01:36 - 27/01/2019
پارتیو یەكێتی بەپرۆژەكەی ئەمریكا رازین
پارتی دیموكراتو یەكێتی نیشتیمانی، بەو پرۆژەیە رازین، كە ئەمریكا بۆ شاری كەركوك ئامادەیكردووەو بڕیارە لەمەولا گرنگی بەو شارە بدات.
ئەو هەڵوێستەی پارتیو یەكێتی لەدوای كۆبوونەوەیەكی باڵوێزخانەی ئەمریكا بووە لەگەڵ لایەنەكانی شاری كەركوك لەرۆژی پێنجشەممەی رابردوو، كە ئامانجی كۆبوونەوەكە بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخی شاری كەركوك بووە.
بەپێی قسەی شاخەوان عەبدوڵڵا، نوێنەری پارتی لەكۆبوونەوەكە، بەرپرسانی ئەمریكا لەو كۆبوونەوەیە ناوەڕۆكی پرۆژەیەكیان بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخی شاری كەركوك خستووەتەڕوو، كە پەیوەندی بەدۆخی ئەمنیو ئابووریو ئیداری شارەكە هەیە.
هەر بەقسەی شاخەوان عەبدوڵڵا بۆ پەیسەر پرێس، لایەنی ئەمریكی داوا دەكەن بەزوویی هێزەكانی پێشمەرگە بگەڕێنەوە و دەیانەوێت دۆخی شاری كەركوك ئاساییبكەنەوە.
لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرو هێرشی سوپای عێراقو هێزەكانی حەشدی شەعبی بۆ كەركوك، هێزەكانی پێشمەرگە لەو شارە كشانەوە، كە لەدوای ئەو رووداوانەش جاری یەكەمە لایەنی ئەمریكی بۆ دۆخی كەركوك دێتە سەر هێڵ.
شاخەوان عەبدوڵڵا، لەبارەی هەڵوێستی پارتی بۆ پرۆژەكەی ئەمریكا وتی: پارتی ماوەیەكی زۆرە داوای ئەو خاڵانەو جێبەجێكردنی دەكەین، بۆیە هەر لەكۆبوونەوەكە پشتگیری خۆمان بۆ راگەیاندووەو پشتگیری تەواویشی دەكەین.
پرۆژەكەی ئەمریكا بۆ كەركوك بەشێوەیەكە، كە لەرووی ئەمنییەوە، پاراستنی ناو شار بدرێتە دەست هێزە ناوخۆییەكان لەوانە پۆلیسو هێزەكانی تر، هەروەها هێزەكانی پێشمەرگەو سوپای عێراقیش رۆڵی پاراستنی دەرەوەی شاریان هەبێت.
هاوكات بۆ ئیدارەدانی شارەكەش داوای رێككەوتنی لایەنەكانیان بۆ دیاریكردنو هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ كردووە، لەرووی ئابووریشەوە، لەپرۆژەكەدا باس لەوە كراوە دەبێت كۆتایی بەهەناردەكردنی نەوتی شارەكە بەشێوەی قاچاغ بهێنرێت.
لایەنی یەكێتی-یش، كە هێزی براوەی یەكەمی پارێزگای كەركوكە، بەشداربوویەكی كۆبوونەوەكەی رۆژی پێنج شەممەی رابردوو بووەو ئەو حیزبەش لەبارەی پرۆژەكەی ئەمریكاوە، هەڵوێستی ئەرێنییەو دەیەوێت دۆخی كەركوك ئاسایی بكرێتەوە.
رێبوار تەها، نوێنەری یەكێتی لەكۆبوونەوەكە بۆ پەیسەرپرێس وتی: یەكێتی هەر لەسەرەتاوە ویستی ئەوەی نەبووە، كە دۆخی كەركوك تێكبچێت، بۆیە پشتگیری هەر هەوڵێك دەكەین، بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخی كەركوك بدرێت.
رێبوار تەها وتیشی: لەكۆبوونەوەكە وەك یەكێتی داوامانكردووە، بەزوویی كاربكرێت بۆ رێككەوتنو كاركردن بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخی كەركوكو بڕیارە لەو چوارچێوەیەش چەند كۆبوونەوەیەك لەنێوان لایەنو پێكهاتەكانی كەركوك بكرێت.
ئەمریكا بەم دوایانە دەستی بەگرنگیدان بەكەركوك كردووەو بۆ ئەو مەبەستەش ماوەیەكە لەسەر هێڵە، كە ماوەی پێشووش، هێزی رەوانەی بنكەی سەربازی "كەی وەن" لەباشووری كەركوك كردو داوای لەهێزە ئەمنییەكانی عێراق كرد، لەو بنكە سەربازییە بكشێنەوەو بۆ ئەوانی چۆڵ بكەن.