07:56 - 01/11/2022
شاریقەی موسڵمانان و ھەڵەبجەی ئیخوانییەکان
شێركۆ كرمانج
من چوار ساڵ مامۆستا و دوو ساڵیش ھەم مامۆستا ھەم سەرۆکی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بووم لە زانکۆی شاریقە. ئەو چوار ساڵەش لە ئیمارەتی شاریقە لە ئیمارات دەژیام.
دوای چوار ساڵ مامۆستایەتی و ژیان ھەق بە خۆم دەدەم کە دوو قسە لەسەر زانکۆی شاریقە و ئیمارەتی شاریقە بکەم.
بەڵام سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە زانکۆی شاریقە ئەمساڵ ژمارە یەکە لە ئیمارات و ژمارە شەش سەدە لە جیھان.
ئیمارەتی شاریقە بەوە ناسراوە کە سەنتەری کەلتورییە لە ئیمارات و گرنگییەکی زۆر بە مێژوو و کەلتور و شارستانیەتی عەرەبی و ئیسلامی دەدات. ھۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە حاکمی ئیمارەتی شاریقە، کە سەرۆکی زانکۆی شاریقەش بوو بۆ ٢٤ ساڵ تا ساڵێک پێش ئێستا، خۆی ھەم مێژوونووسە ھەم ئەکادیمی، دەرچووی زانکۆی ئێگزیتەری بەریتانییە و ساڵانێک مامۆستای مێژوو بووە لە زانکۆی شاریقە.
شێخ سوڵتان کە حاکمی ئیمارەتی شاریقەیە لە نەوەی دامەزرێنەرانی ئیماراتە، واتە وەک شێخ زاید، باوکی شێخ محەمەد سەرۆکی ئێستای ئیمارات و شێخ ڕاشد، باوکی شێخ محەمەد حاکمی ئێستای دوبەی، لە باوکە دامەزرێنەرەکانی ئیماراتە.
واتە ئیمارەتی شاریقە تاکە ئیمارەتە کە کەسێک لە نەوەی یەکەمی ئیمارات حاکمی بێت.
ئیمارەتی شاریقە موحافیزکارترین ئیمارەتە لە حەوت ئیمارەتەکەی کە ئیمارات پێکدێنن. بۆ نموونە، فرۆشتن و خواردنەوەی ئەلکحۆل قەدەغەیە. کێشانی شیشە لە ھەموو شوێنێک قەدەغەیە.
مەلەکردن بە ستیان و مایۆ لە قەراغ دەریاکان قەدەغەیە. ھاوکات، زانکۆی شاریقە، کە وەک گوتم لە ڕانکینگ ژمارە یەکە، موحافیزکارترین زانکۆیە لە تەواوی ئیمارات. بۆ نموونە، بەشە پزیشکی و ھونەرییەکان و بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی لێدەرچێت ھەموو بەشەکانی دیکەی زانکۆ کچ و کوڕ تێکەڵ نین، تەنانەت کتێبخانەکانیشیان جیان.
سەرەڕای ئەو ھەموو موحافیزکارییە، ھەم لە ئیمارەتی شاریقە ھەم لە زانکۆی شاریقە، ئەمڕۆ کەس ڕێگری لە ئەنجامدانی سیمینارێک لەسەر پرسی جێندەر لە کۆلێجی ئاداب لە زانکۆی شاریقە نەکرد. لەبەرابەردا لە زانکۆی ھەڵەبجە ڕێگری لە ئەنجامدانی کارێکی ھاوشێوە کرا.
ئەمە زۆر شتمان پێدەڵێت بەڵام من ھەڵوەستە لەسەر دوو شت دەکەم.
یەکەم، ئەوە موحافیزکاریی کەلتوریی موسڵمانان نیە کە قەبوڵی ڕای جیاواز ناکات بەڵکو ئەوە موحافیزکاریی ئیخوانی ئیسلامی سیاسییە کە ئەو ڕێگرییە دەکات. ئەوە موسڵمانەکان نین کە داخراون بەسەر بیروبۆچوونی دیکە، ئەوە ئیخوانییە ئیسلامییەکانن کە نەک ھەر داخراون بەسەر ڕای جیاواز بەڵکو ناھێڵن خەڵکانی دیکەش گوێ لە دیدێکی دیکە بگرن.
دووەم، موحافیزکاری موسڵمان بۆ خۆی موحافیزکارە کەچی موحافیزکاری ئیخوانی ئیسلامی، سەلەفییەکانیش، نەک ھەر بۆ خۆی موحافیزکارە بەڵکو دیدی خۆی بەسەر ئەوانی دیکەش دادەسەپێنێت.
بەکورتی، ئەوەی لە زانکۆی ھەڵەبجە کرا نمایشێکی سیاسی ئیخوانی و سەلەفییەکان بوو نەک کردارێکی موسڵمانان.