کوردستان

10:59 - 26/01/2019

ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پارتى داوایه‌ك ئاڕاسته‌ى مه‌سرور بارزانى ده‌كات‌

پەیسەر

ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پارتى له‌دوایین كۆبوونه‌وه‌ى خۆى پێشنیازى كردووه‌، مه‌سرور بارزانى كاندیدى حزبه‌كه‌ بۆ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران خۆى به‌شدارى دانوستانه‌كان بكات، هاوكات بڕیاریداوه‌ كه‌ پاكێجێكى نوێ پێشكه‌شى گۆڕان بكرێت بۆ به‌شدارى ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ له‌ حكومه‌ت.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست په‌یسه‌رپرێس كه‌وتوون رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى رابردوو ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پارتى كۆبووه‌ته‌وه‌و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ مه‌سرور بارزانى داواى له‌ شاندى دانوستانكار كردووه‌، په‌له‌ بكرێت له‌ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت.

سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ په‌یسه‌ر ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، به‌شێك له‌ ئه‌ندامانى سه‌ركردایه‌تى پارتى داوایان له‌ مه‌سرور بارزانى كردووه‌، خۆى راسته‌وخۆ به‌شدارى دانوستانه‌كان بێت، ئه‌وه‌ش له‌پێناو زوو پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان.

هاوكات پارتى له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ بڕیاریداوه‌ پاكێجێكى نوێ پێشكه‌شى گۆڕان بكرێت بۆ به‌شدارییان له‌ حكومه‌ت، ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى گۆڕان له‌ دوایین كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ پارتى پێشنیارى ئه‌و حزبه‌ى بۆ شێوازی به‌شدارى له‌ حكومه‌ت ره‌تكردبووه‌وه‌و هاوكات ئاراسته‌ى بوونه‌ ئۆپۆزسیۆن له‌ناو گۆڕان زیاتربوون.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر له‌ناو جڤاتى نیشتیمانى و جڤاتى گشتى و خانه‌ى راپه‌ڕاندنیش ئاڕاسته‌ى بوونه‌ ئۆپۆزسیۆن زیاتربوون، ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى پارتى پاكێجێكى بۆ دابه‌شكردنى پۆسته‌كان راده‌ستى گۆڕان كردبوو، به‌ڵام گۆڕان پێداگرى له‌ پاكێجى خۆى كردووه‌ كه‌ جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت وه‌زاره‌تێكى سیادى و دوو وه‌زاره‌تى خزمه‌تگوزارى وه‌ربگرێت. 

هه‌روه‌ها گۆڕان پێداگرى كردووه‌ كه‌ كات دیاریبكرێت بۆ جێبه‌جێكردنى به‌رنامه‌كانى چاكسازى له‌نێو حكومه‌ت و كابینه‌یه‌كى به‌هێز دروستبكرێت و سندقى داهاته‌ نه‌وتییه‌كان پێكبهێندرێت و كه‌رتى نه‌وت شه‌فاف بكرێت.