کوردستان

05:28 - 28/01/2019

پڕۆژه‌كانی یه‌كگرتوو بۆ په‌رله‌مانی كوردستان‌

پەیسەر

یەكگرتووی ئیسلامی دەیەوێت پرۆژە بۆ چارەسەری هەموو كێشەكان بدادەتە پەرلەمان، پەرلەمانتارێكی ئەو حزبەش دەڵێت گۆڕانكاری لە كاری ئۆپۆزسیۆنیدا دەكەن.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، ئەنجومەنی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی فراكسیۆنی حزبەكەی لە پەرلەمانی كوردستان راسپاردووە پرۆژەیاسا بۆ چارەسەری هەموو كێشەكانی خەڵك پێشكەش بكەن.

ئەبوبەكر هەڵەدنی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكگرتوو بەپەیسەرپرێسی راگەیاند: ئەوان بۆ چوارساڵی داهاتوو بڕیاریانداوە ئۆپۆزسیۆن بن، بەڵام ئۆپۆزسیۆنێكی كاریگەری پیشەیی، لەرێگەی پێشكەشكردنی پرۆژەی جێگرەوە بۆ هەموو سێكتەرەكانی حوكمرانی بەزمانی داتا و ژمارە و پرۆژە مامەڵە دەكەن.

گوتیشی: ئۆپۆزسیۆن تەنها لە رەخنەگرتن كورت ناكەنەوە، و پێشیان وانیە دیاریكردنی گرفتەكان تاكە ئەركی ئۆپۆزسیۆن بێت بەڵكو لەگەڵ رەخنە و دەستنیشانكردنی رەگ و ریشەی كێشەكان چارەسەرەكانیش دەخنەروو.

ئەو پەرلەمانتارەی یەكگرتوو ئاماژەی بەوەشكرد، دەیانەوێت قۆناغی ئۆپۆزسیۆن بوون لە ئۆپۆزسیۆنێكی رەخنەگرەوە بگۆرن بۆ ئۆپۆزسیۆنێكی رەخنەیی پیشەیی.

به‌پێی زانیارییه‌كانی په‌یسه‌رپرێس، یەكگرتووی ئیسلامی پرۆژەی بۆ پرسی پاشەكەوتی موچە و قەرزەكانی سەر هەرێم ئامادەیە و چاوەڕێی دەستبەكاربوونی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكات بۆ ئەوەی پێشكەشی بكات.