کوردستان

12:28 - 22/01/2019

هه‌ڵوێستى یه‌كێتى سەبارەت بە كاندیدى نوێى وه‌زیرى داد‌

پەیسەر

دوای ئه‌وه‌ی جارێكی تر سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، ناوی كاندیده‌كه‌ی بۆ وه‌رگرتنی وه‌زاره‌تی داد گۆڕی، به‌ڵام هێشتا یه‌كێتی نیشتیمانی سوره‌ له‌سه‌ر ده‌نگنه‌دان به‌و وه‌زیره‌ و ده‌یه‌وێت ئه‌و پۆسته‌ بۆ كاندیدی خۆی بێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان  فراكسیۆنی حزبەكەی لە ئەنجومەنی نوێنەران ئاگاداركردۆتەوە كە دەن بە ئەركان قادر كاندیدە نوێكەی وەزیری دادی عێراق نەدەن.

به‌پێی ئه‌و نوسراوه‌ی عادل عه‌لدومه‌هدی ره‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی كردووه‌ داوایكردووه‌، ناوی دادوه‌ر ئه‌ركان قادر وه‌لی، بۆ پۆستی وه‌زیری داد و ناوی سفانه‌ حسێن عه‌لی، بۆ وه‌زیری په‌روه‌رده‌ په‌سه‌ند بكرێت.

یه‌كێتی سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ بۆ كاندیدی حیزبه‌كه‌ی بێت، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ ململانێیه‌كی توندان له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌، تا ئێستا كاندیده‌كه‌ی یه‌كێتی نه‌یتوانیوه‌ ئه‌و پۆسته‌ وه‌ربگرێت.

یه‌كێتی چه‌ندین جار هه‌وڵیدا له‌گه‌ڵ پارتی له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌ بگه‌نه‌ رێكه‌وتن، به‌ڵام هه‌وڵه‌كانی بێ ئه‌نجامبوون، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ تا ئێستا سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق سێ كاندیدی بۆ ئه‌و پۆسته‌ ده‌ستنیشانكردووه‌، به‌ڵام نه‌توانرا متمانه‌ی په‌رله‌مان به‌ده‌ستبهێنێت.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاندووە خالید شوانی تاكە كاندیدی ئەوانە بۆ وەزیری داد و تەنها دەنگ بەو كاندیدە دەدەن.
سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەشڵێت، یەكێتی رایگەیاندووە هیچ لایەنێك بەفەرمی دانوستانی لەگەڵ نەكردوون بۆ گۆڕینی كاندیدەكەیان بۆیە ئەگەر بە فەرمی داوایان لێبكرێت ئەو كاتە ئامادەن بڕیاری لەبارەوە بدەن.