کوردستان

10:07 - 31/08/2023

لە ٦٦ ەوە تا ٣١ی ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەر‌‌

پەیسەر


ئەمڕۆژانە بەهۆی ساڵانەی یادی ٣١ی ئاب کە ٢٧ ساڵ بەسەر رووداوەدا تێدەپەڕێ، دیسان شەپۆلێک لە تاوانبارکردن و بە جاش و خاینکردنی یەکتر، خەڵک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەگرێتەوە. هەموو ئەوانەی دژی ٣١ی ئابن یەک جۆر قسە دەکەن. هەموو ئەوانەیشی بەرگریی لێدەکەن یەک جۆر پاساو دەهێننەوە.


بۆ هەڵدانەوەی چاڵە بۆگەنکردووەکەی خیانەت و تاوانی نیشتمانیی لە کوردستاندا، زۆر کەم دەست بۆ هۆکارە راستەقینەکانی تاوان و خیانەت براوە. پاساودەر و پاساوهێنانەوە هەموو هۆکارەکانی کردووە بەژێرەوە. بۆیە زەحمەتە بەبێ هەڵسەنگاندنێكی بێلایەنانە هیچ ئەنجامێك بەدەستەوەبێ.


رۆژە رەشەکان

لەوانەیە زۆر کەس بزانێ رووداوەکانی ١٩٦٦، هەرەسی ١٩٧٥، زنجیرە شەڕەناوخۆییەکان، ٣١ی ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەر کە زنجیرەیەک تاوانی نیشتمانیین چۆن ڕوویاندا. چونکە میدیا و حزبە سیاسییەکان و تەنانەت مێژوونووس و نووسەر و رۆشنبیران ساڵانە و لە بۆنەی جیاجیادا وەڵامی ئەو پرسیارەیان داوەتەوە کە ئەم ڕووداوانە چۆن ڕوویانداوە؟ ئەمە جگە لەوەی حزبە رکەبەرەکان بەردەوام ئەم ڕووداوانە دەدەنەوە بە چاوی یەکتردا و دوای دەیان ساڵ هەر کار لەسەر ئەو لایەنەی رووداوەکان دەکەن کە رق و قین و دابەشبوونی زیاتر بەرهەم دەهێنێێتەوە.
 

کەچی تائێستا کەمتر یان تەنانەت کەس بە دوای وەڵامی پرسیارە گرنگەکەدا نەکەوتووە کە ئەم رووداوانە بۆچی ڕوویاندا و بۆچی بەردەوام بە شێوازی جۆراوجۆر لەناو سیاسەتی کورددا دووبارە دەبنەوە؟

ئەگەر رووداوەکەی ١٩٦٦ ڕوویدا کە تیایدا لایەنێک لەژێر فشاری لایەنێکی دیکەدا پەنای بردە بەر بەغدا، ئەی بۆچی رێک ٣٠ ساڵ دواتر لایەنەکەی دیکە لەژێر فشاری ئەویتردا لە ٣١ی ئابدا پەنای بردەوە بەر بەغدا؟ یان ئەگەر ٣١ی ئاب روویدا بۆچی بە شێوازێکی دیکە ١٦ی ئۆکتۆبەر روویدایەوە؟

ئەم ڕووداوانە لە نیوسەدەی رابردوودا بە جۆرێک وەک خۆرە بەربوونەتە روح و دەروونی کورد کە متمانەی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەناو کورددا کەمکردووەتەوە. هەر کۆمەڵە کەسێک و گروپێک و حزبێک ئەویتری پێ خائینە.

میدیا و بەرپرسانی ئێستای پارتی ئەگەر بیانەوێت لەسەر رووداوەکەی ٦٦ قسە بکەن، هیچ جیاوازییەکیان نییە لەگەڵ رادیۆی شۆڕشی ئەیلول، هەمان زمان و هەمان خوێندنەوە. یەکێتییەکانیش ئەگەر باسی ٣١ی ئاب بکەن دەڵێی سەردەمی شەڕی ناوخۆیە و تازە بەعس گەڕاوەتەوە بۆ هەولێر. 

بگەڕێینەوە بۆسەر پرسیارە سەرەکییەکە: ئەم رووداوانە بۆچی ڕوویاندا و بۆ بەردەوام دووبارە دەبنەوە؟ دەکرێت هۆکاری زۆر و جیاوازی هەبێ بەڵام بە کورتی گرنگترین هۆکارەکان لەم چەند خاڵەدا خۆیان دەبیننەوە:

یەکەم: نەگۆڕانی جۆری خوێندنەوە بۆ رووداوەکە

وەک پێشتر ئاماژەی پێدرا کاتێک حزبێک 57 ساڵە یەک خوێندنەوەی بۆ رووداوێک هەیە یان حزبێکی دیکە 27 ساڵە یەک خوێندنەوەی بۆ رووداوێکی دیکە هەیە، ئاساییە ئەمەش بە واتای بەردەوامی بەرهەمهێنانەوەی رق و قین و بێ متمانەیی و دابەشکاری دێت. هەربۆیە ئەو دابەشبوونەی لە ساڵی ١٩٦٦ واتە دابەشبوون بەسەر دوو باڵی جەلالیی و مەلاییدا تائێستاش لە سیاسەتی باشووری کوردستان دا بەردەوامە. یان ئەو دابەشکارییەی لە شەڕی ناوخۆدا هاتە ئاراوە تائێستاش وەکخۆی بەردەوامە، هیچ هێزێک تەنانەت هێزە نوێیەکانیش نەیانتوانیوە ئاسەواری سنوورە سیاسییەکەی دێگەڵە بسڕنەوە.

کاتێک لە ١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥دا پارتی لە پردێ رێگری کرد لە چوونی سەرۆکی پەرلەمان بۆ هەولێر، لە راستیدا بەردەوامی هەمان ئەو سنوورە سیاسییەی دێگەڵە و ئاسەواری دابەشکارییەکەی شەڕی ناوخۆ بوو. یان کاتێک بەرهەم ساڵح بووە سەرۆک کۆمار و تا کاتی سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێم چوونە هەولێری لە قەدەغە کرابوو بەردەوامی هەمان ئەو سنوورەبوو.

کەواتە بۆ پێشگرتن لە دووبارە بوونەوەی رووداوەکان، دەبێ هێزە سیاسییەکان و مێژوونووس و رۆشنبیران قۆناغێکی نوێ دەست پێبکەن ئەویش ئەوەیە ئەو جۆرە خوێندنەوەی تائێستا بۆ رووداوەکان کراوە بخەنە ژێر پرسیارەوە و خوێندنەوەی نوێ بۆ رووداوەکان بکەن.

دووەم: نەبوونی دیموکراسی و روحی پێکەوەهەڵکردن و یەکتر قبوڵکردن


با بگەڕێنەوە بۆ رووداوەکەی ١٩٦٦، کاتێک باڵی مستەفا بارزانی هیچ دەرەتانێکیان بۆ باڵی جەلالیی و مەکتەب سیاسی نەهێشتبووەوە و تەنانەت ئەندامانی مەکتەب سیاسیی مەترسی کوشتنیان لەسەربوو، ئەوان ناچاربوون بۆ پاراستنی خۆیان لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی باڵی مەلایی رابکەن. سنووری ئێرانیان لێ قەدەغە کرابوو چونکە بارزانی و ئێران هاوپەیمان بوون، دیارە لە ئەگەری پەنابردنە بەر ئێران، ئەوا بە ئەگەری زۆر ئێران ئەوانی رادەست دەکردەوە. کەواتە ناچاربوون لەگەڵ بەغدا رێک بکەون، دیارە بەغداش بۆ رێککەوتن لەگەڵ باڵی مەکتەب سیاسی مەرجی خۆی هەیە و توانای ئەوەشی هەیە مەرجەکانی خۆی بەسەریاندا بسەپێنێ. 

لەوەها حاڵەتێکدا باڵی مەکتەب سیاسیی دوو بژاردەیان لەبەردەمدایە: یان وازهێنان لە بیروباوەڕی خۆیان و تەسلیم بوون بە باڵی مەلایی کە لەم حاڵەتەدا نە گەرەنتی پاراستنی ژیانیان هەیە و بێجگە لەوەش بۆ هەر کەسێک قورسە لە بەرامبەر رکەبەرەکەیدا واز لەبیر و باوەڕی خۆی بهێنێ و تەسلیم بێ. بژاردەی دووەمیش ئەوەبوو لەگەڵ بەغدا رێبکەون، بەغدا کۆمەڵێک بەڵێنیان پێدەدات کە هەندێک لە مافەکانی کورد دابین بکات و لە بەرامبەریشدا مەرجی ئەوەیان بەسەردا دەسەپێنێک کە پێکەوە شەڕی باڵی مەلایی بکەن. لەم حاڵەتەدا بەوپێیەی باڵی مەلایی پێشتر شەڕی بەسەر ئەم باڵەدا سەپاندبوو، کەواتە بۆ ئەوان ئاسانترە بژاردەی دووەم هەڵبژێرن. 

سەبارەت بە رووداوی ٣١ی ئابیش بە هەمان شێوە، لە شەڕی ناوخۆدا یەکێتی بە یارمەتی ئێران تەنگی بە پارتی هەڵچنیبوو، لەولاشەوە پەکەکە لە سنووری بادینانەوە تەنگی پێ هەڵچنیبوو، پارتی مان و نەمانی کەوتبووە مەترسییەوە، هەربۆیە لەوەها کاتێکدا پەنا دەباتە بەر بەعس. دیارە ئەوەی لەم ساڵانەی دواییدا پارتییەکان دەیڵێن کە ئەوان ویستیان سوپای عێراق بەکاربهێنن بۆ ئەوەی کوردستان لەژێر چنگی ئێران دەربهێنن و بەم شێوەیە شانازی بە رووداوەکەشەوە دەکەن، خوێندنەوەیەکی بێ واتا و جێی قبوڵکردن نییە، بەڵام ئەوە راستە کە لە ترسی شکستی یەکجاری پەنای بردەبەر بەعس.

هەربۆیە بۆ رووداوەکەی ٣١ی ئابیش بە تەنیا پارتی تاوانبار نییە، بەڵکو لە رەوتی شەڕی ناوخۆدا و فشاری لە رادەبەدەری یەکێتی و پەکەکە بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی پارتی ترسێکی گەورەی لێ بنیشێ و پەنا بباتە بەر بەعس. کە واتە وەکچۆن ئێستا یەکێتی دەڵێت پێویستە هاوسەنگی هێز لە کوردستان بپارێزرێت ئەگەر بێتو ئەوکاتەش وەها بیرکردنەوەیەکی هەبووایە ئەوا ئەگەری روودانی ٣١ی ئاب زۆر لاواز دەبوو.

سێیەم: لاوازی سەرکردایەتی لە سازشکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان

هەموو شەڕە ناوخۆییەکان کاتێک ڕوویانداوە کە سەرکردەکان بەهۆی پێداگری لەرادەبەر لەسەر سەپاندنی هەموو داخوازییەکانی خۆیان، نەیانتوانیوە بە دانوستان کێشەکان چارەسەر بکەن. سەرکردەی کورد بەپێی کەلتوورێکی سەقەت هەمیشە سازشکردنی پێ عەیبە بووە. تەنانەت ئێستاش ئەم تێڕوانینیە بەردەوامە، بۆ نموونە لە دانوستانەکانی ئەم دواییانەی پێکهێنانی حکومەتدا کاتێک کەسێک لە یەکێتی یان پارتی و لایەنەکانی دیکەش پەیامێکی نەرمی بڵاودەکردەوە بە توندی لەلایەن خەڵک و تەنانەت ئەندامانی حزبەکانی خۆشیانەوە دەکەوتە بەر رەخنە. بۆ نموونە پەیامە نەرمەکانی قوباد تاڵەبانی و عەلی باپیر، کە جۆرێک لە نەرمینواندنیان تێدابوو.

کاتێکیش شەڕی ناوخۆ بە یەکجاری کۆتایی هات کە جەلال تاڵەبانی ئامادەی سازش بوو و بەبێ پرسی سەرکردایەتی حزبەکەی چوو سەردانی بارزانی کرد، تائێستاش هەندێک کەس رەخنە لەو هەڵوێستەی تاڵەبانی دەگرن. لە کاتی کێشەی سەرۆکایەتی هەرێمیشدا هۆکارێکی سەرەکی قوڵبوونەوەی قەیرانی سیاسی هەرێم ئامادەنەبوونی دوو لایەنی کێشەکە و بە تایبەتیش پارتی بوو بۆ سازشکردن.

 ئەم کەلە رەقییە و سازش نەکردنە مەترسی گەورەی لێ دەکەوێتەوە کاتێک قەیرانەکە قوڵ دەبێتەوە. لەو کاتەدا لایەنێکیان بۆ لاوازکردنی لایەنەکەی دیکە ئامادە دەبێ پەنا بۆ زۆر حاڵەتی نەخوازراویش ببات. هەربۆیە تا کاتێک سەرکردە و حزبە کوردییەکان لە واتای راستەقینەی دانوستان تێنەگەن و ئامادەی سازشکردن نەبن، ئەوا لە داهاتووشدا ئەگەری دووبارە بوونەوەی ئەم رووداوانە بەردەوامە. تەنانەت ئەم کەلە رەقی و سازش نەکردنە رۆڵی گەورەی هەبوو لە رووداوی ١٦ی ئۆکتۆبەردا.


چوارەم: دەستێوەردانی دەرەکی


ئەوە راستییەکەی حاشاهەڵنەگرە کە وڵاتانی دراوسێ دژی هەر جۆرە دەستکەوتێکن بۆ کورد لە هەر شوێنێکبێ، بەڵام ئەمە رێگر نەبووە لە بەردەمیاندا بۆ ئەوەی لە ململانێ سیاسییەکاندا کورد وەک کارتێکی فشار بەکاربهێنن. پەیوەندی نێوان وڵاتانی داگیرکەری کوردستان لەگەڵ لایەنە کوردییەکان بەردەوام لەو روانینەوە سەرچاوەی گرتووە کە کورد وەک کارتی فشار بەکار لە دژی نەیارەکانیان بەکاربهێنن.

لە شۆڕشی ئەیلولەوە تا ٢٠٠٣ ئێران بە روانینەوە پەیوەندی لەگەڵ لایەنە کوردییەکانی باشوردا هەبووە. لە دوای راپەڕینیشەوە تورکیا هەر هەمان روانینی هەبووە. بەڵام ئەوەی لەم نێوانەدا کێشەیە ئەوەیە لایەنە کوردییەکان خۆیان نەیانتوانیوە پەیوەندییەکی تەندروست لەگەڵ ئەو وڵاتانە دروست بکەن، جۆری پەیوەندییەکە گەیشتووەتە ئاستی وابەستەبوون، هەربۆیە ئەو وڵاتانە توانیویانە لەم جۆرە پەیوەندییە کەڵک وەربگرن و رووداوی هاوشێوەی ١٦ی ئۆکتۆبەر و هەرەسی شۆڕشی ئەیلول و شەڕە ناوخۆییەکانی پێ بخوڵقێنن.

پێنجەم: دواکەوتوویی کۆمەڵگای کورد و لاوازی رۆشنبیری و فکری

کۆمەڵگای کوردستان تائێستا لە رووی فەرهەنگییەوە گەشەیەکی ئەوتۆی بە خۆیەوە نەبینیوە، سەرکردەکان هەڵەی گەورەی سیاسی دەکەن، بەڵام کۆمەڵگە هەر لێیان قبوڵ دەکات. نە ٣١ی ئاب و نە ١٦ی ئۆکتۆبەر و نە شەڕە ناوخۆییەکان نەبوونەهۆی لاوازی پێگەی پارتی و یەکێتی.

کەواتە سەرکردەی ئەم حزبانە باکیان نییە کە کاتێک کەوتە ژێر فشارەوە پەنا بباتە بەر هەر حاڵەتێکی نەخوازراو. تا کاتێک کۆمەڵگا شێوازی لایەنگریکردنی بۆ حزبەکان نەگۆڕێت و گەشەی سیاسی و فەرهەنگی دروست نەبێ، بەردەوام ئەگەری چەندبارەبوونەوەی ئەم رووداوانە هەیە. بۆ ئەمەش ئەرکی میدیا و رۆشنبیرانە کە ئاستی هۆشیاری سیاسیی و رۆشنبیری کۆمەڵگە پێش بخەن.

ئەوەی ئومێد و گەشبینی بەم هیواخواستنە کەم دەکاتەوە، رۆشنبیران و نووسەران و میدیاکانیش زۆربەیان نەک رۆڵیان نییە لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە، بەڵکو بۆ خۆیشیان بەسەر ئەجێندا سیاسییەکاندا دابەشبوون و زیاتر کۆمەڵگە بەرەو دابەشبوون هان دەدەن.