوری خۆیان کۆبکەنەوە، ئەوە دەبێت هەر چاوەڕێ بین کێشەکان زیاتر کەڵەکە بن و دەرەنجامیش دەبێت چاوەروانی داڕوخانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری هەرێم بین لە داهاتوویەکی نزیکدا.