کوردستان

01:13 - 05/11/2022

یه‌كێتی: ناچینه‌ هه‌ڵبژاردنێكه‌وه‌ ته‌نها پارتی لێی رازی بێت‌

پەیسەر

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان جه‌خت له‌هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌نه‌وه‌و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شده‌كه‌ن هه‌رگیز ئاماده‌نین بچینه‌ هه‌ڵبژاردنێكه‌وه‌ كه‌پارتی ده‌یه‌وێت وه‌ك رابردوو پرۆسه‌یه‌كی شێواوی هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌ببرێت.

زیاد جه‌بار سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ میدیای فه‌رمی حزبه‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌: ئێمه‌  و هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ به‌رچاوڕونی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی له‌ نێوان یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كراوه‌، هه‌روه‌ها له‌ نێوان پارتی و گۆڕان كراوه‌ له‌ ساڵی ٢٠١٩ بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی ٩ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ روونی داواكراوه‌كه‌ به‌ سازان له‌ نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كان یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌موار بكرێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌موومان لامانوابووه‌ ئه‌م یاسایه‌ پڕه‌ له‌كه‌موكوڕی.

زیاد جه‌بار ده‌شڵێت: تائێستا بۆ هه‌ڵبژاردن كار به‌یاسایه‌ك ده‌كرێت كه‌ هی 30 ساڵ پێش ئێستایه‌، بۆیه‌ هه‌موو لایه‌كمان درك به‌وه‌ ده‌كه‌ین یاساكه‌ كه‌موكوڕی تێدایه‌ و پێویستده‌كات ئێمه‌ یاسایه‌كی نوێمان هه‌بێت.

به‌وته‌ی زیاد جه‌بار، هه‌ڵبژاردنی یه‌ك بازنه‌یی باوی نه‌ماوه‌و به‌ ته‌جروبه‌ بۆمان ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ یه‌ك بازنه‌یی ناتوانێت هاوسه‌نگی نێوان ناوچه‌كان و شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بپارێزێت، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ كه‌ لایه‌نه‌كان جگه‌ له‌پارتی فره‌بازنه‌ییان لا په‌سه‌ند بێت.

له‌باره‌ی كورسی پێكهاته‌كانه‌وه‌، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، دوو خاڵیان لا گرنگه‌، یه‌كه‌م.. نوێنه‌ره‌كان نوێنه‌رایه‌تی ده‌نگی راسته‌قینه‌ی پێكهاته‌كان بكه‌ن، دووه‌م نوێنه‌ری هه‌موو پێكهاته‌كان بن له‌هه‌موو ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا نه‌ك له‌ ناوچه‌یه‌كی دیاریكراودا، بۆ نمونه‌ له‌سلێمانی ژماره‌یه‌كی زۆر مه‌سیحی و كاكه‌یی هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ ماوه‌ی 30 ساڵی رابردوو یه‌ك جاریش مه‌سیحییه‌كی سلێمانی و كاكه‌ییه‌كان نوێنه‌ریان له‌په‌رله‌مان نه‌بووه‌و لای ئێمه‌ ئه‌مه‌ غه‌دره‌ له‌مه‌سیحییه‌كانی سلێمانی و كاكه‌ییه‌كان كراوه‌"، زیاد جه‌بار ئه‌وه‌ی وت.

وتی: یه‌كێتی ده‌یه‌وێت هه‌ڵبژاردنی ته‌واو شه‌فاف و بێ غه‌لوغه‌ش له‌هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامبدرێت، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وایكردوه‌ كه‌ نه‌چێته‌ ژێر هه‌ڵبژاردنێكی پڕ ساخته‌و ده‌نگی دووباره‌و مردووه‌وه‌.

سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی راشیگه‌یاندوه‌: یه‌كێتی هه‌رگیز ناچێته‌ هه‌ڵبژاردنێكه‌وه‌ كه‌ پارتی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی رێگه‌ نه‌دات تۆماری ده‌نگده‌ران پاكبكرێته‌وه‌و یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌موار بكرێته‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌مه‌ش وه‌زعی كۆمسیۆنه‌ به‌سه‌رچووه‌كه‌ی بێت.