کوردستان

04:58 - 27/01/2019

پارتی و یه‌كێتی به‌پلانێكی نوێوه‌ كێشه‌كانی نێوان چاره‌سه‌رده‌كه‌ن‌

پەیسەر

پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، دوو لیژنەی جیاواز بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوانیان پێكدەهێنن و لیژنەیەكیان چوار ساڵ دەمێنێتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییه‌كان، پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی رێككەوتوون لەسەر دروستكردنی دوو لیژنە بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوانیان.
لیژنەیەكیان تایبەت دەبێت بە دۆخی كەركوك و گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی بەغداد و هەرێم و عەرەب و توركمانەكانی كەركوك دەكات بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخی پارێزگاكە و دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ شارەكە.
لیژنەی دووەم تایبەت دەبێت بەگفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت، سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت هەردوولا لەسەرئەوە كۆكن كە ئەو لیژنەیە بۆ ماوەی چوار ساڵ بمێنێتەوە بۆ ئەوەی یەكێتی و پارتی هەر كێشەیەكیان لەحكومەتدا هەبوو لەرێگەی ئەو لیژنەیەوە بخرێتە ڕوو هەرلایەنێكیشی گلەیی یان كێشەی هەبوو بخرێتە بەردەم لیژنەكە.
ئەركێكی تری ئەو لیژنەیە چاودێریكردنی رێككەوتنەكەی یەكێتی و پارتیە بۆ ئەوەی بزاندرێت چ لایەنێك پێوەی پابەندنابێت و پێشێلی دەكات.
به‌پێێ زانیارییه‌كان، یەكێتی و پارتی لەوە نزیك بوونەوە كە رێككەوتنێك هاوشێوەی رێككەوتنی ستراتیژی بەڵام بە دەستكاریەوە واژۆ بكەن و ئەو لیژنەیەش چاودێری جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە دەكات.