کوردستان

02:50 - 24/11/2022

مەزڵوم عەبدی: ئەردۆغان دەیەوێت ئەزمونی كورد لەناو ببات‌

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات ( هەسەدە) رایگەیاند:  ئەردۆغان دەیەوێت لە رێگەی هێرش بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان ئەزمونی کورد لە سوریای لەناو ببات و هێرشەکانیشی وەک بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ حزبەکەی بەکاربهێنێت.


مەزڵوم عەبدی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمەریکی، رایگەیاندووە، ئەوان پێشتر و ئێستاش دووپاتیدەکەنەوە، هیچ پەیوەندییەکیان بە تەقینەوەکەی ئیستانبوڵەوە نییە، ئەو کەسەی تەقینەوەکەی ئەنجامداوە لە ناوچەی ژێردەستی هێزەکانی نزیک لە تورکیاوە چووەتە ئیستانبوڵ.

مەزڵوم عەبدی، دەڵێت "بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان ناچاربوون ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی داعش رابگرن".
دوێنێ‌ توركیا بە فڕۆکەی جەنگی هێرشی کردە سەر کامپی هۆل، کە چەكدارانی داعش و زۆربەی خێزانەکانیانی تێیدا دەژین. 

 

هەر لە هێرشەكەدا ئەکادیمیایەکی سەربازیی لە ناوچەی تربەسپی و ناوچە نەوتییەکانیشی بۆردوومان کردووە. دوای بۆردومانەکە ئاگر لە ناوچەکە کەوتەوە.. فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانیش هێرشی کردوەتە سەر ناوەندێکی کارەبا لە گوندی مزگەوت لە ناوچەی تەربەسپی و ئاگری گرت.

 

هاوكات گوندی ئەسەدییەی سەر بە زرگان بۆردومان کراوە دوو گولـلە تۆپ بەر گەڕەکی مەیلەسۆنی شاری قامیشلۆ کەوتن. کۆمپانیای بیناسازیی نەورۆزی لە ناوچەی حیزام لەسەر سنووری قامیشلو بە تۆپ کرایە ئامانج. هەروەها لە سەربازگەکانی سەر سنوورەوە تەقە لە گوندی تل تشرین لە دربەسیە کرا. هێرشیش كراوەتە سەر گوندەکانی دێرجەمال و زیارەتی سەربە شەهبا.