کوردستان

11:35 - 26/05/2023

بۆڕی نەوتی کەرکوک-بانیاس، بەکەڵکی ئەمڕۆ نایەت‌

پەیسەر

ژمارەیەک مامۆستای زانکۆ داوا لە سەرۆک-وەزیران محەمەد سودانی دەکەن هێڵی نەوتی بانیاس بۆ فرۆشتنی نەوتی کوردستان بەکاربهێنێت.

 بۆڕی نەوتی بانیاس، لە سەدان شوێندا شکاوەو داڕزاوە. لە هەندێک شوێندا پارچەی بۆڕیەکە دەرکراوەو وەک ئاسن دزراوەو فرۆشراوە. ئەگەر ئەم بۆڕیە چاک بکرێتەوە، بە پێی هەندێک تەقدیرانی زۆر سەرەتایی:

- ٨تا ١٢ ملیار دولار پارەی پێویستە.
- پرۆسەی چاک-کردنەوەکە نزیکەی ٣ ساڵ کاتی دەوێت ئەگەر هەموو رۆژێک بە بەردەوامی کاری تیا بکرێت و هیچ گرفتێک نەبێت و پەیوەندی و هاریکارییەکی باش هەبێت لە نێوان عێراق و سوریاو گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە لە دژی ئەسەد شەڕ دەکەن. هاوکات ئەگەر ئیدارەی ئەمریکاش مۆڵەت بەم پرۆسەیە بدات چونکە ئەمە دەبێتە پێشێلکردنێکی رونی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر رژێمەکەی ئەسەد.
 - ئەم بۆڕیە لە ١٩٥٠ تا ١٩٥٢ دروستکراوە درێژیەکەی ٨٩١ کیلۆمەترە. زیاتر لە ٣٥ ساڵە نەوتی پیا نەڕۆیشتووە. لەسەر ئەم بۆڕیە رژێمی بەعسی سوریا، لە ١٩٧٠ کاندا، هەموو رۆژێک گێچەڵی بە رژێمی بەعسی عێراقی دەکرد و داوای باج و گومرکی زیاتری لێ دەکرد. زۆر سیاسیانەو ناپیشەییانە بۆڕیەکەی ئستغلال دەکرد لە دژی عێراق. بۆیە حکومەتی عێراق ناچار بوو پەنا بەرێت بۆ تورکیا و بۆڕی نەوتی عێراق-تورکیا بۆ بەندەری جەیهان دروست بکەن.
 دواقسە ئەوەیە: فرۆشتنی نەوتی کوردستان پێویستی بەچارەسەری خێرای (ئێستایی هەیە)، ئەمەیش تەنها لە رێگای تورکیاو و بۆڕی نەوتی عێراق-تورکیاوە  دەبێت. هەموو ئەو قسانەی دەکرێت لەسەر بۆڕی نەوتی بانیاس، عەقەبەی ئوردن، تەنانەت بۆڕی نەوتی عێراق-سعودیە کە ئێستا سعودیەکان دەستیان بەسەرداگرتووەو تەنها بۆخۆیان بەکاری دەهێنن،  بەکەڵکی دۆخی ئێستای کوردستان و عێراق نایەت. هەر یەکە لەم چارەسەرییانە کات و پارەیەکی زۆری پێویستە، زیاتر لەوەی کە حکومەتی عێراق دەتوانێت دابینی بکات.
 ئینجا هەموو ئەوانەش کە دەوترا لە سەر پاڵاوتنی نەوتی کوردستان لە ناوخۆدا، هەم دیسان لە ڕوی ئابورییەوە جەدوای نیە. بازاڕی ناوخۆی کوردستان هەر بەشی ئەوە دەکات ١٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی تیا سەرف بکرێت. بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەکانی کوردستان نزیکەی ٤٣٠ هەزار بەرمیلە.
لە بەر ئەوەی عێراق و ئێران و سوریا بەنرخی پاڵپشتیکراوی هەرزان بەرهەمە نەوتییەکان و بەنزین دابین دەکەن بۆ هاوڵاتیان، پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان ناتوانن هیچ هەناردەی ئەم بازاڕانە بکەن. بۆ نمونە، ئەگەر بە نرخی بازرگانی نەوتی خاو بکڕ ن و بیپاڵێون لتری ئەو بەنزینەی بەرهەمی دەهێنن (لە ئەمڕۆدا کە بەرمیلێک نەوت نزیکەی ٨٠ دۆلارە) زیاتر لە ٩٠٠ دینار دەکەوێت، بەڵام حکومەتی عێراق بە ٤٥٠ دینار دەیفرۆشێت، ئەمە بۆ ئێران و سوریاش هەر راستە.
بەتانکەر هەناردەکردنیش بۆ هەر وڵاتێکی دوورتر تێچووی گواستنەوەی زۆرە و هەم دیسان لە روی ئابوریەوە جەدوای نیە.
ئەمە دەقی نامەکەی ئەو ئەکادیمیست و مامۆستایانەیە:

دەقی نامەکە:

جەنابی سەرۆک وەزیران، محه‌مه‌د شیاع سودانی، جەنابی وەزیری نەوت، حەیان عەبدولغەنی

سڵاو..
ئێمە وەک پرۆفیسۆر و ڕۆشنبیرانی عێراقی لە هەرێمی کوردستان، داواتان لێدەکەین کە کۆمپانیای سومۆی نیشتمانی بۆری تورکیا – جەیهان بەکارنەهێنێت و بە کەڵک وەرگرتن لە بۆری کەرکوک- بانیاسی سوریا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.
داوا لە بەڕێزتان دەکەین چیتر چاوەڕێی وەڵامی تورکیا نەکەن، چونکە تورکیا ڕێگە نادات نەوتی هەرێم هەناردە بکرێت تەنها بە مەرجی خۆی نەبێت، پارەکەشی لە شەڕی هەمیشەیی خۆی لە دژی گەلی کورد بەکاردەهێنێت.
لەگەڵ سوپاس و پێزانین

1. محمد حمەد ئەمین ڕەسووڵ / مامۆستا لە زانکۆی ڕاپەرین.
2. عەبدوڵڵا خدر ئەحمەد مامۆستا لە قوتابخانە.
3. ڕەنج ڕەسوڵ حەمەد/ مامۆستا لە زانکۆی ڕاپەرین
4. عەلی حەمەد ڕەسوڵ، مامۆستا لە زانکۆی ڕاپەرین
5. پیرۆت ئەبوبەکر حسێن/ ڕۆشنبیر
6. عەبدوڵڵا حەمەد عەبدوڵڵا مامۆستا لە زانکۆی ڕاپەرین
7. کرێکار عەلی عەبدوڵڵا / ڕۆشنبیر
8. قادر ڕەسووڵ حەسەن رۆشنبیر
9. ڕاستی عەلی عەبدوڵڵا مامۆستا لە زانکۆی راپەرین
10. هونەر عەلی ڕەسووڵ- رۆشنبیر
11. ئارام حەسەن ڕەسوڵ مامۆستا لە زانکۆی راپەرین
12. قادر ڕەسووڵ مەلا مامۆستا
13 دابان ڕەسووڵ حەسەن مامۆستا
14. خدر ڕەسوڵ خدر مامۆستا
15. موئەید عەلی عەبدوڵڵا ئەندازیار
16. ڕەسووڵ قادر پارێزەر
17. پێشرە و حەمەد ڕەسووڵ ئەندازیار
18. ڕابەر محمد حەسەن مامۆستا
19. فاتیمە عەلی حسێن مامۆستا
20. خەدیجە عەبدوڵڵا مەحمود ئەندازیار