کوردستان

09:34 - 26/01/2019

پارتی دەیەوێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەرهەم ساڵح ئاسایی بكاتەوە‌

پەیسەر

پارتی دیموكراتی كوردستان، دەیەوێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمار ئاسایی بكاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش نێچیرڤان بارزانی لەسەر خەتەو نێوەنگیری دەكات.

پارتی دیموكرات لەمانگی 10ی ساڵی رابردووەوە، پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەرهەم ساڵح تێكچووە، دوای ئەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی بۆ سەرۆك كۆماری عێراق كاندیدی كردو لەبەرانبەر كاندیدەكەی پارتی براوە بوو.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دەست پەیسەرپرێس كەوتووە، نێچیرڤان بارزانی لەناوخۆی پارتی باسی لەوە كردووە، كە گرنگە وەك پارتی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ بەرهەم ساڵح ئاسایی بكەنەوە، چونكە كێشەكان لەبەرژەوەندی ئەوان نییە.

هەر بەپێی زانیارییەكان نێچیرڤان بارزانی باسی لەوەشكردووە، كە ئێستاو بەهۆی پۆستی سەرۆك كۆمارەوە بەرهەم ساڵح بووەتە ئەمری واقیع‌و پارتی-یش نابێت خۆی لێ بەدووربگرێت، چونكە لەسەر ئاستی ناوخۆیی‌و هەرێمی نێودەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.

پەیسەرپرێس ئەوەشی زانیوە، لەو چوارچێوەیە، نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی لەگەڵ بەرپرسانی یەكێتی‌و كەسانی نزیك لەبەرهەم ساڵح لەلایەك‌و لەگەڵ بەرپرسانی حیزبەكەی بەتایبەتی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لەسەر هێڵە، بۆ ئەوەی كۆتایی بەو گرژییە بهێنێت لەنێوانیان هەیە.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە بەهۆی هەوڵەكانی نێچیرڤان بارزانییەوە، رەنگە بەم نزیكانە بەرهەم ساڵح سەردانی هەولێرو بكات‌و لەگەڵ بەرپرسانی پارتی كۆبوونەوەو گفتوگۆكانی دەستپێبكاتەوە.

پارتی بەبیانووی ئەوەی سەركردایەتی یەكێتی بەبێ‌ گەڕانەوەو راوێژكردن پێیان، بەرهەم ساڵح-یان كاندیدكردووە بۆ سەرۆك كۆمار، پەیوەندییەكانی لەگەڵ ناوبراو بچڕی.