04:33 - 19/01/2019
نازم دەباغ: لەپرسی گەمارۆكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران هەولێر لەژێر فشاری واشنتۆندایە
نوێنەری هەرێمی كوردستان لەتاران، دانی بەوەدانا، كە لەپرسی گەمارۆكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران هەولێر لەژێر فشاری واشنتۆندایە.
نازم دەباغ لەمیانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئیرۆنیوز، دەڵێت: هەرێمی كوردستان لەلایەن ئەمریكاوە بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا لەژێر فشاردایە، فشارەكانیش بەشێكیان ئاشكرایەو بەشێكی تریشیان نائاشكرا، بەبێ ئەوەی ئامادەبێت باسی وردەكاری فشارەكان بكات.
نوێنەری حكومەتی هەرێم لەتاران دەشڵێت: لەگەڵ بوونی ئەو فشارانە، بەڵام هەرێمی كوردستانو تەنانەت عێراق-یش زیاتر لەبیری ئەوەن بەرژەوەندییەكانیان لەگەڵ ئێران بپارێزن، نەك بچنە ژێر هەڕەشەكانی ئەمریكا.
كاریگەری ئەمریكا بەسەر هەولێرو بەغداوە لەپرسی گەمارۆكانی سەر ئێران سنووردارە
دەباغ جەختی لەوە كردووەتەوە، كە كاریگەری ئەمریكا بەسەر هەولێرو بەغداوە لەپرسی گەمارۆكانی سەر ئێران سنووردارە، بۆیە ئەستەمە هەردوو حكومەتی هەرێمو عێراق بچنە ژێر باری جێبەجێكردنی ئەو داواكارییانەی واشنتۆن لەو بارەوە هەیانە.
لەبارەی گرژییەكانی نێوان ئەمریكاو ئێرانو ئەگەری پێكدادانی سەربازی، نوێنەرەكەی حكومەتی هەرێم لەتاران بەدووری دەزانێت، كە عێراق ڕێگە ئەمریكا بدات خاكی وڵاتەكەی بۆ هێرشكردنە سەر ئێران بەكاربهێنێت، چونكە بەرژەوەندی بەغدا لەوە نییە.
ئەمریكا نایەوێت بازرگانی نەوتی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران بەردەوامبێت
پێشتر پەیسەر پێس لەهەواڵێك بڵاویكردبووەوە، كە ئەمریكا نایەوێت بازرگانی نەوتی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران بەردەوامبێت، لەرێگەی شاندێكی سەربازییەوە ئەو پەیامەی گەیاندووەتە هەریەك لە مەسرور بارزانی و لاهور شێخ جەنگی و بەرپرسانی هەولێر و سلێمانی.
دۆناڵد ترەمپ لە چەند رۆژی رابردوو لە چەند گوتەیەكیدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند، ئەوان وەك پشتیوانی كوردەكان دەمێننەوە، بەم رستەیەش ناڕەزایی لە سیاسەتی كورد دەربڕی"تۆزێك نەوتیان هەیە دەیفرۆشن بە ئێران، پێشمانگوتوون نەوت بە ئێران مەفرۆشن"ئەوەش بەمانای ئەوەیە كورد نابێت لە ئێران نزیك ببێتەوە.
لەماوەی ١٥ ساڵی رابردوودا هەرێمی كوردستان و لەناو هەرێمیشدا بە تایبەت یەكێتی نیشتمانی كوردستان نەوتی بە ئێران فرۆشتووە، مەلا بەختیار كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی لەدوایین نوسینیدا گوتی"لەچاڵگە نەوتەكانی (جمبور) لەناحیەی تازە خورماتووی كەركوكدا، رۆژانە ئێستاش ٣٠ هەزار بەرمیل نەوت، بە كاروانی تەنكەری بەرپرسان تاڵان دەكرێت، شەوانە بەرەو سلێمانی رێچكە دەبەستن".
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بە پەیسەر پرێس، ئەمریكا بۆ ئەو مەبەستە هاتووەتە سەر هێڵ و دەیەوێت كۆتایی بەو بازرگانییە نەوتە بهێنێت، كە لەنێوان هەرێمی كوردستانو ئێران هەیە.
شاندهكهی ئهمریكا بهرپرسانی ههرێمی ئاگاداركردوهتهوه كه نابێت بارزگانی نهوت لهگهڵ ئێران بهردهوام بێت
هەر بەپێی زانیارییەكان، هاتنی شاندێكی سەربازی بۆ هەرێمی كوردستان و كۆبوونەوەی شاندەكە لەگەڵ بەرپرسانی پارتی و یەكێتی، پەیوەندی بەوەوە هەبووەو ئاگاداریان كردوونەتەوە، كە نابێت ئەو بارزگانییە بەردەوامی هەبێت.
شاندەكە رۆژی سێ شەممەی رابردوو لەگەڵ جەلال شێخ ناجی بەرپرسی هەواڵگری پێشمەرگە، پۆڵاد شێخ جەنگی بەرپرسی هێزە تایبەتەكانی دژە تیرۆر، لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی ئاژانسی پاراستنیو زانیاری/ زانیاری هەرێم كۆبوونەوە، كە ژەنەراڵ پاتریك ڕۆبەرسۆن فەرماندەی گشتی تیمی هاوبەشی ئۆپراسیۆنە تایبەتییەكان لەعێراق و سوریا سەرۆكایەتی كردووە.
هەمان شاند رۆژی چوارشەممەی رابردوو لەگەڵ مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان كوردستان كۆبوونەوە، بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەیەكی تایبەت لەو كۆبوونەوانە شاندە ئەمریكییەكە نیگەرانی خۆیان لەو بازرگانییە نەوتییەی هەرێمی كوردستان و ئێران گەیاندووە.
نیگەرانییەكانی ئەمریكا پەیوەندی بەو گەمارۆ ئابوورییەی واشنتۆن بۆ سەر ئێران هەیە، كە لەساڵی رابردووەوە خستوویەتییە سەر ئەو وڵاتەو دەیەوێت ئاستی هەناردەی نەوتی ئێران سفر بكاتەوە، بۆیە فشار دەخاتە سەر ئەو وڵات و لایەنو كۆمپانیایانەی بازرگانی لەگەڵ دەكەن، بەتایبەتی بازرگانی نەوت.