کوردستان

06:17 - 21/01/2019

عادل عه‌بدولمه‌هدى ناوى كاندیدى وه‌زیرى دادى گۆڕى‌

پەیسەر

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست په‌یسه‌ر پرێس كه‌وتوون، عادل عه‌بدولمه‌هدى كاندیدى وه‌زیرى دادى گۆڕیوه‌و ناوى كه‌سێكى دیكه‌ى ره‌وانه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كردووه‌.

به‌پێى ئه‌و نوسراوه‌ى عادل عه‌لدومه‌هدى ره‌وانه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقى كردووه‌ داوایكردووه‌، ناوى دادوه‌ر ئه‌ركان قادر وه‌لى، بۆ پۆستى وه‌زیرى داد په‌سه‌ند بكرێت و ناوى سفانه‌ حسێن عه‌لى، بۆ وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ په‌سه‌ند بكرێت.

عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیران له‌ نوسراوه‌كه‌یدا بۆ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ده‌ڵێت،"ئێمه‌ رێزى خواستى لایه‌نه‌كان ده‌گرین بۆ په‌سه‌ندكردنى كاندیده‌كانیان به‌ڵام ئه‌داى حكومه‌ت خاوه‌ بۆیه‌ هه‌وڵئه‌ده‌ین له‌ ماوه‌یه‌كى كورتدا ناوى كاندیده‌كانى وه‌زیرى ناوخۆو به‌رگریش ره‌وانه‌ بكه‌ین".

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى په‌یسه‌ر له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، ئه‌و دادوه‌ره‌ى عه‌بدولمه‌هدى ره‌وانه‌يكردووه‌ وه‌ك كاندیدى وه‌زیرى داد، به‌ نزیك له‌ پارتى هه‌ژمارده‌كرێت.