05:07 - 26/01/2019
یەكێتی پرۆژەیەك بۆ وەرگرتنەوەی پارێزگاری كەركوك دەداتە پارتی
یەكێتی پرۆژەیەك بۆ وەرگرتنەوەی پارێزگاری كەركوك دەداتە پارتی و لە دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەت جیای دەكاتەوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە یەكێتی نیشتمانی كوردستان پرۆژەیەكی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك داوەتە پارتی دیموكراتی كوردستان و بەپێی پرۆژەكەش پرسی كەركوك لە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت جیاكراوەتەوە و بەستراوەتەوە بە كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم.
یەكێتی لەپرۆژەكەیدا رایگەیاندووە، هەركاتێك پارتی بەوەرگرتنەوەی پارێزگاری كەركوك لەلایەن یەكێتیەوە رازی بوو، ئەوكاتە ئەوانیش بە كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم رازی دەبن، بەپێچەوانەشەوە هیچ سازشێك ناكەن.
سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، رازیبوونی یەكێتی بەجیاكردنەوەی پرسی پێكهێنانی حكومەت لە پارێزگاری كەركوك بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پارتی هیچ سازشێك بۆ ئەو داواكاریەی یەكێتی نەبووە، پارتی پێشنیاری ئەوەشی كردووە كە دوای پێكهێنانی كابینەی حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم یەكێتی و پارتی دەست بكەن بەگفتوگۆ بۆ ئەوەی پرسی ناوچە جێناكۆكەكان چارەسەر بكرێت.