کوردستان

11:02 - 24/01/2019

پارتی هەموو هەوڵێك دەدا حاكم ئەركان نەبێتە وەزیری داد‌

پەیسەر

پارتی دیموكراتی كوردستان هەموو هەوڵێك دەدا حاكم ئەركان قادر نەبێتە وەزیری دادی عێراق‌و بۆ ئەو مەبەستەش مەسعود بارزانی لەسەر هێڵە.

بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس، پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەوەی رێگری لەوە بكات، ئەو كاندیدە نەبێتە وەزیری داد، هەڕەشەی كشانەوەی وەزیرەكانی لەكابینەكانی عادل عەبدولمەهدی كردووە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، خودی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لەسەر هێڵەو پەیوەندی بەسەرۆكی پەرلەمانی عێراق‌و سەرۆك وەزیران كردووە، كە نابێت پۆستی وەزیری داد بدرێت بەیەكێتی‌و بەردەوامیشە لەهەوڵەكانی بۆ ئەوەی رێگری بكات.

شەوی رابردوو پەرلەمانی عێراق كۆبووەوەو تەوەرێكی كۆبوونەوەكەش بۆ دەنگدانبوو لەسەر كاندیدی وەزارەتەكانی (ناوخۆ، بەرگری، داد)، تائێستا بە بەتاڵی لەكابینەكەی عادل عەبدولمەهدی ماون، ئەمە جگە بەدەنگدان بەوەزیری نوێی پەروەردە، ئەوەش دوای دەستلەكاركێشانەوەی وەزیرەكەی ئەو وەزارەتە.

یەكێتی نیشتمانی، پۆستی وەزیری داد بەمافی بەركەوتەی هەڵبژاردنی خۆی دەزانێت‌و لەو چوارچێوەش حاكم ئةركان قادرى ئەندامی سەركردایەتی بۆ كاندیدكردووە، بەڵام پارتی بەهۆی ئەوەی یەكێتی پۆستی سەرۆك كۆماری وەرگرتووە، نایەوێت ئەو حیزبە لەكابینەكەی عادل عەبدولمەهدی هیچ پۆستێكی وەزاری وەربگرێت.

پەیسەرپرێس ئەوەشی زانیوە، درەنگانێكی شەوی رابردوو دوای ئەوەی پرۆژەیاسای بودجە پەسەندكراوە، سەرۆكی پەرلەمان داوای كردووە، ناوی كاندیدی وەزارەتی داد بخوێنرێتەوە، بەڵام پەرلەمانتارانی پارتی‌و چەند پەرلەمانتارێكی تر هاتوونەتە دەرەوەو بەوەش رێژەی یاسایی كێشەی بۆ دروست بووەو كۆبوونەوەكە بۆ ئەمڕۆ پێنجشەممە دواخراوە.