کوردستان

11:30 - 23/01/2019

بزوتنەوەی گۆڕان پێشنیارێكی پارتی رەتدەكاتەوە‌

پەیسەر

بزوتنەوەی گۆڕان پێشنیارێكی پارتی دیموكرتی كوردستان دەربارەی دابەشكردنی پۆستەكان رەتدەكاتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، لەكۆبونەوەكەی رۆژی سێشەممەی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان كە لەشاری هەولێر بەرێوەچوو، گفتوگۆ لەسەر دوو تەوەركراوە.

به‌پێی زانیارییه‌كان، تەوەری یەكەمی كۆبوونه‌وه‌كه‌، تایبەت بووە بەكارنامەی حكومەت و لەو تەوەرەدا بزوتنەوەی گۆڕان پرۆژەیەكی خۆی خستوه‌ته‌ به‌رده‌ستی پارتی و پارتیش هیچ كێشەیەكی لەگەڵ پرۆژەكە نەبووە.

سەبارەت بە پۆستەكانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، پارتی پێشنیاری ئەوەی كردووە كە وەزارەتی پلاندانان و پەروەردە و شارەوانی و سه‌رۆكی ده‌سته‌یه‌ك و جێگری سەرۆكی هەرێم بدرێتە بزوتنەوەی گۆران، بەڵام بزوتنەوەی گۆران پێشنیارەكەی پارتی رەتكردۆتەوە و رایگەیاندووە جێگری سەرۆكی حكومەیت و چەند وەزارەتێكی بەمافی خۆیان دەزانن كە وەزارەتی سیادیشی تێدابێت.
هەروەها بزوتنەوەی گۆڕان داوای ژمارەیەك بریكار وەزیر و بەرێوەبەری گشتی و دوو ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كردووە.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت وەفدی پارتی رایانگەیاندووە داواكاریەكانی گۆران دەبەنەوە بۆ مەكتەبی سیاسی بۆ ئەوەی لەوێ بریاریان لەسەر بدرێت.