کوردستان

04:06 - 15/11/2022

سەرۆک کۆمار بۆ دوو پرس لەگەڵ بارزانیدا کۆبووەوە‌

پەیسەر

لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق، دوای وەرگرتنی پۆستەکەی سەردانی هەولێری کرد و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم پێشوازی لێکرد و لەگەڵ مەسعود بارزانی کۆبووەوە.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لەتیف ڕەشید، لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکدا دوو تەوەری سەرەکی باسکراوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی "زەمەن" لەتیف ڕەشید دەیەوێت نێوەندگیری بکات لە نێوان یەکێتی و پارتیدا و ئەو گرژییەی ئێستا لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا دروستبووە بەرەو کەمبوونەوە و ڕێککەوتنی ببات، هەروەها دۆسییەی دووهەم دەیەوێت پەیامی حکومەتی عێڕاقی بگەیەنێت بە بەرپرسانی هەرێم بەتایبەت لە بارەی ئامادەکردنی ڕەشنوسی یاسای نەوت و گازی عێڕاق، کە ئەو ڕەشنوسە بە شێوەیەک بێت کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکات.

له‌باره‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌وه‌، باره‌گای بارزانی بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، بارودۆخی سیاسیی عێراق و پێشهاتەکانی ناو پڕۆسەی سیاسی و هەنگاوەکانی حکومەتی تازەی عێراق تاوتوێ کرا و هەردوولا پاڵپشتیی خۆیان بۆ حکومەتی عێراق  و جێبەجێکردنی بەرنامەکەی حکومەت دووپات کراوه‌ته‌وە.

هەر لەو دیدارەدا ڕۆشنایی خرایه‌سەر پەیوەندییەکانی عێراق و وڵاتان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و جەخت لە ڕۆڵ و پێگەی عێراق لە ناوەندە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان کرایەوە. هەروەها ئەوەش خرایە ڕوو کە پێویستە گرفتەکان دوور لە زمانی هەڕەشە و لەسەر بنەمای دیالۆگ چارەسەر بکرێن. به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌.