28/08/2019
دەرنجام پاش چەندین مانگ دانوستان لە نێوان پارتی و یەکێیتی، رێکەوتنی کۆتایی ئەو دوو حزبە واژوو کرا و لە 10-7-2019، پەرلەمان متمانە بە کابینەی مەسرور بارزانی بەخشی و پاش سوێندنی یاسایی بە فەرمی کابینەی نویەم راگەیاندرا و لە یەکەم دانیشتنی کابینەکەدا باس لە بنەبڕکردنی گەندەڵی و چاکسازی کرا.
لە ئیستادا پرسیاری زۆر رووبەرووی کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی دەکرێت. ئایا ئەم کابنیەیە دەتوانێت بەشێک لە داخوازییەکانی جەماوەر و هەروەها چالاکانی فەزای گشتی بەدیبهێنێت؟ ئایا ئەم کابینەیە دەتوانێت جیاواز بێت و لە ئاست داواکارییەکانی جەماوەر بێت؟
پێدەچێت سەقامگیرکردنی پرسی مووچە، کەمکردنەوە گەندەڵی، بە سیستەمکردنی دام و دەزگاکان، یەکخستنی هێزی پێشمەرگە، پرسی دەستێوردانی حیزب لە کاروباری حکومەت و دابینکردنی خۆشگوزەرانی لە ریزی بەرچاوترین داخوازییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بن گەرچی پێدەچیت پرسی پەروەردە، چۆنیەتی هەڵسوكەوت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، ئەولەویەتبەندی پرسەکان و دەسنیشانکردنی هۆکارەکانی قەیرانی ئابوری، سیاسی و کۆمەڵایەتی هەرێم لە سەرووی هەموویانەوە بن.
ئەم یادداشتە دەیەوێت بە شێوازێکی خیرا پەنجە بخاتە سەر دەرفەت و هەروەها کێشەکانی بەردەم کابینە و لە کۆتایشدا ئاماژە بە هەندی خاڵ وەک ئەرکی سەرەکی چالاکانی فەزای گشتی و رۆژنامەنووسانی و رخنەگرانی نیشتمان تەوەر بکات.
دەرفەتەکان:
-راگەیاندنی پێشتیوانی دوو پارتی سەرەکی بە تایبەت گۆڕان لە پێناو چاکسازی و دژاییەتی گەندەڵی.
- پێشینەی ئەمنییەتی سەرۆک وەزیران، ئەم تایبەتمەندیە دەتوانێت گەندەڵکاران تووشی مەترسی لێپێچینەوە بکات.
- پشتیوانی دەسەڵاتی پارتی، پێدەچیت بۆ مسۆگەرکردنی ئایندەی سیاسی سەرۆک وەزیران و سەرکەوتنی لە یەکەم ئەزموونی بەرێوەبەردنی وڵات لە لایهن دەسەڵاتی حیزبەکەیەوە پشتیوانی بکرێت و ئەم پشتیوانیە دەتوانێت رێ لە هەندێ کاری تێکدرانەی ناوخۆیی بگرێت.
-ئامادەبوونی قوبادی تاڵەبانی وەک کەسی دووەمی کابینە کە دەتوانێت بەشێکی بەرچاو لە دەسەڵاتی یەکێتی بۆ چاکسازی هاودەنگی کابینەكه بکات.
لەمپەرەکان:
-هەڵسووکەوتی حیزبی: بێگومان یەکێک لە بەرچاوترین کێشەکانی حکومەتداری کوردی لەم ماوەیەدا هەڵسووکەوتی حیزبی بووە. کابینەی مەسرور دەبێت ئەولەویەتی یەکەمی هەوڵی دەربازبوون بێت لەم دوخە.
- فەرهەنگی یەکترسرینەوە: دەمێکە حیزب مانەوەی خۆی لە سێبەری ریسواکردن و سووکاییەتی و هەوڵ بۆ سرێنەوەی بەرامبەرە کوردەکەی پێناسە دەکات و ئەمە بوەتە بەشێک لە شوناسی هەرێمی کوردستان. هەوڵ بۆ زاڵکردنی گوتاری پەروهردەی ئینسانی نیشتمانی دەبێت، لە بەرنامەی کابینەی نوێەم جێگەی تایبەتی هەبێت.
-نەبوونی ناوەندی راوێژکاری: سیاسهتكردن لە ئێساتدا رەوتێکی زۆر ئاڵۆزە بۆیە دەوڵەتەکان بە تەنیایی سیاسەت دانارێژن و بەردەام پێوەندی بە ناوەندی راوێژکاری لە پێناو دەسنیشانکردنی کێشەکان و دانانی رێچارە دەگرن. پێویستە کابینەی نوێەم دامەزرانی ئەم ناوەندە بە جدی وەربگرێت و واز لە راوێژکارانی پێشوو بێنێت.
-بەرپرسیاریەتی وەزیرەکان بە حیزب لە باتی سەرۆک وەزیران: زۆربەی وەزیرەکان دەسنیشانکراوی حیزبن و زۆرتر بەرپرسیارن لە ئاستی حیزب تا خەڵک و بەرژوەندی گشتی و ئەمە ئەتوانێت کێشەساز بێت.
بە گشتی پرسی دەستێوردانی دەرهکی، نەبوونی میدیای نیشتیمانی دەستنیشانکردنی کێشە سەرەکییەکان، قووڵبونهوهی کینەی حیزبی، دوو ئیدارەیی و پێناسەنەکردنی ستراتیژی حکومەتی هەرێم لە رێزی بەرچاوترین لەمپەرەکانی کابینەی نوێەمەن کە پێدەچیت بە دانانی ناوەندی راوێژکاری و بەرنامەیەکی تۆکمە و زانستی دەکرێت ڕەچاوی کابینەیەکی نیشتمانی بکرێت.
ئەرکی چالاکانی بواری گشتی، رۆژنامەنووسان و میدیاکارانی نیشتمانی:
پێویستە ئەمە ببێتە بەشێک لە گوتاری سیاسی هەرێم کە سەرکەوتنی کابینەی نوێەم سەرکەوتنی خەڵکی هەرێم و پاراستنی سامان و بەرژهوەندی خەڵک و نەوەی داهاتووە و هەوڵ بۆ ناکارامەکردن و ناکارامە نیشاندانی کابینە بەشداربوونە لە پەرەپێدانی شەڕی حیزبی و بە فیرۆدانی سامانی نەتەوەیی.
کەواتە ئەرکە لە باتی بیرکردنەوە لە سڕینەوە و هەوڵ بۆ نیشاندانی ناکارامەیی بیر لە رخنەی زانستی بکرێتەوە. با بۆ یەکجاریش بووە لە پێناو نیشتمان و نەسڵی داهاتوو بە ئیرادەیەکی نیشتمانی رخنە بخەینە جێگەی سوکایەتی و سڕینەوە و بیر لە سازکردنی پاڵەوانی کاتی بە تێچووی شکاندنی بەرامبەری حیزبی و بە فیرۆدانی بەرژەوندی گشتی نەکرێتەوە.