کوردستان

11:40 - 22/01/2019

عادل عەبدولمەهدی پەیامێك ئاراستەی فراكسیۆنە كوردستانیەكان دەكات‌

پەیسەر

سەرۆك وەزیرانی عێراق دەربارەی پرۆژەیاسای بودجە، پەیامێك ئاراستەی فراكسیۆنە كوردستانیەكانی ئەنجومەنی نوێنەران دەكات.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لە فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانه‌وه‌ دەستی كەوتووە، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەرێگەی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەیامێكی ئاراستەی فراكسیۆنەكوردستانیەكانی ئەنجومەنی نوێنەران كردووە.

سەرچاوەكەی پەیسەرپریس دەڵێت، سەرۆك وەزیران لەپەیامەكەیدا رایگەیاندووە با فراكسیۆنە كوردستانیەكان ئاستەنگ بۆ تێپەراندنی  پرۆژەیاسای  بودجەی ساڵی 2019 دروست نەكەن، چونكە دوای پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، بەغداد و هەرێم دەست بەگفتوگۆی جدی دەكەن بۆ چارەسەری كێشە داراییەكان و قەرزەكانی نێوانیان و فرۆشتنی نەوت.

سەرۆك وەزیرانی عێراق دەیەوێت، بودجەی 2019 لەوە زیاتر دوانەكەوێت هەروەها كورد بۆیەكەم جار دوای چوار ساڵ دەنگ بە یاسای بودجە بدەن.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەشڵێت، هەوڵی عادل عەبدولمەهدی بۆ رازیكردنی دڵی كورد دوای ئەوە دێت كە نه‌یتوانی دڵی لایەنە سوننەكان ( كە ناوچەكانیان بە وێرانە دەزانن و دوای بودجەی زیاتر دەكەن) و لایەنە شیعیەكان ( بەتایبەتی پارێزگای بەسرە و پارێزگاكانی بەرهەمهێنی نەوت) رازی بكات دەنگ بە بودجە بدەن.