04:20 - 26/01/2019
پارتیو یەكێتی بەپرۆژەكەی گۆڕان بۆ كارنامەی حكومەتی هەرێم رازین
پارتی دیموكراتو یەكێتی نیشتمانی بەو پرۆژەیەی گۆڕان رازین، كە بۆ كارنامەی حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان ئامادەیكردووە.
گۆڕان ، كە بە 12 كورسی سێیەمی هەڵبژاردنی 30 ئەیلوولی رابردوو بوو، هەرزوو رایگەیاند، بەپرۆژەیەكی گشتگیرەوە دەچنە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێ، كە پارتی سەرۆكایەتییەكەی وەردەگرێتو بڕیارە یەكێتی-یش بەشداری تێدا بكات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەزیاتر لەسەرچاوەیەكی ناو گفوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت دەست پەیسەرپرێس كەوتووە، لەماوەی رابردوو دوای ئەوەی گۆڕان ناوەڕۆكی پرۆژەكەی خستووەتە بەردەم پارتی دیموكرات، ئەو حیزبەش لەگفتوگۆكانی لەگەڵ یەكێتی باسی ناوەڕۆكی پرۆژەكەی گۆڕانی كردووە.
هەر بەپێی زانیارییەكان، پارتی لەگفتوكۆكانی لەگەڵ گۆڕان بەناوەڕۆكی پرۆژەكەی گۆڕان رازی بووە، هەروەها بەرپرسانی یەكێتی-یش رایانگەیاندووە، كە ئەوانیش لارییان نییە لەو پرۆژەیە، چونكە پرۆژەیەكی گشتگیرەو ئامانجی ئەوانیش لەبەشداریكردنی حكومەت، هەمان مەبەستە.
بۆ ئەو مەبەستە بڕیارە ئەم هەفتەیە، كۆبوونەوەیەكی سێ قۆڵی سەبارەت بەپێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەنێوان پارتی و یەكێتی و گۆڕان ئەنجامبرێتو لەناو كۆبوونەوەكەش باسی پرۆژەكە بكرێت.
فرسەت سۆفی، ئەندامی شاندی دانوستانی پارتی دیموكرات زانیارییەكانی بۆ پەیسەرپرێس پشتراستكردەوەو رایگەیاند، لەم هەفتەیە، بۆ ئامادەكردنی كارنامەی حكومەت، كۆبوونەوەی سێ قۆڵی نێوان پارتیو یەكێتی گۆڕان بەرێوەدەچێت.
فرسەت سۆفی راشیگەیاند، لەكۆبوونەوەكە تاوتوێی هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتو ئەنجامی ئەو گفتوگۆیانەش دەكرێت، كە لەنێوان لیژنە هاوبەشەكانی پێكهێنانی حكومەت ئەنجامدراوە.
پارتی وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، چەند گەڕێكی گفتوگۆی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان وەك دووەمو سێیەمی هەڵبژاردن بەرێوەبردووە، كە رەنگە لەنێوان ئەو حیزبە حكومەتی داهاتوو پێكبهێنرێت.
پێشتریش عەلی حەمەساڵح ئەندامی لیژنەی دانوستانی گۆڕان بەپەیسەرپرێسی راگەیاندبوو، ئەوان پرۆژەیەكی گشتگیرییان بۆ پێكهێنانی حكومەت ئامادەكردووەو لەسەر بنەمای ئەو پرۆژەیەش بەشداری لەكابینەی حكومەتی نوێ دەكەن.
عەلی حەمەساڵح راشیگەیاندبوو، پرۆژەكە دەبێتە وەك كارنامەیەك ئامادەكراوەو هەموو سێكتەرەكانی داراییو ئەمنیو ئیداریو نەوتو داهات دەگرێتەوە، كە بەجێبەجێكردنی هەنگاوی باش دەنرێت بۆ چاكسازی لەهەرێم.