کوردستان

05:32 - 07/12/2022

شاندی هه‌رێم ده‌چێته‌وه‌ به‌غدا‌

پەیسەر

ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی دیسەمبەری 2022، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوەو بڕیاردرا جارێكی دیكه‌ شاندی هه‌رێم سه‌ردانی به‌غدا بكاته‌وه‌.

بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە خستنەڕووی ئەنجامی سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا وکۆبوونەوەکانی شاندەکە لەگەڵ شاندی حکومەتی فیداڵی سەبارەت بە دۆسییەکانی ( بەشە بودجەی هەرێم، نەوت و گاز ، گومرگ ودەروازە سنوورییەکان ، دیوانی چاودێری دارایی ) کە لە لایەن دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان و ئەندامانی دیکەی شاندی حکومەت خرایەڕوو.

سەرۆک وەزیران وێڕای دەستخۆشیکردن لە ئەندامانی شاندەکە و پێزانینی بۆ هەوڵ و کۆششیان لە داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان. لە هەمانکاتدا جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە ئامادەبووە بۆ ئەوەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن. دووپاتیشی کردەوە کە ئێستا دەرفەتێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ پێکهێنانی حکومەت و مینهاجی وەزاری کابینەی نوێ کە لە 2022/10/27 لە ئەنجومەنی نوێنەرانیش پەسەند کرا و سیفەتی پابەندیی وەرگرت و ڕێکار و میکانیزمیی چارەسەری کێشەکانی دەستنیشان کردووە.

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا شاندی هەرێمی کوردستان بۆ درێژەدان بە گفتوگۆ و دانوستان لە ڕۆژانی داهاتوودا، سەردانی بەغدا بکاتەوە و لیژنە لاوەکییەکانی هاوبەشی هەردوولا دەست بە کۆبوونەوەکانیان بکەن، بە ئاراستەی گەیشتن بە چارەسەری هاوبەش لەسەر بنەمای ئەو نەخشە ڕێگایەی لە کۆبوونەوەکە پەسەندکرا، لە هەمانکاتدا لیژنەیەکی وەزاریی قانونی لە ناو ئەنجومەنی وەزیران ڕاسپێردرا بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و کەسانی پسپۆڕ و شارەزا، ئامادەسازیی پێویست بکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕگانەی مينهاجی وەزاریی کە تایبەتن بە گەڵاڵەکردنی چەند پڕۆژە یاسایەک، لەوانە پڕۆژەیاساکانی (ئەنجومەنی فیدڕاڵیی، دادگای باڵای فیدڕاڵیی، نەوت وگاز) کە هاوئاهەنگیی لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان و فراکسیۆنە کوردستانیەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت بۆ ئەم مەبەستە و بەڵگەنامە و زانیاریی پێویستیان لەگەڵ هاوبەش بکرێت لە پێناوی چەسپاندن و بەرجەستەکردنی ماف و دەسەڵات وشایستەکانی هەرێمی کوردستان وەک ئەرکێکی نیشتیمانیی هەمووان.

لە بڕگەی دووەمدا، گفتوگۆ دەربارەی نەخشەڕێگا و میکانیزمی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کرا. ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لە بڕیاری حکومەتی فیدڕاڵی بۆ سەرلەنوێ پێکهینانەوەی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق دەکات کە بەشێکە لە مینهاجی وەزاری کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵی، داواش دەکات بودجەی پێویست بۆ ئەم لیژنەیە تەرخان بکرێت و پێداویستییەکانی دیکەی دابین بکرێت بۆ لابردنی ئەو لەمپەر و ئاستەنگانەی لەبەردەم جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستووردا هەن، لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لە ئەولەویەتی حکومەتی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستور و ڕێکارەکانی هاتوو لە مینهاجی وەزاریی، بۆ ئەم مەبەستەش، شاندی دانوستان و دەستەی ناوچە کوردستانیيەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و لیژنەی تەکنیکی پێکهاتوو بە بڕیارەکانی پێشووی ئەنجومەنی  وەزیران بۆ هاوئاهەنگیکردن لەگەل حکومەتی فیدڕاڵی ڕاسپارد بۆ تەواوکردنی قۆناغەکانی جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستوری هەمیشەیی عیراق و ئامادەسازیی پێویست بۆ جێبەجێکردنی ڕێکار و بڕگەکانی پەیوەندیدار بەم بابەتە لە ناو مینهاجی وەزاریی.

لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوە، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ، سەرنج و تێبینییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی لەسەر ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو لە عێراق خستەڕوو کە بە پێچەوانەی دەستووری عێراق ئامادەکراوە و وەک دەسەڵاتێکی ڕەهای فیدراڵی دەقەکانی پڕۆژەکە داڕێژراون، لە کاتێکدا بەگوێرەی ماددەی ( 114 /حەوتەم) لە دەستووری عێراق، بابەتی داڕشتنی سیاسەتی سەرچاوەکانی ئاو لە دەسەڵاتە هاوبەشەکانە و بەپێی ماددەی( 115) دەستوور، لە کاتی هەبوونی ناکۆکی، پێشەنگیی بۆ یاسای هەرێمەکانە .

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، هەروەها ئاماژەی بە بابەتی جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەنداوەکان لە هەرێم و نۆژەنکردنەوەیان و بەدەستهێنانی بودجە بۆ ئەم پڕۆژانە لە چوارچێوەی بودجەی سیادیی عێراق کرد.

سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە داڕشتن و بەڕێوەبردنی سیاسەتی سەرچاوەکانی ئاو، بەپێی دەستوور ڕێکخراوە و هەرێم بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداری ماف و دەسەڵاتە دەستووریەکانی خۆی نابێت و پێویستە حکومەتی فیدرالی و هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگ و هاوکاربن بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە سوود لە سەرچاوە ئاوییەکان وەربگیرێت کە سەرچاوەیەکی گرنگیی نیشتیمانییە، بەتایبەتی کە گۆڕانکارییەکانی ژینگە و کەشو هەوا هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان و بەداخەوە عێراق و هەرێمی کوردستانیش،  یەکێکن لەو ناوچانەی کە ڕووبەڕووی کاریگەرییە نەرێنییەکانی کەشوهەوا و بەبیابانبوون و وشکەساڵی و قەیرانی کەمبوونەوەی ئاو بوونەتەوە و ئەمەش وا لە هەموومان دەخوازێت کە هاوئاهەنگ و هاریکار بن بۆ کەمکردنەوە و سنووردارکردنی زیانەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا.