کوردستان

04:49 - 14/08/2023

چی ڕوودەدات لە ڕۆژئاوای کوردستان؟ هەلێکی مێژوویی و مەترسييەکی گەورە بۆ کورد‌

پەیسەر


ڕه‌نج نه‌وزاد


ئەوەی پێی دەوترێت ڕۆژهەڵاتی فورات، کە هەموو ڕۆژئاوای کوردستان و نيوەی ديرالزور و رەقە و بەشێک لە حەلەب دەگرێتەوە، بەرەو ئەوە دەچێت کە ببێتە گۆڕەپانێکی ململانێی نێوان ئەمريکا و ڕوسيا و ئێران و تورکيا. ئەو ناوچەیە لە ئێستادا بە گرنگترين و هەستيارترين و پڕ ململانێترين ناوچە دادەنرێت لە پرسی سووريادا. ئەم ناوچەیە سنووری هەیە بە باکوری کوردستان و تورکيا، باشووری کوردستان و عيراق. ئەم ناوچەیە بە سەدان بنکە و خاڵی سەربازیی ئەمريکی، ڕووسی و ئێرانی و تورکی لێيە. زۆربەی هەرە زۆری ئەم ناوچەیە لە ژێر دەسەڵاتی کوردە.

 دەسەڵاتی هەسەدە لەم ناوچەیەدا دابەش دەبێتە سەر دوو زۆن: زۆنێکی ئەوەیە کە پێی دەوترێت باکوری ڕۆژهەڵاتی سووريا، ئەمە ناوچە سەرەکی و گەورەکەیە و حەسەکە و قامشلۆی لێيە. بنکە سەربازييەکانی ئەمريکا لێرەن. ئەم ناوچەیە پارێزراوە لە لایەن ئەمريکاوە. سنووری هەیە بە باشووری کوردستانەوە. چەند بنکەیەکی سەربازی ڕووسی و سووری لێيە لە چوارچێوەی ڕێککەوتن بۆ ڕێگرتن لە هێرشەکانی تورکيا، بەڵام حوکم و ئيدارەکردن لایی. زۆنی دووەم ئەوەیە کە پێی دەوترێت باکوری ڕۆژئاوای سووريا، کە عفرينی لێيە. هەسەدە تا ئەمرۆش لە تەل رەفعەت و منبج ئامادەیە و بەڕێوەیان دەبات، واتە جارێ نزيکە لە عفرينەوە. جياوازی ئەم ناوچەیە ئەوەیە کە بنکەی سەربازی ڕووسی و ئێرانی لێيە، بەشار ئامادەیە. ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە:

١. کەمکردنەوەی هێزی ئەمريکا لە کاتی ترەمپ

٢. بە هۆی هەڕەشەکانی تورکيا، هەسەدە ناچار بوو ڕێککەوتن بکات لەگەڵ سووريا و ڕووسيا بۆ ڕێگرتن لە هێرشی تورکيا. ئەم زۆنە، ئەگەر ئەمريکا بۆی نەگەڕێتەوە، کە ئەگەر هەیە ئەمريکا بيەوێت کۆنتڕۆڵی بکاتەوە، ئەوا ناوچەیەکە پارێزراو نييە و هەموو کات ئەگەر هەیە لە کوردی بسەننەوە هاوشێوەی عفرين. جگە لە هەژموونی ئێران و سووريا  و ڕووسيا لەم زۆنە، گروپە سوونيە تيرۆريستييەکانی سەر بە تورکياش ئامادەیەکی گەورەیان هەیە. لە هەمووی کێشەتر، ئەو ڕێگایەیی کە ئەم دوو زۆنەی ڕۆژئاوای کوردستان بە یەکتر دەبەستێتەوە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەسەد و ئێرانە، واتە لە زۆنی یەکەمەوە، بۆ ئەوەی بگەيتە زۆنی دووەم بۆ تەل رەفعت و منبج، ناچار دەبێت بە ڕێگایەکدا بڕۆيت کە لە ژێر دەسەڵاتی هەسەدە نييە.


ئەم ناوچەیە (ڕۆژهەڵاتی فوڕات) تاکە ناوچەی سوريایە بۆ ئەمريکا کە بتوانێت تيايدا بمێنیتەوە و لەبەردەم هەژموونی ڕووسی و ئێران بوەستێت. تاکە ناوچەیە کە ڕووسيا ناتوانێت کۆنتڕۆڵی بکات، بە بێ ئەو ناوچەیە، هەژموونی ڕووسيا بەسەر سوريادا نا تەواو دەبێت. لای تورکيا بە گەورەترين هەڕەشە دادەنرێن بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی، چونکە ئەگەرێکە بۆ لە دايک بوونی دووەم قەوارەی کوردی لەسەر سنوورەکانی. ئەم ناوچەیە بۆ ئێران لە چەندين ڕووەوە گرنگە:

١. فراوانکردن و تەواوکردنی هيلالی شيعييە، لە عيراقەوە بەو ناوچەیەدا بە ئاسانی دەگاتە دەریای سپی ناوەڕاست و سووريا و لوبنان.

٢. ئەگەری درووستبوونی دووەم قەوارەی کوردی لەوێ لە ژێر هەژموونی ئەمريکا.

٣. جۆرێکە لە چاودێری و گەمارۆدانی تورکيا لە سوورياوە.

٤. سەرئێشە درووست کردن بۆ ئەمريکا و چەندين خاڵی گرنگی تر.

پێش جەنگی ڕووسيا و ئۆکڕانيا، بۆ ماوەیەک تا ڕادەیەک دۆخی ئەو ناوچەیە ئارام بوو. بەڵام لەگەڵ هەڵگيرساندنی ئەو جەنگە پاش ماوەیەکی کەم ڕووسيا ناچار بوو بەشێک لە هێز و سوپاکەی بکشێنێتەوە لە سووريا و بە تايبەت لە ڕۆژهەڵاتی فورات، بۆ ناردنەوەیان بۆ گۆڕەپانی جەنگی ئۆکڕانيا. لێرەوە وەرچەرخانێک درووست بوو. چونکە ئەو بۆشایەیی ڕووسيا لە ڕۆژهەڵاتی فورات درووستی کرد بە هۆی کشانەوەی بەشێک لە هێزەکەی، ئێران و پاسداران وگروپە شيعە تيرۆريستييەکانی ئێران پڕيان کردەوە. ڕووسيا لە شاری "تدمر" ودەوروبەری بە تەواوی کشایەوە، لە فڕۆکەخانی "حماة" و لە زۆر ناوچەی شاری "القلمون" و باشووری سووريا کشایەوە و، پاسداران و گروپەکانی سەر بە پاسداران چوونە شوێنيان.


لێرەوە ئەمريکا هەندێک هەنگاوی تری نا و واديارە سياسەتی گۆڕيووە سەبارەت بەو ناوچەیە. چونکە کاتێک سوپای ڕووسيا لەوێ بوون، ئەمريکا و ڕووسيا لەسەر بەرژەوەندييەکانی خۆیان ڕێککەوتبوون و هەردوولا کۆک بوون لەسەر هەندێک خاڵ، بەوەش ململانێی نێوانيان کۆنتڕۆڵکراو بوو. ئەو ڕێککەوتن و لە یەکتێگەيشتنانەی نێوان هەردوو دەوڵەت لە ڕێگەی ئوفيسێک یا بنکەیەکی تەنسيقی هاوبەشی ئەمريکا و ڕووسيا لە وڵاتی ئوردن بەڕێوە دەچوو. پاش جەنگەکەی ئۆکڕانيا و تێکچوونی پەيوەندييەکانی ئەمريکا و ڕووسيا، ئەو ئۆفيسە داخرا. لە ئێستادا ئێران کە شوێنی ڕوسيای گرتوەتەوە لەو ناوچانە، ڕێککەوتن و لەیەکتێگەيشتنی نييە لەگەڵ ئەمريکا و بەردەوام هێرش دەکات و سەرئێشە بۆ ئەمريکا درووست دەکات. لەمەدا ڕووسيا و سووريا پشتگيری دەکەن، یا بێ دەنگن لێی.

ئەم ڕووداوانە دەکرێت لە بەرژەوەندی کورد بن و هەلێکی مێژوویی بێت بۆ کورد. چونکە:

١. ماوەی چەند مانگێکە ئەمريکا بایەخێکی زیاتر دەداتەوە بەو ناوچەیە. لە رێگەی هەریمی کوردستانەوە، هێزێکی زیاتری بردوەتە ڕۆژئاوای کوردستان.

٢. چەکی بەهێزتر و زیاتری گواستوەتەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، لەوانە سيستەمی مووشەکیی هيمارس، کە ڕووسيای هەراسان کردوە لە ئۆکڕانيا. ئەگەر هەیە چەکدارانی هەسەدە ڕاهێنان بکەن لەسەر بەکارهێنانی ئەم مووشەکانە و بدرێن بە هەسەدە لە ئايندەدا. جگە لەوە چەندين جۆری چەکی نوێ براوەتە ناوچەکانی هەسەدە، کە دەکرێت هەسەدە ببنە خاوەنيان لە ئايندەدا.

٣. ئەمريکا دەزانێت ئێران، بە نوێنەرایەتی ڕووسيا و سووريا، دەيەوێت ئەمريکا لەو ناوچەیە دەربکات. وا ديارە ئەمريکا قبوڵی نييە هەژموونی ئێران و ڕووسيا زیاد بکات و هەژموونی ئەمريکا کەم بێت لە سوريا.

 ٤. گرنگترين پلانی ئەمريکا، کە هەندێک سەرچاوە و ڕاپۆرت ئاماژەی پێدەکەن بريتييە لە: ئەمريکا دەيەوێت بنکە سەربازييەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری ڕۆژهەڵاتی سووريا ببەستێتەوە بە بنکە سەربازييەکەی خۆی "التنف" لە باشووری ڕۆژهەڵاتی سووريا. بەمەش هەمووی سنووری سووريا لەگەڵ عيراق و ئوردن دەچێتە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەمريکا. واتە بچڕانی هيلالی شيعی، بەوەش ئيتر ئێران ناتوانێت لە ڕێگەی عيراق وباشووری کوردستانەوە بچێتە ناو سووريا و لوبنان. بۆ ئەم مەبەستە ئەمريکا چەند مانگێکە هۆزە عەرەبييە سوونەکانی سووريا لەو ناوچانە پڕ چەک دەکات، بۆ ئەوەی بتوانن شەڕی ميليشيا ئێرانييەکان بکەن و دووریان بخەنەوە لەسەر سنوور. سوونەی عيراق و ودەوڵەتی ئوردن پشتگيری ئەم پلانە دەکەن. ئيسرائيلش تەواو پشتگيری دەکات کە هێزە ئاسمانييەکەی زۆربەی کات ئامادەیە لەو ناوچانە و بنکە سەربازييەکانی ئێران بوردومان دەکات. ڕووسيا و ئێران و تورکيا و سووريا دژی ئەم پلانەن. تورکيا پێی خۆش نييە ئێران ئەو سنوورانە کۆنتڕۆڵ بکات، بەڵام لە نێوان ئەوەی کورد کۆنتڕۆڵی بکات یا ئێران، بە دڵنياییەوە ئێرانی دەيان جار پێ باشترە. تورکيا دەزانێت، لە سووريا، لە هەر شوین ئەمريکا ئامادە بێت، هەسەدە بەهێز دەبێت.
دەوترێت ئەمريکا بە نيازە هەسەدە و هۆزە عەرەبييەکان و هەندێک لە گروپە ئۆپۆزسيۆنەکان بۆ ئەم مەبەستە بەکاربهێنێت. بە پێی زانياری من، کە پشت بەستووە بە چەندين لێدوان ڕاپۆرت و هەواڵی ئينگليزی و ناوخۆی سووريا، لەگەڵ چەند کوردێکی ڕۆژئاوا کە ئاگاداری وردەکاری دۆخەکەن، هەسەدە ماوەیەک ڕازی نەبووە کە بەشدار بێت لەو پلانەی ئەمريکا، ئەوەش بە هۆی فشارەکانی ئێران کە لە ڕێگەی پەکەکەوە خستوویەتييە سەر هەسەدە. دەکرێت ئەوەش هۆکارێک بێت کە ئەمريکا دەيەوێت بۆ ئەو مەبەستە زیاتر پشت بە هۆزە عەرەبييەکان ببەستێت. هەندێک لەو هۆزە عەرەبييانە سەر بە هەسەدەن، یا پەيوەندييان باشە بە هەسەدەوە، ئەوەش خاڵێکی گرنگە.

 دەوترێت بە پێی ئەو پلانە، ئەمريکا دەيەوێت ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە زیاتر بکات، تا دەگاتە باشووری ڕۆژهەڵاتی سووريا سەر سنووری ئوردن. ئەمە ڕاستەوخۆ لێدانێکی جيوپۆلەتيکييە لە ئێران و خەونە گڵاوەکەی. هەسەدە بە فشاری پەکەکە، پێیوایە نابێت هەموو هێلکەکانی بخاتە ناو سەبەتەی ئەمريکا، لە ئەگەری کشانەوەی ئەمريکا دەبێت دەرەفەتێک بمێنێتەوە بۆ دانوستان لەگەڵ سووريا و ئێران و ڕووسيا. ئەمە لە ڕوویەکەوە لۆژيکييە، بەڵام لە ڕوویەکی ترەوە لەوانەیە لە دەستدانی هەلێک بێت کە دووبارە نابێتەوە. ڕوونە و ئاشکرایە، بێ ئەمريکا ڕۆژئاوای کوردستان ناتوانێت بۆ یەک هەناسەش بەردەوام بێت. مەحاڵە بەرەی ڕووسيا و سووريا و ئێران و تورکيا ڕێ بدەن ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوام بێت بۆ یەک ڕۆژيش. بۆیە هەر چەن خوێندنەوە و عاقلانيەت لە سياسەتدا گرنگە، بەڵام هەندێک کات لە بڕياری سياسی لەم جۆرە دۆخانەدا، لۆژيکی قومار هەیە، دەبێت یەکجار بڕيارێکی یەک لاکەرەوە بدرێت و بە تەواوی هەسەدە خۆی بداتە پاڵ ئەمريکا. ئەمەش بنەمایەکی لۆژيکی تێدایە، ڕۆژئاڤا ئەمريکا درووستی کردوە و دەيپارێزێت، هەر بە هۆی ئەمريکاوەش بەردەوام دەبیت.

لە ئێستادا ئێران پلان و بەرنامەی تەواوی هەیە بەردەوام بێت لە هێرش و فشارەکانی بۆ سەر ئەمريکا لەو ناوچەیەدا، ڕووسيا لەم دۆخەدا دەيەوێت لە ڕێگەی ئێرانەوە ململانێی ئەمريکا بکات لە سووريا بەهۆی سەرقاڵبوونی خۆی بە شەڕێ ئۆکرانياوە. ئەمريکاش لەسەر زاری بايدن، ماوەیەک پێش ئێستا وتی بەردەوام دەبين لەو ناوچانە. بە پێی پێدراوەکانيش، ئەمريکا هێز و چەکی زیاتر ڕەوانەی ئەو ناوچەیە دەکات و بەنيازە بنکەیەکی سەربازی نوێ بکاتەوە و ئامادەکراو بە چەکی نوێ و پێشکەوتوو. شایەنی باسە، بە پێی داتاکانی (جسور للدراسات) یەکێکە لە دەزگا هەرە باشەکان بۆ لێکۆلينەوە و خستنەڕووی داتا لەسەر دابەشبوونی هێزەکان لە سوريا، تا ناوەڕاستی ئەم ساڵ، ئێران ٥٧٠ بنکە و خاڵی سەربازی هەیە لە ناو سووريا. ئەمريکا و هاوپەيمانەکانی دەوروبەری ٣٠ بنکە و خاڵی سەربازييان هەیە. بەڵام لە ڕووی کواڵێتيەوە ئەو ٣٠ بنکە و خاڵە سەربازييەیی ئەمريکا زۆر کاريگەرتر و بەهێزترە لەو ٥٧٠ بنکە و خاڵە سەربازييەیی ئێران، کە زۆربەشی زیاتر سەرقاڵی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر و سيغە و بەدڕەوشتين.

 

هاوکات تورکيا و گروپە سوونييە تيرۆريستييەکانی سەر بە تورکيا ١٢٥ بنکە و خاڵی سەربازييان لە سوريادا هەیە. ڕووسيا لە ئێستادا ١٠٥ بنکە و خاڵی سەربازی هەیە، کە پێشتر زیاتر بوو.  زيادبوونی بنکە سەربازييەکانی ئێران و کەمبوونەوەی بنکە سەربازييەکان ڕووسيا، ڕاستەوخۆ پەيوەندی بە جەنگی ڕووسيا و ئۆکڕانياوە هەیە.
بە گشتی زیادبوونی ململانێی ئەمريکا لەگەڵ ڕووسيا و ئێران لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووريا دەکرێت لە بەرژەوەندی کورد بێت، وەک زۆربەی کات نا سەقامگيری لە ناوچەکە و جەنگ و ململانێ و شەڕی نێوان دەوڵەتەکان سوودی بۆ کورد هەبووە. لە هاوکێشەی سووريا خاڵێک کە زۆر گرنگە، لێدان لە بەرژەوەندی ئێران و ڕووسیا، تا ڕادەیەکی زۆر هاوکاتە بە لێدان لە بەژەوەندييەکانی تورکياش. چونکە بەرامبەر بە ڕۆژئاوای کوردستان، ئاشکرا بەرەیەکی دووژمن هەن کە بريتييە لە ڕووسيا-تورکيا-ئێران-سووريا کە هەر چواريان ئامانجيان سڕينەوەی ڕۆژئاوای کوردستان. لەبەرامبەدا ئەمريکا هەیە، ئاشکرایە کورد کەوتوەتە بەرەی ئەمريکا، ئەمريکا بەرژەوەندی لەوەدایە ڕۆژئاوای کوردستان بمێنێتەوە چونکە بە مانای هەژموونی ئەمريکایە بەرامبەر ئەو بەرە چوار قۆڵييە قێزەونە ستەمکارە. ئایا کورد پێويستە چی بکات لە ڕۆژئاوای کوردستان:

١. هەسەدە و ڕۆژئاڤا بيەوێت یا نا، تازە لە بەرەی ئەمريکایە و ئەو بەرە چوار قۆڵييە جگە لە سڕينەوەی ڕۆژئاڤا و چەککردنی هەسەدە بە هيچی تر ڕازی نابن. تا ئەمرۆش کە ناتوانن ئەو ئامانجەیان بهێننە دی تەنيا لەبەر هاوکاری و ئامادەیی ئەمريکایە لە ڕۆژئاوا. بۆیە هەسەدە پێويستە، بەڵکو ناچاريشە، هەموو هێلکەکانی خۆی بخاتە سەبەتەی ئەمريکا. ئەگەر ئەمريکا کشایەوە، ئەوا ئەگەر هەسەدە بە تەواوی لەگەڵ ئەمريکا بێت یا نا، ئەگەر هەندێک لە هێلکەکانيشی بخاتە سەبەتەی ئێران و سووريا و ڕووسيا، ئەوا هەر ڕۆژئاڤا دەسڕنەوە ئەو بەرەیە. بە کورتی مەجالی گەڕانەوە (خط الرجعة) نەماوە. بۆیە نابێت هيچ گلەیی و گومانێک لای ئەمريکا درووست بێت کە هەسەدە سۆزێک یا پەيوەندييەکی شاراوەی هەیە لەگەڵ بەرەی ئێران و سووريا و ڕووسيا، کە بەرەی تورکياشە لەو هاوکێشەیەدا.

٢. بە ڕێککەوتن لەگەڵ پەکەکە، بە فەرمی و بە واقعی، سەربەخۆیی تەواو بدرێت بە هەسەدە و هەژموونی پەکەکە بۆ ماوەیەکی کاتی نەمێنێت. ئەستەمە پەکەکە لە ئیستادا بتوانێت دژی ئێران بێت. لەم دۆخەشدا ئەستەمە ڕۆژئاڤا ئەگەر بەرژەوەندی خۆی بوێت، دژی ئێران نەبێت. دەرکردنی پەکەکە لەو هاوکێشەیەدا زۆر گرنگ و پێويستە. ئەوەی کە ڕۆژئاڤا دەپارێزێت سەد لە سەد ئەمريکایە، بێ ئەمريکا پەکەکە ناتوانێت ١٠ خولەک ڕۆژاڤا بپارێزێت بەرامبەر بەو بەرە بەهێز و وەحشی و قێزەونی دژە کوردە. پەکەکە دەبێت بزانێت، گوێرایەڵی کردنی تەواوی هەسەدە بۆ ئەمريکا، دژایەتی هەسەدە بۆ ئێران، لەم هاوکێشەیەدا لێدانێکی کەمەرشکێنە لە تورکيا. هەر وەک چۆن دژایەتی نەکردنی ئێران، گوێرایەڵی نەکردنی ئەمريکا لە لایەن هەسەدەوە، لەم هاوکێشەیەدا گەورەترين خزمەتە بە تورکيا.

٣. هەسەدە دەبێت هەموو هەوڵێک بدات لەگەڵ ئەمريکا هەندێک ڕێککەوتن و لەیەک تێگەيشتن بکات، وەک: داوا بکەن و هەوڵبدەن کە ئەمريکا ڕاهێنان بە چەکدارانی هەسەدە بکات لەسەر بەکارهێنانی ئەو چەکە نوێ و پێشکەوتووانە؛ ئەو چەکانە هەمووی یا بەشێکی بدرێن بە هەسەدە؛ ئەمريکا تەنيا بنکە سەربازی و شوێنەکانی خۆی نەپارێزێت، بەڵکو کۆی ڕۆژئاڤا و ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بپارێزێت؛ هەسەدە داوا بکات کە بنکە سەربازييەکانی ڕووسيا و ئەسەد و ئێران لە بەشێکی ڕۆژهەڵاتی فوڕات و ڕۆژئاوای کوردستان بدرێنەوە بە ئەمريکا و هەسەدە؛ درووستکردنی ڕێگایەک بۆ بەستنەوەی ناوچەکانی حەسەکە و قامشلۆ، زۆنە سەرەکييەکەی هەسەدە، بە زۆنی تەل رەفعەت و منبج، ئەوەش بە دوورخستنەوەی ئێران و سووريا دەبێت؛ هەسەدە هەوڵبدات کە ئەمريکا بە ناڕاستەوخۆ هاوکاری بکات بۆ هێرش کردنە سەر گروپە تيرۆريستيەکانی تورکيا، بە تايبەت ئازادکردنی عفرين ئامانجێکی گەورەیە.

٤. لەبەرامبەر ئەو داواکاری و دەستکەوتانەی کە هەسەدە لە ئەمريکای دەوێت، پێويستە هەسەدەش چەند شتێک بداتە ئەمريکا: گوێرایەڵی تەواوی ئەمريکا؛ ئامادەیی شەڕکردن لەگەڵ گروپە تيرۆريستييەکانی سەر بە ئێران؛ هەسەدە بە ڕوونی ئامادەیی خۆی دەرببڕێت بۆ جێبەجێ کردنی پلانەکەی ئەمريکا کە دەيەوێت بنکە سەربازييەکانی خۆی لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری ڕۆژهەڵاتی سووريا ببەستێتەوە بە بنکە سەربازييەکەی "التنف" لە باشووری ڕۆژهەڵاتی سووريا. دواجار ئەمە لە سوودی هەسەدە و کوردە، ڕووبەڕێکی گەورە دەچێتە ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، دەبنە خاوەن هەژموون لە ناوچەیەکی گرنگ کە عيراق و سووريا و ئوردن بەیەکتر دەبەستێتەوە، جگە لەوەی گورزێکی جيوپۆلەتيکی گەورەیە لە پڕۆژەی هيلالی شيعی و خەونی لەناوبردنی ڕۆژئاڤاش لە لایەن تورکياوە دەيان جار قوورستر دەکات.

٥. لەم کاتەدا و تا دۆخەکە یەک لا دەبێتەوە بۆ بەرژەوەندی کورد، هەسەدە بە هيچ جۆرێک نابێت ڕێگە بدات بە درووستبوونی هيچ حيزب و ڕێکخراو و گروپێکی سياسی لە ڕۆژئاڤا و ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی. بە هەموو شێوەیەک سەرهەڵدانی هەر گروپ و ڕێکخراو و ميديایەکی ئۆپۆزسيۆن دەبێت قەدەغە بکرێت و ئەگەر پێويستی کرد سەرکوت بکرێت. چونکە درووست بوونی دووەم حيزب یا گروپی سياسی کوردی لە ڕۆژاڤا، واتە سەرهەڵدانی خيانەت و جاشایەتی. ئەو کات ئەو گروپە پەنا دەباتە بەر تورکيا و هەسەدەش پەنا دەباتە بەر ئێران بۆ ئەوەی خۆیان لە یەکتر بپارێزن، تورکيا و ئێرانيش زۆر شارەزاترن لە ئەمريکا لەوەی چۆن ململانێی دوو گروپی کوردی بقۆزنەوە بۆ لێدان لە کورد و بۆ بەرژەوەندی خۆیان.

٦. ئەو هۆزە عەرەبی و گروپە ئۆپۆزسيۆنانەی کە ئەمريکا ئامادەیان دەکات و پڕ چەکيان دەکات، پێويستە هەسەدە هەژموونی بەسەرياندا هەبێت و هەوڵبدات هەر هەموویان بخاتە ژێر رکێفی خۆی. چونکە هەمووان سەر بە ئەمريکان، ئاشکرایە هەسەدە گرنگترين و بەهیزترين گروپی سەر بە ئەمريکایە لە سووريا. پێويستە هەسەدە وا بکات کە ئەمريکا لە ڕێگەی هەسەدەوە ئەو گروپانە ئاڕاستە بکات و پڕ چەکيان بکات. دواجار ئەو گروپ و هۆزانە عەرەبن، واتە وەک بەشار و ئەردۆگان دووژمنی ڕۆژئاوان. واتە ئەگەر ئێران و ئەسەد دووربخرێنەوە لەو ناوچانە، ئەو کات هەر ئەو هۆزانە دەيانەوێت ڕۆژئاوا بسڕنەوە. بۆیە لە ئێستاوە پێويستە بزانن ئەو هۆز و گروپانە دەبێت لە ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بن،  هەر کات هەڵگەڕانەوە، هەسەدە بەهیزتر بێت و بتوانێت بەرگری لە کوردستان بکات.

٧. هاوکێشەی سووريا و ڕۆژهەڵاتی فوڕات بە جۆرێکە، جگە لە هێز هيچی تر ڕۆڵی تيا نييە. بۆیە لەم دۆخەدا کە دەکرێت ئەمريکا پێويستی بە هەسەدە هەبێت، هەسەدە دەتوانێت ئەو هەلە بقۆزێتەوە بۆ درووستکردنی سەرئێشە و هێرشی بەردەوام بۆ سەر تورکيا و گروپە تيرۆريستييەکانی سەر بە تورکيا لەو ناوچانەی کە تورکيا داگيریکردوون. ڕاگرتنی هاوسەنگی و دبلۆماسی و هەوڵدان کە وا خۆت دەربخەيت مرۆڤ دۆست و ئاشتيخوازی، لەم جۆرە هاوکێشانەدا نەک سوودی نييە بەڵکو زیانی گەورەی هەیە. لەم جۆرە هاوکێشانەدا تەنيا ئەوە گرنگە کە هەموو لایەنەکان بزانن توانای شەڕکردنت چەنە و دەتوانی چەنێک زیان بدەيت لە نەيارەکان، چەنێک تواناکە زیاتر بوو، ئەوەندە زیاتر دەستکەوت بەدەست دێت.

٨. هەسەدە هەموو هەوڵێک بدات کە ئەمريکا جگە لە هەسەدە بەديل و دۆستی تری نەبێت لە سووريا. واتە ئەمريکا دڵنيابێت لەوەی بە بێ هەسەدە، هيچ گروپێکی تر ناتوانێت بەرژەوەندييەکانی بپارێزێت لەو ناوچەیەدا.