کوردستان

06:05 - 19/01/2019

په‌یسه‌رپرێس به‌شێك له‌ پڕۆژه‌كه‌ی گۆڕان بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت بڵاوده‌كاته‌وه‌‌

پەیسەر

لەكۆبونەوەی هەفتەی رابردووی بزوتنەوەی گۆران و پارتی دیموكراتی كوردستان، پارتی پرۆژەكەی گۆڕانی وەك خۆی قبوڵ كردووە و ئامادەی دەربڕیوە لەماوەی چوارساڵی داهاتوودا كار بۆ جێبەجێكردنی بكات پرۆژەكەی گۆران سەبارەت بە چاكسازی ئەم بوارانەی لەخۆ گرتووە.
لەبواری دارایی:
1. كۆتایی هێنان بە سیستمی پاشەكەوتی موچە و گەراندنەوەی موچە پاشەكەوت كراوەكانی فەرمانبەران.
2. كاركردن بەیاسای سندوقی داهاتی نەوت و غاز و گەڕانەوەی تەواوی پارەی فرۆشتنی نەوت و غازی هەرێم بۆ ئەو سندوقە.
3. شەفافیەت لەكەرتی نەوت و وزەی هەرێم و خستنەڕووی گرێبەستەكانی نەوت و غاز بۆ پەرلەمان.
4. ئامادەكردنی بودجە و پەسەندكردنی ساڵانە لەلایەن پەرلەمانەوە بەبێ هیچ دواخستنێك.
5. خستنەوەگەڕی پرۆژە خزمەتگوزاریەكان لەسەر بنەمای گرنگی.
لەبواری سەربازی
1. یەكگرتنەوەی تەواوی هێزەچەكدارەكانی هەرێم و هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی 70 و 80 و پێداچونەوە بە پلە سەربازیەكان و یەكخستنی موچە و دەرماڵەی هێزەكانی پێشمەرگە.
2. یەكگرتنەوەی هێزەكانی ئاسایش و نەهێشتنی مۆركی دوو ئیدارەی بەو هێزانەوە.
لەبواری كارگێریدا
1. حكومەتی هەرێم دەسەڵاتی تەواوەتی بەسەر سەرجەم پارێزگاكاندا هەبێت و بەیەك چاو سەیریان بكات
2. دابەزاندنی دەسەڵات بۆ پارێزگارەكان، و هەمواركردنەوەی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان بەجۆرێك كە لەگەڵ سیستمی لامەركەزیەت بگونجێت.
3. كاركردن بۆ نەهێشتنی رۆتینات و چاكسازی گشتی لە سیستمی كارگێریدا
لەبواری چاودێری
1. كاركردنەوەی دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی دەست پاكی
2. زیاد كردنی دەسەڵاتی چاودێری پەرلەمان و پەرلەمانتاران، نەهێشتنی رێگری بۆ بەدواداچوونی پەرلەمانتاران.
دەركردنی یاسا
1. دەركردنی ژمارەیەك یاسا كەپەیوەندیان بە چاكسازی كەرتەكانەوە هەیە لەهەرێمی كوردستان لەماوەی یەك ساڵی یەكەمدا.
2. دەركردنی ئەو یاسایانەی بەهۆی نەبوونی سازانی نیشتمانی پەكیان كەوتووە
3. نوسینی دەستوری هەرێم بەمەرجێك سیستمی پەرلەمانی تێیدا رەنگ بداتەوە
كێشە هەڵپەسێردراوەكان
دروستكردنی دەستەیەك بۆ مامەڵەكردنی هەرێم لەگەڵ بەغداد سەبارەت بەكێشەكانی هەرێم و حكومەتی ناوەندی بەمەرجێك ئەو لیژنەیە لەبەردەم پەرلەمان بەرپرسیار بێت.
پەیوەندیەكانی دەرەوە
1. گۆرینی پەیوەندیەكانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە لە پەیوەندی شەخس و حزبەوە بۆ پەیوەندی هەرێم و وڵاتان لەسەربنەمای بەرژوەندی هاوبەش.
2. پێداچوونەوە بە كاری پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم
سەربەخۆی دادوەری 
1. كاركردن بۆ سەربەخۆی دەسەڵاتی دادوەری و دەست وەرنەدان لەكاروباریان
2. چاكسازی و گۆڕانكاری لە سیستمی كاركردنی دەسەڵاتی دادوەری بەمەرجێك سەربەخۆی ئەو دەسەڵاتە پێشێل نەكرێت.